كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بەهۆی قەیرانی سووتەمەنییەوە، دەوامی چەندین فەرمانگە و قوتابخانەی ئێران راگیرا یان كەم كرایەوە

ئەمڕۆ شەممە، 11ی کانوونی دووەمی 2025، ئاژانسی هەواڵی (ئێران ئینتەرناشناڵ) بڵاوی کردەوە: "بەهۆی قەیرانی سووتەمەنی لە ئێران، فەرمانگە و ناوەندە پەروەردەییەکانی ئیسفەهان، فارس، قوم، خوراسانی ڕەزەوی، خوراسانی باکوور، خوراسانی باشوور، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، ئەردەبیل، مازەندەران، هەمەدان، زەنجان و گۆڵستان، چەهەرمەهال و بەختیاری، ئەلبورز، کرمان، کرماشان، قەزوین، سێمنان و کوردستان داخراون. هەروەها فەرمانگە و ناوەندە پەروەردەییەکانی پارێزگای گەیلان، کاتژمێرێک زووتر ئەمڕۆ کۆتایی بە دەوامەکانیان دێنن."

هەر بەپێی ئەو هەواڵە، بەشێک لە فەرمانگەکان و قوتابخانەکانی پایتەختی وڵاتەکەش داخراون.
میدیاکانی ئێران، هۆکاری پەکخستنی دەوامی دامودەزگاکانی وڵاتەکە دەگەڕێننەوە بۆ قەیرانی سووتەمەنی و بەتایبەتی قەیرانی غاز لەو وڵاتەدا، کە لە وەرزی زستان و سەرمادا خواست لەسەر بەکارهێنانی زۆرە.

هەفتەی ڕابردوو، ئەحمەد مەهێدیڤی ئیبهێری، سەرۆکی گشتیی کۆمەڵەی خاوەنکارانی پیشەسازیی پترۆکیمیایی ڕایگەیاند: "ئێران تووشی کەمیی غازی سروشتی بووە و تا دێت دۆخەکە سەختتر دەبێت."
ڕاشیگەیاند: "بەهۆی وەرزی سەرما و زۆر بەکارهێنانی غاز لەلایەن هاووڵاتییانەوە ناتوانرێت غازی 12 کۆمپانیای پترۆکیمیایی دابین بکرێت و پچڕاوە."

ڕۆژی یەکشەممە (پێنجی کانوونی دووەمی 2025) ماڵپەڕی (بیرگون) بڵاوی کردەوە، بەهۆی هاتنی وەرزی زستان و بەکارهێنانی فراوانی غازی سروشتی لەلایەن هاووڵاتییانی ئێرانەوە، بووەتە هۆی وەستانی 12 کۆمپانیای بەرهەمهێنانی غاز لەو وڵاتە، تادێت دۆخەکە سەختتر دەبێت.

بە گوێرەی ئاژانسە فەرمییەکانی ئێران، سەرۆکی گشتیی کۆمەڵەی خاوەنکارانی پیشەسازیی پترۆکیمیایی، سەبارەت بە کێشەی کەمیی غاز لە ئێران رایگەیاندووە: "بەهۆی زیاد بەکارهێنانی غاز لەم وەرزەدا، ناتوانین غازی پێویست بۆ کۆمپانیاکانی پترۆکیمیایی دابین بکەین، ئەمەش بووەتە هۆی وەستاندنی ئەو کۆمپانیایانە."