ئێستا كە ناوچەكە لە گۆڕانكاریی گەورەدایە، لە بارودۆخێکدایە، گەلی کوردستان لە باشوور یان لە هەرێمی كوردستان، لە بارودۆخێكی زۆر هەستیاردایە، ئەتوانم بڵێم لە هەموو كات زیاتر پێویستی بە یەکدەنگی و یەکڕیزی و یەکگوتاری و یەكهەڵوێستیە، نەک ئەوەی هەر یەکە بە ئاوازێک بخوێنێ.
ئەمڕۆ سەرەڕای قەیرانی لەگەڵ عێراق، گۆڕانکاریی ناوچەکەش لە ئان و ساتدایە، بەتایبەت دوای کەوتنی رژێمی ئەسەد، لە دەرەنجامی شەڕی حەماس و حزبوڵای لوبنان و حووسییەکانی یەمەن و بەرەی مقاوەمە، کە ئەمەریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی رۆژئاوا بە مەتسریی گەورە بۆ سەر خۆیان دەزانی، ئەوەش وای کرد بیر لە داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەکە بە ویستی ئەمەریکا و بە قازانجی ئیسرائیلی هاوپەیمانیان بکرێتەوە، کە دیارە دوای دەستبەکاربوونی ترامپ زۆر لە ماکەکانی ئەو گۆڕانی نەخشە ناوچەییە بەدەر دەکەون. دەبێ بیریشمان بێت، کورد هەر کاتێ یەکگرتوو بووبێت، دوژمن نەیتوانیوە زەفەری پێ ببات و دەستكەوتی مەزنی بەدەست هێناوە.
یەکڕیزی زیاتر کاری لەپێشینەی ئەمڕۆی هێزە سیاسییەکانی کوردستانە لە باشووری کوردستان، چونکە گرنگە هەڵوێستی یەکگرتوو بەرامبەر بە نادادیی حکوومەتی عێراق سەبارەت بە مووچە و قوتی خەڵک هەبێت، پێویستە هەموو لایەنەكان لە بەرەی گەلەکەیاندا بن بۆ فەراهەمکردنی مافە دەستوورییەكان.
هەرچەند دەبوو هەموان بۆ بەرگریكردن لە شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی كوردستاندا، لە کۆبوونەوەی چارەنووسسازی ئەمڕۆی حکوومەتی هەرێمی كوردستان یەکهەڵوێست بن، نەدەبوو كەس پشت لەو كۆبوونەوەیە بكات، ئاخۆ ئەو كۆبوونەوەیە وەك جەنابی سەرۆك وەزیرانی كوردستان رایگەیاند بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی خەڵكی كوردستان و رووبەڕووبوونەوەی ئەو ستەم و نادادیە بوو كە دەسەڵاتدارانی بەغدا دژ بە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەیكەن، بەڵام ئێستاش نەچووە بچێت، لێرەوە دەتوانن هەموان بە یەك دەنگ دژی ستەمی بەغدا بوەستنەوە.
لەڕووی مافە سیاسییەكانیەوە تا ئێستاش كورد کە لە قۆناغی ڕزگاریی نیشتمانییدایە، پێویستی بە خەباتی نەتەوایەتی و نیشتمانییە، بۆ بەئەنجام گەیاندنی ئەو ئەرکە قورسەش، هێشتا زۆر کەند و کۆسپ و دژواریی لە ڕێگادایە.
کورد لەم هەرێمەی باشوورەدا جۆرە سەربەخۆییەکی بە خەباتی پێشمەرگانە و خوێنی شەهیدان بەدەست هێناوە و هێشتا بە ڕزگاریی یەكجارەكیی نیشتمانی نەگەیشتووە، هێشتا مەترسیی دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان وەک مۆتەکە لەسەر دڵمانە، دەکرێت جارێ ئەوەی خۆی بە کورد دەزانێ و دڵی بۆ خاک و گەلەکەی دێشێت، بیر لە هیچ جۆرە ئایدیایەکی جگە لە نەتەوەیی نەکاتەوە، جگە لە هەوڵی دەستەجەمعی بۆ ڕزگاریی نیشتمانی. دیارە دوای بڕینی ئەو قۆناغە هەستیارە، کە ڕزگاریی نیشتمانییە، بیروبۆچوونە جیاوازەکان دەتوانن خەباتی جیاواز بكەن.. ئێستا گرنگە هەموان بە نەفەسێكی نیشتمانی و نەتەوەیی بۆ مافە زەوتكراوەكانی گەلی كوردستان هەوڵ بدەین.