كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

به‌رپرسێكی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی: ئه‌وه‌ی به‌شداریی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی نه‌كرد، هه‌ر قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر مووچه‌ بكا، موزایه‌ده‌یه‌

 به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ ده‌بوو ئه‌و حزبانه‌ی رۆژانه‌ ره‌خنه‌ له‌ حكوومه‌ت ده‌گرن به‌وه‌ی دەڵێن به‌رپرسیاره‌ له ‌به‌رانبه‌ر بابه‌تی مووچه،‌ به‌شدارییان لە كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بكردایە و له‌وێ ره‌خنه‌ و تێبینیی خۆیان بخستایه‌ته ‌روو، نه‌ك له‌ رێگای راگه‌یاندنه‌وه‌.

 

ئەمڕۆ شەممە 11ی 1ی 2025، لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، كۆبوونەوەیەكی نائاسایی بەڕێوە چوو كە تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵەش بەردەوامە. بڕیار بوو كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی وەزیرانی كورد لە حكوومەتی فیدڕاڵ و سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكان بێت، بەڵام هەریەك لە فراكسیۆنەكانی (كۆمەڵ، نەوەی نوێ و یەكگرتوو) بەشداریی كۆبوونەوەكەیان نەكرد، لە كاتێكدا پەرلەمانتارانی ئەو سێ فراكسیۆنە بەردەوام بانگەشەی درۆ لەبارەی مووچە لە ڕێگەی میدیاكانەوە بڵاو دەكەنەوە.

لەمبارەیەوە سه‌لام كه‌ریم حاجی، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، بۆ (باسنیوز) گوتی: "هەر وەزیر و گزیر و پەرلەمانتارێکی عێراقی لە هەر فراکسیۆنێک بێت، کە بەردەوام قسە بۆ مایک بکات، باسی دزی و مووچە بکات و ئه‌مڕۆش بەشداریی ئەو کۆبوونەوەی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی نه‌كردبێت و ئەو بەڵگانەی لەوێ نەخستبێته‌ روو كە بانگەشەی بۆ دەكات، یا بەشداریی كردووه‌ و بێدەنگ بووە، کەواتە تەنیا موزایەدەی بەردەم مایک دەکات.“

ڕوونیشی كردەوە: ”ناكرێت هه‌موو رۆژێك له ‌به‌رده‌م راگه‌یاندن قسه‌ بكه‌یت، كه‌چی نه‌توانی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئەنجوومەنی وه‌زیران رووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵیان بوه‌ستیته‌وه‌."

پێشتریش لەبارەی ئەو جۆرە پەرلەمانتارانەوە، كاروان كەلاری، ڕۆژنامەنووس، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: ”هەفتەیەكە مێشكی خەڵكیان بردووە و دەڵێن، بەغدا مووچەی مانگی 12ی ناردووە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بردوویەتی، ئێستاش كۆبوونەوەیە و بانگهێشت کراون، خۆیان دەدزنەوە و ناوێرن بڕۆن لەوێ ڕووبەڕوو ئەو قسانە بكەن!“

 

ڕوونیشی كردۆتەوە: ”ئەگەر تۆزقاڵێك شەهامەت و غیرەتتان هەبوایە و ڕاستگۆ بوایەن، ئەمڕۆ دەچوونە كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و ڕووبەڕوو دەتانگوت، بەڵێ مەسرور بارزانی، ئەوە بەڵگەیە كە بەغدا مووچەی مانگی 12ی ناردووە و تۆ بردووتە، ئەگەر تۆزقاڵێك شەهامەت و غیرەتیان هەبوایە و ڕاستگۆ بوونایە و درۆزن نەبوونایە، دەچوونە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ و ڕووبەڕوو قسەیان دەكرد، نەك شەو و ڕۆژ درۆ بكەن لە میدیاكانەوە.“

 

لە كۆتاییشدا بەو فراكسیۆنانە دەڵێت: ”ئێوە درۆزن و ساختەچین، سوود لەم فەوزا سیاسی و میدیاییەی ئەم زۆنە (زۆنی سەوز) دەبینن، چونكە لێرە كەمینەیەك هەیە گێلێنراون و بڕواتان پێدەكەن.“