كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

قەیرانێكی گەورە روو لە عێراق دەكات.. ئێران خەریكە بەلووعەی غازەكەی لێ دەگرێتەوە

 شارەزایەكی ئابووری: تاران ئەم دۆسیەیە وەک کارتێکی فشار لەسەر بەغدا بەکار دەهێنێت

بەم دواییانە، بەهۆی كەمبوونەوەی هەناردەكردنی غازی ئێران بۆ عێراق، قەیرانێكی گەورە لە عێراقدا سەری هەڵداوە، پسپۆرێكی ئابوورییش دەڵێت، قەرزەکانی عێراق بۆ ئێران یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ڕێژەی غازی ئێران، چونکە تاران ئەم دۆسیەیە وەک کارتێکی فشار لەسەر بەغدا بەکار دەهێنێت.

نەبیل ئەلمەرسوومی، شاره‌زا و مامۆستای زانستی ئابووری، بۆ ماڵپەڕی (ئەلحوڕە) ئاشكرای كردووە، دابینکردنی غازی ئێران بۆ عێراق بەتەواوی ڕانەوەستاوە، بەڵام زۆر کەم بووەتەوە.

مەرسوومی دەڵێت “بەپێی ڕێککەوتنەکانی نێوان هەردوو وڵات، ئێران ڕۆژانە نزیکەی 50 ملیۆن مەتر سێجا غازی هەناردەی عێراق دەکرد، بەڵام ئەم بڕە لە مانگەکانی ڕابردوودا دابەزیوە بۆ نزیکەی 8 ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا، ئەوەش تەنیا لە ڕێگەی هێڵی گواستنەوە بۆ باشووری عێراق دەنێردرێت.”

ئەو شارەزای ئابوورییە، دەشڵێت “ئەم کەمبوونەوەیە بووەتە هۆی پەکخستنی نیوەی وێستگە غازییەکانی عێراق، ئەمەش بووەتە هۆی دەرچوونی نزیکەی 9 هەزار مێگاوات كارەبا و ئەوەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان داناوە.”

مەرسوومی ئاشكراشی كردووە، توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق نزیکەی 18 هەزار مێگاواتە، کە 13 هەزار مێگاواتی لە وێستگە غازییەکانەوە بەرهەم دێت، لەگەڵ 5 هەزار مێگاوات، کە لە وێستگەکانی سووتەمەنیی دیزڵەوە بەرهەم دێت.

ئەو پسپۆرە عێراقییە ئاماژەی بەوەش داوە، وڵاتەکەی سێ هەزار مێگاوات وزەی کارەبا لە ئێرانەوە هاوردە دەکات، بەم شێوەیە کۆی بەرهەمهێنانی گشتی بە 21 هەزار مێگاوات مەزەندە دەکرێت.

ئەو ڕوونی دەکاتەوە، کە کاتی دەستپێکردنەوەی هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق ڕوون نییە و پشت دەبەستێت بە بوونی زیادەی غاز لە ئێران. دەڵێت: “تاران ئەم کەمبوونەوەیەی دابینکردنی غاز بۆ عێراق بۆ چاککردنەوەی بۆڕییەکان دەگەڕێنێتەوە، بەڵام ئەم هۆکارە قەناعەتپێکەر نییە، بەتایبەتی، کە هەناردەکردنی غازی ئێران بۆ تورکیا بەردەوامە.”

نەبیل ئەلمەرسوومی، دەشڵێت “قەرزەکانی عێراق بۆ ئێران یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ڕێژەی غازی ئێران، چونکە تاران ئەم دۆسیەیە وەک کارتێکی فشار لەسەر بەغدا بەکار دەهێنێت.”