كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

وەزارەتی كارەبا: تێكڕای كارەبای نیشتمانی لە 2024ـدا ڕۆژانە 12 كاتژمێر و 44 خولەك بوو

خواست لەسەر كارەبا بۆ 7500 مێگاوات زیادی كردووە

 وەزارەتی كارەبا، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە كرد، هەرچەندە بەرهەمهێنانی كارەبایان زیاد كردووە، بەڵام خواست بۆ 7500 مێگاوات زیادی كردووە، بۆیە لە 2024ـدا تێكڕای رۆژانە 12 كاتژمێر و 44 خولەك كارەبای نیشتمانییان بە خەڵك داوە.

ئەمڕۆ شەممە 11/1/2025 وەزارەتی كارەبا، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە كرد: لە وەرزی زستانی ئەمساڵدا خواست لەسەر کارەبا 7500 مێگاواتی تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا بەرهەمهێنانی کارەبا تەنیا 3500 مێگاواتە و لە کابینەی نۆیەم 1500 مێگاوات زیاد کراوە، بەڵام لە هەمان کاتدا 460 هەزار هاوبەشی نوێی کارەبا زیاد بووە و خواستی كارگەكانی چیمەنتۆ و ئاسن و كارگە پیشەسازییەكانی دیكە و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و سیتییەكان لەسەر کارەبا زیاتر بووە. هاوکات نەخۆشخانەکان و پرۆژەکانی ئاو و دامودەزگا ئەمنییەکان و بەندیخانە و خاڵە سنوورییەکان کارەبای بەردەوامیان بۆ دابین کراوە، بۆیە تێکڕای کاتی پێدانی کارەبا لە ساڵی (2024) 12:44 کاتژمێر بووە.

ئاماژەی بەوەش كردووە: تێچوونی بەرهەمهێنانی کارەبا لەناو قەیرانی دارایی و کێشە تەکنیکییەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و هێرشە تیرۆرستییەکانی سەر کێڵگەکانی گاز و شوێنی کارکردنی کۆمپانیای دانەغاز؛ ئەوەندەی دیکە کاریگەریی نەرێنییان بۆ سەر بەرهەمهێنانی کارەبا دروست کردووە.

 وەزارەتی كارەبا بۆ باشترکردنی دۆخی کارەبا وێڕای زیادكردنی ئەو 1500مێگاواتە، تەنیا لە سێکتەری گواستنەوە زیاتر لە دەیان وێستگەی گواستنەوە و گۆڕین و مۆبایلی کارەبای لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی كوردستان دامەزراندووە و بە درێژایی 350 كیلۆمەتر هێڵی کارەبای  132 كەی ڤیی پاڵەپەستۆی بەرز و 33 كەی ڤی راكێشاوە و سەدان پرۆژەی دیكەی لە تۆڕی دابەشكردنی ناوخۆ بنیات ناوە و کارەبای گەیاندووەتە سەرجەم ناوچە و گوندە دوورە دەستەکانی هەرێمی كوردستان.

وەزارەتی كارەبا، هاووڵاتیان دڵنیا دەكاتەوە "بەپێی ئەو بەرنامەیەی وەزارەتی كارەبا دایناوە، لە ڕێگەی سیستەمی پێوەری زیرەك و پرۆژەی رووناكیی 24 كاتژمێری، دۆخی کارەبا بەرەو باشبوون دەچێت."