حەسەن شێخۆ، سەرۆكی بزووتنەوەی كوردایەتی لە سووریا، دەستی لە كار كێشایەوە و هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەشی ڕوون دەكاتەوە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە، نەخۆشییەكی ڕیشەیی لەناو ڕێكخراوە كوردییەكانی ڕۆژئاوادا هەیە، كە بریتییە لە پاشكۆیەتی بۆ لایەنی دیكە و پێشخستنی بەرژەوەندیی تاكەكەسییە بەسەر ڕۆحی بەرژەوەندیی كۆمەڵ و دامەزراوەیی. ئەوەش پێچەوانەی ئەو درووشمانەیە كە لە ڕووكەشدا ڕاگەیەندراون، لەوانەشدا ئەوەی پێی دەگوترێ (بەرەی كوردستانی سووریا).
باس لەوەش دەكات، ئامانجمان ئەوە بووە یەكگرتوویی لە گوتاری سیاسیی كوردی و ڕێككەوتن لەبارەی ماف و داواكارییە نەتەوەییەكانی كوردی سووریا هەبێت. بەهیوابووین ئێمە هێڵی سێیەم بین بۆ بەرژەوەندیی ڕۆژئاوای كوردستان، دوور لە كاریگەرییەكانی دەوروبەر، هەروەها كار بۆ یەكڕیزیی كورد بكەین و ڕوانگەكان لێك نزیك بكەینەوە و كوردایەتی و دیموكراتی قووڵ بكەینەوە، هاوكات وەكوو یەك تیم لە خۆپەرستی و سەپاندنی ڕا و ئیرهابی فكری دوور بین.
دەشڵێت: بەڵام سەرمان سوڕما بە هەنگاوێكی دژیەك لەگەڵ ئەم هەوڵانە، سیامەند حاجۆ، ئەندامی سەرۆكایەتیی بەرەی كوردستانی سووریا، ڕۆژی 8ی 1ی 2025، ڕووی لە دیمەشق كرد و بە فڕۆكەی توركیا خۆی گەیاندە ئەوێ، ئەمەش پێچەوانەی هەموو ئەوە بووە كە داوامان كردووە و كارمان بۆ بەدیهێنانی كردووە.
"لەم ڕووەوە وەكوو ئەندامی سەرۆكایەتیی بەرەی كوردستانی سووریا و سەرۆكی مەكتەبی ڕاگەیاندن، ئەم هەنگاوە نابەجێیە سەرۆنە دەكەم، كە خزمەتی یەكڕیزیی كورد ناكات و لە بەرژەوەندیی گشتیی گەلی كورددا نییە. هەروەها ناڕەزایی دەردەبڕم لەو هەوڵانەی كە دەبنە هۆی دابەشبوون و ململانێ كە خزمەت بە دۆزەكەمان ناكات و ئاڵۆزتری دەكات.
ناوبراو ڕاشیگەیاندووە: ئەوەی سیامەند حاجۆ بە ناوی بەرەی كوردستانی سووریا قسەی كردووە، ئابڕووچوونێكە و دەرچوونە لە یەكڕیزیی كوردی و شاندی یەكڕیز و بڕیارلێدراو بۆ نوێنەرایەتیی هەموولایەك و مافەكان و ئامانجەكانی كورد لە كوردستانی سووریا لەژێر سەرپەرشتیی ئەمریكا و فەڕەنسادا.