کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، سبەى بەیانى ڕۆژی شەممە هەموو ناوچەکانى هەرێم باران دەبارێ لەگەڵ بارینى بەفر لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بڵاوی کردەوە: "پێشبینى دەکرێ سبەى شەممە لە دوای نیوەڕۆ وە ئاسمانى هەرێم بگۆڕێ بۆ هەورى تەواو لە گەڵ دەستپیکردنى نمەباران، سەرەتا لە ناوچەکانى کەرکووک گەرمیان و هەڵەبجە و سلێمانى پاشان هەموو ناوچەکانى هەرێم دەگرێتەوە لەگەڵ بارینى بەفر لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان."
ئاماژەی بەوەش داوە، هەروەها پێشبینى دەکرێ ڕێژەی بارانبارین لە هەندێ لە ناوچەکانى گەرمیان و سلێمانى و ڕاپەڕین و سۆران و دهۆک زیاتر بێت بەراورد لەگەڵ ناوچەکانى ترى هەرێم.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاشکراشی کردووە: "ئەم شەپۆلە کاریگەریەکەى بە لاوازی بەردەوام دەبێت تا بەیانیى ڕۆژی یەکشەممە، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتى هەرێم."