كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئیسرائیل لە زیادبوونی ڕۆڵی توركیا لە سووریا نیگەرانە

كەناڵی (ئەلحورە) بڵاوی كردووەتەوە، پێش كەوتنی بەشار ئەسەد، ئیسرائیل لە ڕۆڵی ئێران لە سووریادا نیگەران بوو، بەڵام پاش كەوتنی ڕژێم، ئێستا توركیا ڕۆڵی لە سووریادا زیاد بووە و ئەوەش وا دەكات ئیسرائیل نیگەران و دڕدۆنگ بێت.

ئیسرائیل بە فەرمی نیگەرانیی خۆی بەرانبەر بە هەژموونی توركیا لە سووریادا دەرنەبڕیوە، بەڵام بەپێی بەشێك لە میدیا ئیسرائیلییەكان، لە پشتی پەردەوە بەرپرسانی ئیسرائیلی لە هەڵكشانی ڕۆڵی توركیا نیگەرانن.

دوو ڕۆژ پێش ئێستا، ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست بڵاوی كردووەتەوە، لیژنەیەكی حكوومیی ئیسرائیل، ڕاپۆرتێكیان داوەتە سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل و هۆشداریی لە هەڵگیرسانی ململانێ لەگەڵ توركیادا داوە. هاوكات باسی لەوەش كردووە مەترسی هەیە ئەنكەرە و دیمەشق هاوپەیمانییەتییەكی نوێ پێك بهێنن.

لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، هەرچەندە ئێران گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ئیسرائیل، بەڵام ئەگەر هەیە بەهۆی هەژموونی توركیاوە لە سووریا، ململانێ لەنێوان توركیا و ئیسرائیل هەڵگیرسێت.

ئەوەش ڕوون كراوەتەوە، نەتەنیاهۆ لەو ماوانەدا كۆبوونەوەیەكی حكوومەتەكەی بۆ گفتوگۆكردن دەربارەی دەستتێوەردانەكانی توركیا لە سووریا گرێ دەدات.

(ئیسرائیل هیۆم) ئاماژەی بەو كۆبوونەوەیەكی بچووكی وەزیری ئاسایشی ئیسرائیل داوە و تێیدا باس لە ئەگەری دابەشبوونی سووریا بۆ كانتۆنەكان كراوە.

بەشێك لە چاودێران لە ئەنكەرە بە كەناڵی (ئەلحورە)یان گوتووە، ئیسرائیل لە ڕۆڵی نوێی توركیا لە سووریادا نیگەرانە، بەمشێوەیەش چاودێران پێیان وایە ئیسرائیل لە بەرانبەردا دەیەوێت هاوكاریی كوردەكان سووریا بكات.

هەرچەندە تاكوو ئێستا گرژی و ئاڵۆزیی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئیسرائیل و توركیا لە سووریادا دروست نەبووە، بەڵام چاودێران پێیان وایە گەر ئەم دەستتێوەردانانە هەڵبكشێن، ئەگەر هەیە پەیوەندیی ئەو دوو وڵاتە بەرەو گرژی بچێت.