لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ ئامادەكردنی لیستی مووچەی مانگی 1ی 2025 و مانگەكانی دواتر، سیستەمێكی تازە پەیڕە و دەكرێت. وەزارەتی داراییش جەخت لە پەیڕەوكردنی سیستەمەكە و چەند زانیارییەكی تایبەت دەكاتەوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ئامادەكردنی لیستی مووچە دەكرێتە سیستەمی (پەیڕۆڵ)، كە سیستەمی دیجیتاڵیی ناوەندیی مووچەیە و وەزارەتی دارایی و فەرمانگەی تەنكنەلۆژیای زانیاریی ئەنجوومەنی وەزیران كاری بۆ دەكەن و هەندێك شوێنیش ئەو سیستەمەی پێنەگەیشتووە، لەم هەفتەیەدا دەگاتە دەست هەموو شوێنەكان."
ئاماژەی بەوەش دا، بۆ ئامادەكردنی مووچەی مانگەكانی ئەمساڵ لەدەرەوەی ئەم سیستەمە لیستێکی دیکەی ئامادەکراو كاری پێ ناكرێت، گوتیشی: "هەوڵ دەدەین تاوەكوو هەفتەی داهاتوو لیستی مووچەی مانگی 1ی 2025 ئامادە بكرێت."
بەپێی نووسراوێکی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە رۆژی 23ی12ی2024 ئاراستەی وەزارەتی دارایی کراوە و کۆپییەکی نووسراوەکەش بە (باسنیوز) گەیشتووە، تێیدا ئاماژە بەوە کراوە: "دوابەدوای راهێنان و دابینکردنی گشت پێداویستییەکانی یەکە، ژمێریارییەکان و لایەنەکانی دیکەی بەشدار لە سیستەمی دیجیتاڵیی ناوەندیی مووچە، بەمەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارەکان و دڵنیایی لە بێ هەڵەبوون و پێشکەوتووکردنی پرۆسەی ژمێریاری و ئامادەکردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە فەرمانبەری شارستانیی و سەربازی، بڕیارمان دا کاری پێویست ئەنجام بدەن بە پەیڕەوکردنی سیستەمی دیجیتاڵیی ناوەندیی مووچە لە مانگی کانوونی دووەمی 2025 و مانگەکانی دواتر و کارنەکردن بە هیچ لیستێکی دیکەی ئامادەکراو لەدەرەوەی ئەم سیستەمەیە."
هەروەها لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە: "پێویستە گەنجینەکان هیچ لیستێکی دیكە لەدەرەوەی سیستەمی ناوبراو پەسەند نەکەن و لە راستی و دروستیی ژمارەکان لە سیستەمە بەرپرس دەبن."
بەرپرسی گەنجینەیەكی سەر بە وەزارەتی دارایی بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "سیستمی (پەیرۆڵ) سیستمی مووچەی عێراقە و هەموو وەزارەت و فەرمانگەكان لەماوەی پێشوودا خولیان بینیوە و دەبێت بۆ لیستی مووچەی مانگی یەک هەموویان بەو سیستمە لیستی مووچە بۆ گەنجینەکان بنێرن."
ئاشكراشی كرد: "سیستمێکی زۆر پێشکەوتووە، لەو سیستەمەدا هەموو فەرمانگەکان بە گەنجینەکان بەستراونەتەوە و هەموو گەنجینەکانیش بە وەزارەتی دارایی بەستراونەتەوە و سیستەمەكە هەلە و كەموكوڕی قبووڵ ناكات."
لە ڕاگەیاندراوی ڕۆژی 8\1\2025ی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە: "بڕگەی کۆتایی کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی بەرەوپێشچوونەکانی پڕۆژەی بە ئەلیکترۆنیکردنی ناوەندیی خشتەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ناسراو بە (پڕۆژە سیستمی پەیڕۆڵ) کە قۆناخێکی پڕۆژەی بایۆمەترییە و ڕۆڵی وەزارەتەکان و یەکە ژمێریارییەکانیان لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە کە لە سەرەتای ساڵی 2025 ەوە خشتەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی ئەلکترۆنی ئامادە دەکرێت و بە بێ کەم وکوڕی ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدڕاڵ دەکرێت."
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە گەنجینەی سەر بە وەزارەتی دارایی دەست (باسنیوز) كەوتووە، بۆ ئامادەكردنی لیستی مووچەی مانگی 1ی2025 ،دەبێت چەند زانیارییەكی فەرمانبەر زیاد بكرێت.
بەپێی زانیارییەكان، دەبێت رەگەز و ناوی چواریی فەرمانبەر و ناوی دایكی و ژمارەی کارتی نیشتمانی، كە 12 ژمارەیە، لەگەڵ ڕێكەوتی یەکەم دامەزراندن هەبێت.