كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

وەزیری پێشووی كشتوكاڵی سووریا دان بە گۆڕینی دیمۆگرافیای رۆژئاوای كوردستاندا دەنێت

”گوندەكان ناوەكانیان دەگۆڕا بۆ ناوی عەرەبی“

وەزیری پێشووی كشتوكاڵی سووریا دان بەوە دادەنێت، كە كێشەی كورد لە رۆژئاوای كوردستان و سووریا كێشەیەكی دروستكراوە لەلایەن بەعسییەكانەوە و مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوكاتەی، كە ناوی گوندە كوردییەكان دەگۆڕدرا بۆ ناوی عەرەبی.

ئەسعەد مستەفا، لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی ئاسمانیی (ئەلعەرەبییە)، دان بەوەدا دەنێت، كە كێشەی كورد لە سووریا دروستكراوە و پاشان لە عێراق، ئەوەش كاریگەری لەسەر هەموو ناوچەكە هەبووە، دەڵێت “ئەمە پەیوەندیی هەیە بە مێژووی زوڵم و ستەم لەسەر کورد لە ناوچەکەدا لەلایەن كەمینەیەكەوە، لەبەرئەوە کاتێک باس لە رووخانی ئەو دەسەڵاتە دەكەین، دەکرێت ئەوە کاریگەریی لەسەر دۆخی کورد لە سووریا و تەنانەت لە ناوچەکەدا هەبێت، هەروەها گۆڕانکارییەکان لە سووریا دەتوانن کاریگەرییان لەسەر وڵاتانی دراوسێش هەبێت، بەتایبەتی عێراق.”

ئەو وەزیرەی پێشووی حكوومەتی بەشار ئەسەد، دەشڵێت: “پرسی کورد لە سووریا پەیوەندیی بە مافی نەتەوەیی و سیاسیی کوردەوە هەیە، ئەم دۆخە ئاڵۆزە و پێویستی بە چارەسەری سیاسی و دیپلۆماسی هەیە، کە مافی هەموو گرووپەکان لەبەرچاو بگرێت.”

دەشڵێت "پرسی كورد نموونەیەکی ڕوونە لە چۆنیەتیی بەکارهێنانی وەک ئامرازێک بۆ دەستکاریکردنی سیاسەت لە ناوچەکەدا و من دەزانم، کە زۆربەی ئەم کێشانە دروست کراون.”

ئەسعەد مستەفا ئاماژە بەوەش دەدات، كە پێش ساڵی 1967، پەیوەندیی نێوان کورد و عەرەب لە سووریا زۆر ئاسایی بووە، بەڵام دوای ئەوە، هێزە دەرەکییەکان و حکوومەتە ناوخۆییەکان دەستیان کردووە بە دروستکردنی کێشە و دابەشکردنی خەڵک.

دەڵێت “حزبی بەعس، چ لە سووریا و چ لە عێراق، ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە قووڵکردنەوەی ئەو کێشانە، ئەوان سیاسەتی جیاکاری و چەوساندنەوەیان پەیڕەو کرد بەرامبەر بە کورد، وەک قەدەغەکردنی مافی خاوەندارێتیی زەوی و سنووردارکردنی مافە مەدەنییەکانیان، كە ئەمە تەنیا نموونەیەکە لەو شێوازانەی، کە دەسەڵاتدارانی کەمینە بەکاریان هێناوە بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات، بەجۆرێك، ئەوان کێشەیەکی ناوخۆییان کردووە بە کێشەیەکی هەرێمی، کە کاریگەریی لەسەر هەموو ناوچەکە هەبووە، لەبەرئەوە کاتێک باس لە پرسی کورد دەکەین، دەبێت لە بیرمان بێت، کە ئەمە زۆر لە کێشەیەکی ئیتنی یان نەتەوەیی سادە زیاترە. ئەمە بەشێکە لە سیستەمێکی ئاڵۆزی سیاسی، کە لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا دروست بووە.”

دەڵێت “لە ساڵی 1968، دوای بزووتنەوەی 23ی شوبات، سەرکردایەتیی هەرێمی (القیادة القطریة) کۆمیتەیەکی بە ناوی (پشتێنەی عەرەبی) دروست کرد. عەبدوڵا ئەحمەد، کە ئەندامێکی بەهێزی سەرکردایەتی بوو، بەرپرسی ئەو پڕۆژەیە بوو و پارەیەكی زۆریشیان بۆ سەرگرتنی ئەو پرۆژەیە خەرج كرد.”

دەشڵێت: “مەبەست لە (پشتێنەی عەرەبی) ئەوە بوو، کە ناوچە سنوورییەکانی سووریا، کە زۆربەی گوندەكان ناوی كوردییان هەبوو، گۆڕدران بۆ ناوی عەرەبی، خەڵكی كوردیان گواستەوە بۆ ناو شارەكان و جوتیارانی عەرەبیان بردە شوێنی كوردەكان لە گوندەكانیان.”

ئاشكراشی دەكات، ئامانجی سەرەکیی ئەو پڕۆژەیە، دروستکردنی ناکۆکی بوو لەنێوان عەرەب و کورد لە ناوچەکەدا. هەروەها، ئەمە بووە هۆی دروستبوونی فتنە و کێشە لەنێوان کورد و تورکیا و دروستكردنی فیتنە و كێشە لەنێوان کورد و عەرەب لە عێراقیش.

دەڵێت “لە ئەنجامدا، مافە مەدەنییەکانی کورد زۆر سنووردار کران. بۆ نموونە، ڕێگە بە کورد نەدەدرا زەوی و موڵکی خۆیان تۆمار بکەن، یان بیفرۆشن، بەڵام گرنگە بزانین، کە پێش ئەو ڕووداوانە، دوژمنایەتیی ڕاستەقینە لەنێوان كورد و عەرەب نەبووە. پەیوەندییەکان ئاسایی و ئاشتییانە بوون. ئەو کێشانە بە شێوەیەکی دەستکرد و بە مەبەستی سیاسی دروست کراون."