كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

رۆژنامەیەكی ئیسرائیلی: حزبوڵا چەند سەربازگەیەكی لەنێو فەنزوێلادا هەیە و ئێرانیش پێگەی خۆی لە ئەمریکای لاتین بەهێزتر دەکات

میدیایەكی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵی زیادکردنی پێگە و هەژموونی خۆی لە ئەمریکای لاتین و بەتایبەت ڤەنزوێلا دەدات، هەرچەندە ڕێککەوتنی هاوکاریی 20 ساڵەی تاران و کاراکاس لە مانگی حوزەیرانی 2024 کۆتایی پێهاتووە.
بەڵام بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، حزبوڵای لوبنان ناوەندی مەشقی سەربازیی لە ڤەنزوێلا دامەزراندووە.

پێوەند بەم باسە رۆژنامەی (ئیسرائیل هیوم) نووسیویەتی: "کێشەی ئێران تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سنووردار نییە، "جگە لەوەی ئێران لە ڕێگەی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانەوە هەڕەشە لە ئەمریکییەکان دەکات و پلانی تیرۆرکردنی بەرپرسانی ئەمریکا دادەنێت، پێدەچێت ئێران ئامادەیی خۆی لە ئەمریکای لاتین فراوانتر کردبێت."

ئەو ڕۆژنامەیە هەروەها بڵاوی کردووەتەوە، کە ڤەنزوێلا یەک ملیۆن هێکتار زەویی کشتوکاڵیی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دابین کردووە.

ڤەنزوێلا یەکێکە لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی حکوومەتی ئێران و لەم ساڵانەی دواییدا هەڵوێستە سیاسییەکانی تاران و کاراکاس و هەروەها گەمارۆی نەوتی ئەمریکا بۆ سەر ئەو دوو وڵاتە، ئەوانی لەیەکتر نزیک کردووەتەوە.

جێگەی باسە، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لوتکەی بریکس لە کازان لە ڕووسیا، مەسعوود پزیشکیان، سەرکۆماری ئێران، لەگەڵ نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا، کۆ بووەوە و جەختی لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی تاران و کاراکاس کردەوە.

هەروەها (ئیسرائیل هیوم) لە ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی: «ڤەنزوێلا بووەتە شوێنێک بۆ چالاکییەکانی حزبوڵای لوبنان، کە گرنگترین گرووپی بەوەکالەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.»

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەیە، حزبوڵا (ناوەندی مەشقی سەربازی)ی لە هەندێک ناوچەی ڤەنزوێلا دامەزراندووە و بەو شێوەیەش کۆماری ئیسلامیی ئێران دەتوانێت "بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بکاتە ئامانج و پێگە و هەژموونی خۆی لە سەرانسەری ئەمریکای لاتین فراوان بکات."

هەروەها ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە، نووسیویەتی: «ئێران هەژموونی خۆی لەدەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوانتر کردووە و هەڕەشەیەکی بەرجەستەتر و بەربڵاوتری دروست کردووە، بە جێگیرکردنی هێزە بریکارەکانی لەنزیک سنوورەکانی ئەمریکاوە.

گەرمبوونی پەیوەندییەکانی تاران و کاراکاس لە کاتێکدایە، کە نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ئێستای ڤەنزوێلا، لەگەڵ قەیرانی شەرعییەتی نێودەوڵەتی لە خەباتدایە و زۆر لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئەمریکای لاتین سەرکەوتنی ڕاگەیەندراوی خۆیان لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی سەرۆکایەتیی ڤەنزوێلادا نەناساندووە.

مادۆرۆ لە ساڵی 2013ەوە دوای کۆچی دوایی هوگۆ چاوێز لە ڤەنزوێلا دەسەڵاتی بەدەست هێناوە.
لە سەردەمی سەرۆکایەتیی مادۆرۆدا، ئەو وڵاتە شایەتیی داڕمانی ئابووری و کۆچی نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتوانی وڵاتەکەی بووە.

پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی کاراکاس لەگەڵ ڕۆژئاوا لە سەردەمی مادۆرۆدا تێک چوو و ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا سزایان بەسەر ڤەنزوێلادا سەپاندووە، ئەمەش بووە هۆی نزیکبوونەوەی ئەو وڵاتە لە ئێران.