کاتی خۆی، ئەمریکا زۆر کاتی بە سەدامی دیکتاتۆر دا، کە هێزەکانی خۆی لە کوێت بکێشێنێتەوە، بەڵام سەدام زۆر بە لەخۆباییەوە گوتی: ”ناکشێمەوە و ئەمریکاش بجووڵێتەوە بە ئیسرائیلیشەوە لەناوی دەبەم!“ دوایی ئەمریکا لە کوێت گورزێکی وای لە هێزەکانی سەدام دا، کە لە پیشبینیی خودی سەدامیشدا نەبوو، ئەوجا سەدام كە زەبرەكەی پێ گەشیت، ئەوجا پەشیمان بووەوە و چەندین جار گوتی: ”من پابەند دەبم بە کشانەوە و بە هەموو مەرجەکانیش رازی دەبم بەس وازم لێ بێنن.“ بەڵام ئەمجارە ئەمریکا رازی نەبوو نەک هەر لە کوێت، بەڵکوو لە ناوجەرگەی بەغدا لە هێزەکانی سەدامی دا.
ئەو گورزە كە ناو نرا (گیژوڵووكەی بیابان) لەگەڵ گەمارۆكەی خرایە سەری، سەرەتایەک بوو بۆ لەناوبردنی یەکجارەكیی سەدام، ئەگەر سەدام سەرەتا گوێی لە ئەمریکا گرتبا، ئەگەر تەمەنی ڕێگر نەبا، لەوانەیە تا ئێستاش سەدام لەسەر دەسەڵات بوایە، بەڵام لووتبەرزیی سەدام و نەخوێندنەوەی هەڵوێستەكان، دواجار سەری لە عەرز دا و گەیشتە ئەوەی لە سپێدەیەكی جەژندا پەتی قەنارە كرایە ملی و لە دار درا.
ئێستا كارەكتەرەكان گۆڕان و سەدامیش نەماوە، بەڵام رووداوێك یان هۆشدارییەكی هاوشێوە چەندین جارە لە ئەمریکاوە بە دەسەڵاتدارانی عێراق دەدرێت، کە حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام تا ئێستا ئەوەی دەبینرێت، بەرپرسانی عێراق و حەشدی شەعبی، ملیان بۆ ئەو هوۆشداری و داوایەی ئەمریكا نەداوە، نەك هەر ئەوە بەڵكوو جەماعەتی حەشدیش هەڕەشە دەكەن و دەڵێن: ”ئەمریكا هەر هێرشێكمان بكاتە سەر، وەڵاممان زۆر توند دەبێت و ئەودنیای بە ملوەنی پیشان دەدەین.“
راستییەك هەیە، جا خەڵكێك پێی ناخۆش بێت یان پێی خۆش بێت ئەوە گرنگ نیە، لەدوای دووەم جەنگی جیهانی دووەمەوە، نزیكەی ئەمریکا لە ئابووری و لە سیاسەت و هێزی سەربازییدا (سەیدولعالەم)ە و هەندێكیش كە نەیاریین بە (شيطان الاكبر!) ناوی دەبەن، بەڵام لە هەردوو حاڵەتدا، ئەوە دەگەیەنێت كە ئەمریكا بە مانای وشە گوێ بە هیچ یاسایەک نادات، هەر شتێکی بوێت لەم جیهانە ئەوە دەکات، دەستی خۆی لەسەر هەر کەسێک دابنێت ئەو دەکاتە پاشا و پشتی لە هەر کەسێکیش کردبێت لە پاشایەتییەوە دەیکاتە غولام و لە غولامیش دەربەدەری دەکات و کە کاتیشی هات لەناوی دەبات.
ئەوجا ئەمریکا هیچ پەلەی نییە، خۆی ئەو کاتە هەڵدەبژێرێت کە بۆی داناوە، هەر كە كاتەكە هات، حەوت پشتی نەیاری خۆی لەناوی دەبات. ئەو کاتەی ئەمریکاش لە پلان و خەیاڵی خۆی داناوە بۆ حەشدی شەعبی، دیارە هێشتا ماویەتی... بۆیە باشترین بڕیار كە ئێستا بەرپرسانی دەستڕۆیشتووی عێراق و سەركردەكانی حەشدی شەعبی بیدەن ئەوەیە كە خۆیان لەو زەبرەی ئەمریكا و ئیسرائیل دوور بخەنەوە و بڕیارێكی بوێرانە و مێژوویی بدەن، دەنا چارەنووسیان وەك ئەو سەركردانەی گرووپەكانی تر دەبێت، كە یەكە یەكە كوژران و كەسیش هەڵینەدایە لەسەریان.