كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
رێبوار حه‌مه‌لاو شوانی 06/01/2025

کام یاد؟ كام رۆژ؟ کام سوپا؟

کاتێک باسى رۆژى سوپاى وڵاتێکى فاشیزمى وەک عێراق دەکرێت، دەبێ پرسیار بکەین، کە چ کەسانێک لەنێو ئەو دەوڵەتە شکستخواردووە شانازیی پێوە دەکەن؟

من ناڵێم، بەڵكوو مێژووی ئەم وڵاتە بەزۆر دروستكراوە پێمان دەڵێت: سوپای عێراق، سوپایەکى ستەمکارە و هەر لە سەردەمى مەلیک فەیسەڵەوە، خەڵکی شۆڕشگیڕ و ئازادیخوازى کوردستانی بە چەک و ئاگر و ئاسن سەرکوت کردووە، سوپایەک، کە هەر لە قۆناغى کۆمارییدا و لە سەردەمى شۆڕشى مەزنى ئەیلوول، بە دڕندانەترین شێواز پەلامارى گەلى کوردى دا و دەستی کرد بە وێرانکردن و سووتاندنى گوند و کانیاو و دارستان و ئاواییەکانى کوردستان.

سوپایەکى دیکتاتۆر، کە بەربەریانەترین تاوانى بەرامبەر بارزان و هەڵەبجە و گەرمیان و قەڵادزێ و بادینان و بالیسان دەیان شار و گوندى کوردستان کردووە و لە ڕێگەى فڕۆکەوە دڕندەئاسا بۆمب و ناپاڵمی بەسەر خەڵکى ئەو دەڤەرانە دەباراند.

سوپایەک، کە لە ساڵانى هەشتاکانی سەدەی رابردوو خەڵکی کوردستانی ئەنفال کرد و چەکى کیمیایی و کۆمەڵکوژی و هێشوویی و قەدەغەکراوی بەسەر خەڵکى بێتاوان و سڤیلدا باراند و هەزاران کەسی شەهید و بریندار کرد و زیاتر لە 200 هەزار ژن و منداڵ و بەساڵاچووی بێسەروشوێن کرد، کە ئێستا رۆژ بە رۆژ لە بیابانەکانى ناوەڕاست و باشووری عێراق گۆڕی بەکۆمەڵ و ئێسک و پرووسکەکانیان دەدۆزرێتەوە.

سوپایەکى دڕندە، کە دەستى هەبوو لە کۆمەڵکوژیى کوردانى فەیلى. سوپایەک، کە هۆکار بوو لەوەی نزیكەی دوو ملیۆن کەس لە شەڕێکى 8 ساڵەدا لەگەڵ ئێران بوون بە قوربانى و ئینجا بەوەشەوە نەوەستا پەلامارى کوێتى هاوسنووری دا، دواتر بە سەری شۆڕ و بە تێکشکاوی هەڵات و گەڕایەوە و ڕیسوا کرا، چەند ساڵێک دوای ئەو دەستدرێژییەی بۆ سەر کوێت، هاوپەیمانیى نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیى ئەمەریکا، بە چەند قۆناغێک تاج و تەختى ڕژێمە ستەمکارەکەى بەعسى فاشیزمى ڕووخاند.

دوای ڕووخانى ڕژێمى بەعس و دامەزراندنى عێراقى نوێ لە ساڵى 2003، نەک هەر نەتوانرا سوپایەکى نیشتمانیی دوور لە بیرى فاشیزمى و دیکتاتۆرى، بۆ پاراستنى سەروەریی گەلانى عێراق پێک بهێنرێت، بەڵکوو وەک بینرا، سوپای عێراق لە ساڵى 2014 نیوەى خاکى عێراقى رادەستى رێکخراوى تیرۆریستیى داعش کرد، دواتر سوپایەکى میلیشیایی لە عێراق دروست کرا، کە ئەرک و کارى سەرەکیى لە ماوەى 11 ساڵى رابردوو بە ئێستاشەوە، کۆمەڵکوژى و پەلاماردان و تاڵانکارى بووە، بەتایبەت بەرامبەر بە خاک و گەلى کوردستان و دیارترین نموونەش، هێرش و پەلاماردان و داگیرکردنى کەرکووک و نیوەى خاکى کوردستان.

ئینجا لەو مێژووەوە و تا بە ئەمڕۆ دەگات، هیچ کارێکى تێکدەرانە و دڕندانە نەماوە بەرامبەر بە گەلى کورد و مافە رەواکانى ئەنجام نەدەن، هەر لە پێشێلکردنى دەستوور، تا سیاسەتى زۆرینەى دیکتاتۆرى و خۆسەپاندن و دەستوەردان لە کاروبارەکانى حکوومەتى بەغدا، وەک حکوومەتێکى سێبەر کە شوێنى هەموو دەزگا یاساییەکانیان گرتووەتەوە، بۆیە ئێستا عێراقى فاشیزم خاوەن سوپایەکى نیشتمانى نیە، بەڵکوو سوپاکەى میلیشیایەکی تایفى و مەزهەبیە، کە فەرمان لەدەرەوەى وڵات وەردەگرێت.