دوای وەستانی دابەشكردنی بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەك، سبەی دەست بە دابەشكرنی پارەی گەنمی جووتیاران دەكرێتەوە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "تا 26ی 12ی 2024، وێڕای پشوو، پارەی جووتیاران دابەش كرا، لە سبەینێوە دەست بە دابەشكردنی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2024، دەكرێتەوە."
لای خۆیەوە سایلۆی هەولێر بڵاوی کردەوە، سبەی یەكشەممە کە دەکاتە 2025/1/5 دابەشکردنی چەکی جووتیاران دەست پێدەکات لە زنجیرە پێنج هەزار و 211، تاوەكو پێنج هەزار و 300 کە گەنمەکانیان ڕادەستی سایلۆی هەولێر کردووە، لە سایلۆی هەولێر چەک وەردەگرن.
ئەوەشی خستووەتە ڕوو: " جووتیارانی شاری کۆیە چەكی پارەیان لە زنجیرە هەزار و 101، تا زنجیرە هەزار و 200 دەدرێت، كە گەنمەکانیان ڕادەستی گۆڕەپانی کۆیە کردووە، لە سایلۆی قوشتەپە چەک وەردەگرن و پارەکانیان لە بانکی بەحرکە وەردەگیرێت."
دوابڕەپارەی گەنمی جووتیاران بەگشتی 125 ملیار و 852 ملیۆن دینارە، بۆ سلێمانی 47 ملیار و 642 ملیۆن دیناره، بۆ هەولێر 44 ملیار و 45 ملیۆنە، بۆ دهۆکیش 34 ملیار و 165 ملیۆن دیناره.