محه‌مه‌د ئیسماعیل، سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا (پەدەكەسە)، كه حزبی سه‌ره‌كی و به‌هێزی ناو ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كورد له سووریا (ئه‌نه‌كه‌سه)یه، ده‌رباره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی خۆیان له‌گه‌ڵ هەسەدە و مەزڵووم عەبدی و بابه‌تگەلی تری پێوەند بە رەوشی سووریا، وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی (باس‌نیوز) ده‌داته‌وه:
(باس‌نیوز): گفتوگۆكان له شام به‌تایبه‌ت له‌نێوان حزبه‌كان و پێكهاته‌كان، به‌ره‌و كوێ چوون؟
محه‌مه‌د ئیسماعیل: تا ئێستا شتێكی وا نییه، زیاتر بابه‌تی كه‌سی و پێشنیاری كه‌سییه، بۆ كۆبوونه‌وه له شام دیار نیە كه‌ی گفتوگۆ له نێوان لایه‌نه‌كان دروست ده‌بێت و سەبارەت بە شێوه و میكانزمی دانیشتن و كۆبوونه‌وه‌كانیش جارێ شتێكی ئەوتۆ دیار نیە.
(باس‌نیوز): بۆچوونی ئێوه ده‌رباره‌ی سیسته‌می سیاسیی داهاتووی سووریا چییە؟
محه‌مه‌د ئیسماعیل: ده‌مانه‌وێت داهاتووی سووریا به ره‌زامه‌ندیی هه‌موو پێكهاته‌كانی سووریا بێت، چونكه هه‌موویان ته‌نگاوی و توندوتیژیی پێشووتری رژێمیان بینیوه و ده‌یانه‌وێت هه‌موو پێكهاته‌كان به‌شدار بن له داهاتوو و ده‌ستووری سووریا، ئێمه‌ش وه‌ك حزب چاودێرین له‌سه‌ر دۆخی سووریا و ده‌مانه‌وێت مافی گه‌لی كوردستان بخرێتە ده‌ستووری سووریا، نامانه‌وێت گه‌لی ئێمه وه‌ك كورد پاشكۆ بێت له سووریا، ده‌مانه‌وێت رۆڵمان له داهاتووی سووریادا دیار بێت. براده‌رانی ئێمه له شام خه‌ریكن گفتوگۆ له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب و دروزی و ئیسماعیلییه‌كان و دیموكراتییه‌كان و لیبرالییه‌كان و توركمان و ئه‌رمه‌ن و مه‌سیحییه‌كان ده‌كه‌ن و ده‌مانه‌وێت مافی گه‌لی كوردستان له ده‌ستووری سووریای داهاتوو جێگیر بكرێت.
(باس‌نیوز): ئێستا گفتوگۆی كوردی - كوردی هه‌یه، به‌تایبه‌ت له‌نێوان ئه‌نه‌كه‌سه و هەسەدە، له‌كاتێكدا هێشتا كادیر و ئه‌ندامانی ئێوه له زیندانی په‌یه‌ده‌دان؟
محه‌مه‌د ئیسماعیل: به‌داخه‌وه، له ماوه‌ی رابردوودا زۆر له براده‌رانی ئێمه له رۆژئاوای كوردستان رووبەڕووی توندوتیژی و زیندانكردن بوونه‌ته‌وه و چاره‌نووسیان نادیاره، گرفتی سه‌ره‌كیی ئێمه هه‌بوونی په‌كه‌كه‌یه له رۆژئاوای كوردستان، بۆیه له‌سه‌ر هه‌بوونی په‌كه‌كه له رۆژئاوای كوردستان، كه ده‌ستیان به‌سه‌ر ئیداره و زۆر شوێنی هه‌ستیاری رۆژئاوادا گرتووه، ناكۆكیمان له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده یان په‌یه‌دەدا هه‌یه، له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و فه‌ره‌نساوه هه‌وڵ درا ئێمه دیدارمان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا هه‌بێت، ئێمه مه‌رجمان هه‌بوو به‌بێ ئه‌مه‌ریكا و فه‌ره‌نسا نامه‌وێت كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ین، چونكه ئێمه له ساڵی 2020 رێككه‌وتنمان كرد، كه‌چی جێبه‌جێیان نه‌كرد، له‌ولاشه‌وه له شه‌قام خه‌ریكی دروستكردنی پڕوپاگه‌ندەن، كه گوایه ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردی سووریا پەرۆش نین بۆ یه‌كڕیزیی ناوماڵی كوردی، دەیانویست هه‌ست و سۆزی خه‌ڵك بقۆزنەوە بۆ دژایه‌تیی ئێمه و فشار خستنه سه‌ر ئێمه، له كاتێكدا ئێمه رێككه‌وتنی هه‌ولێر 1 و هه‌ولێر 2 و دهۆك 1 و رێككه‌وتنی قامشلۆمان هه‌بوو، ئه‌زموونمان هه‌بوو له‌و رێككه‌وتنانه و جێبه‌جێ نه‌كران. ئێمه له‌وه نیگه‌رانین، هه‌ر كاتێك شوێنیان ته‌نگ ده‌بێت په‌نا ده‌به‌نه به‌ر داواكردنی یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵویستیی كوردی، كاتێكیش شوێنیان ئارام ده‌بێته‌وه، هیچیان بیر نامێنێت، بۆیه ئێمه له‌گه‌ڵ نوێنه‌رایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا و فه‌ره‌نساش له كۆبوونه‌وه‌كه باسمان له‌وه كرد، ئه‌گه‌ر ئه‌وان رێككه‌وتن جێبه‌جێ نه‌كه‌ن، ئێمه خه‌باتی خۆمان ده‌كه‌ین و هه‌ڵوێستی ئێمه ده‌رباره‌ی داهاتووی سووریا دیاره و شه‌رم له سیاسه‌تی خۆمان ناكه‌ین و نوێنه‌رایه‌تیی خه‌ڵكی خۆمان ده‌كه‌ین.
(باس‌نیوز): بۆچوونێك هه‌یه كه په‌كه‌كه و قه‌سه‌ده و په‌یه‌ده ده‌یانه‌وێت سوود له‌و په‌یوه‌ندییه به‌هێزه‌ی ئه‌نه‌كه‌سه وه‌ربگرن له شام، بۆ ئه‌وه‌ی بچنه شام و له‌وێ خۆیان وه‌ك نوێنه‌رایه‌تیی كورد بناسێنن و رۆڵی ئه‌نه‌كه‌سه وه‌ك په‌یژه به‌كار بهێنن تا بچنه شام، رای تۆ چیە؟
محه‌مه‌د ئیسماعیل: دڵنیا بن ئه‌نه‌كه‌سه نابێته پرد بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی دیكه به‌سه‌ریدا بڕوات، ئه‌نه‌كه‌سه نوێنه‌رایه‌تیی گه‌لی خۆی ده‌كات، ئه‌گه‌ر ئه‌وان ده‌ست له سیاسه‌تی خۆیان هه‌ڵبگرن و بگه‌ڕێنه‌وه بۆ رێككه‌وتن، هه‌بوونی شاندی هاوبه‌ش بۆ شام گرفتی نیە، كه‌س ناتوانێت ئێمه بخاته به‌ره‌یه‌كه‌وه له دژی خه‌ڵك، ئه‌وان له‌گه‌ڵ رژێمی پێشووی به‌عس بوون له سووریا، ئێمه له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن بووین، راسته كۆمه‌ڵگای كوردی ده‌یانه‌وێت یه‌كهه‌ڵوێست بن، به‌ڵام ئه‌وه به مانای ئه‌وه نیە ئێمه سیاسه‌تی خۆمان بخه‌ینه به‌رده‌ست هه‌سه‌ده.
(باس‌نیوز): ئه‌نه‌كه‌سه هاوپه‌پمانی سه‌ره‌كیی ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانیی سووری بووه، كه ئێستا ده‌سه‌ڵاتی سووریایان گرتووه‌ته‌وه ده‌ست، به دروستكردنی شاندی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی ناو ئیداره‌ی خۆسه‌ر، ئه‌گه‌ر به یه‌ك لیست بچنه شام، ئه‌و كاته چاره‌نووسی هاوپه‌یمانیی ئێوه له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆنی جارانی سووریا چی لێدێت؟
محه‌مه‌د ئیسماعیل: ئێمه له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده هاوپه‌یمانیمان نیە، هە‌سه‌ده هێزێكی سه‌ربازییه و سیاسی نییه، مه‌زڵووم عه‌بدی ده‌یه‌وێت ببێته پردی ئه‌و په‌یوه‌ندییه كه له‌گه‌ڵ لایه‌نی دیكه گفتوگۆ بكه‌ین. مه‌زڵووم عه‌بدی، جاری دیكه ته‌ره‌فداری ئه‌وان بوو، چونكه ئێمه باوه‌ڕمان به‌وان نه‌ده‌هات بۆ گفتوگۆ، بۆیه عه‌بدی خۆی كرده ته‌ره‌فداری په‌یه‌ده، یان وه‌كیلی په‌یه‌ده بۆ گفتوگۆ، نه‌ك نوێنه‌رایه‌تیی ئێمه بكات، من بە ڕاشكاوی قسه دەكه‌م، زۆر گه‌شبین نیم، كه مه‌زڵووم عه‌بدی چی ده‌كات و چی ناكات، ئیتر كاتی ئه‌وه‌یه خۆی ساغ بكاته‌وه، كه چۆن پابه‌ندی ئه‌و رێككه‌وتنه ده‌بێت.
(باس‌نیوز): چ كاتێکتان داناوه بۆ جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانتان؟
محه‌مه‌د ئیسماعیل: هه‌بوونی ئه‌مه‌ریكا و فه‌ره‌نسا له كۆبوونه‌وه‌كه بۆ ئه‌وه بوو ده‌رفه‌ت بدرێته په‌یه‌ده و ئیداره‌ی خۆسه‌ر بزانن چی ده‌كه‌ن، كات دیاری نه‌كراوه، به‌ڵام ناكرێت زۆریش بخایه‌نێت.
(باس‌نیوز): ئه‌و هێزه‌ی له رۆژئاوای كوردستان هه‌یه (هه‌سه‌ده) هێزێكی نیشتمانیی كوردییه؟ یان ده‌ربڕی هه‌موو حزبه‌كانی رۆژئاوای كوردستان ناكات؟
محه‌مه‌د ئیسماعیل: به‌داخه‌وه، هه‌موو راگه‌یاندنه‌كان كه‌وتوونه‌ته ئه‌و هه‌ڵه‌وه ده‌ڵێن ئه‌مه هێزێكی كوردییه، كاكه ئه‌م هێزه شتێكی كوردیی تێدا نییه و خۆشیان ناڵێن ئێمه كوردین، ئه‌وان ده‌ڵێن هێزی سووریای دیموكرات، بۆیه ئەو هێزه له‌گه‌ڵ رێزمان بۆ خه‌بات و ماندووبوونیان، به‌ڵام نوێنه‌رایه‌تیی هه‌موو كورد ناكه‌ن له سووریا، هێزێكن له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی هاوكاری ده‌كرێن بۆ شەڕی داعش، كاری ئه‌وان كه‌ی ته‌واو ده‌بێت و چی ده‌كه‌ن؟ نازانم، به‌ڵام گرفت ئه‌وه‌یە، كه له راگه‌یاندنه‌وه ناوی كوردیان لێ نراوە.
(باس‌نیوز): ژماره‌ی چه‌كداری په‌كه‌كه له‌ناو رۆژئاوا چه‌ند ده‌بێت؟
محه‌مه‌د ئیسماعیل: دیار نیە، به‌ڵام ئه‌مه ده‌مێنێته‌وه سه‌ر لایەنی په‌یوه‌ندار، كه چۆن ئه‌مانه ده‌خه‌نه ده‌ره‌وه‌ی سووریا، چونكه چه‌كداری زۆر له‌ناو هه‌سه‌ده هه‌یه، كه په‌یوه‌ندییان به رۆژئاوای كوردستانەوە نیە.
(باس‌نیوز): رۆڵی سه‌روك بارزانی چی بووه له دۆخی رۆژئاوای كوردستان؟
محه‌مه‌د ئیسماعیل: سه‌رۆك بارزانی هه‌میشه خه‌مخۆری رۆژئاوای كوردستان بووه، پێشنیار و بۆچوونی زۆر گرنگی هه‌بووه و هیچ ده‌ستوه‌ردانێكی نه‌كردووه، هه‌میشه داوای یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستیی كردووه، بۆیه ئه‌وه‌ی له داهاتووی رۆژئاوا سه‌رده‌كه‌وێت ئه‌وه‌یه، كە سه‌رۆك بارزانی چه‌ند ساڵه داوای ده‌كات، كه ده‌بێت پرسی سووریا به دیالۆگ و ئاشتی له‌نێوان پێكهاته‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت.
(باس‌نیوز): هیچ هه‌نگاوێك هه‌یه بۆ ئازادكردنی كادیرانتان؟
محه‌مه‌د ئیسماعیل: لیستی ناوی گیراوەكانمان داوه‌ته هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی، جارێ دیار نیە چی دەبێت.