ئەمشەو، 21ی 12ی 2024، ئەدیب و ڕۆماننووس و چالاکوانی سیاسیی کورد (فەتاح ئەمیری) لەشاری بۆکان کۆچی دوایی کرد.
فەتاح ئەمیری، یەکێک بوو لە ڕۆماننووسە هەڵکەوتووەکانی کورد، لە ساڵی 1946 لە ئاوایی مەنیچێری سەربە شاری بۆکان لە دایک بووە و خوێندنی سەرەتایی لە شاری مەھاباد درێژە پێداوە و دواتر لە ئیدارەی کارەبای شاری بۆکان دامەزراوە.
لە سەردەمی پەهلەویدا، ساڵی 1975 بەھۆی چالاکیی سیاسییەوە دەستگیر دەکرێ و تا ساڵی 1978 لە زیندان دەبێ.
شارەزایی و زاڵ بوونی ئەمیری بە سەر زمانی کوردی و بە زاراوەی موکریانیدا بووەتە ھۆی ئەوەی کە ڕۆمانەکانی ببنە سەرچاوەیەکی زیندووی پەند و ئیدیۆم و دەستەواژە و وشەی ڕەسەنی کوردی.
ساڵی 1993 لە یەکەم ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنیی ئەدەبیی بۆکاندا وەک یەکێک لە حەوت بەڕێوەبەری ئەو ڕێکخراوەیە ھەڵبژێردرا.
بەرهەمەکانی نووسەری کۆچکردوو بریتین لە:
(ھاوارە بەرە، 1990)، (میرزا)، (بەشی دووھەمی ھاوارە بەرە 1993)، (زیندەخەو 2003) و (گێژە توڵکە).