كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

حەسەن ئەلدەغیم، یەكێك لە سەركردەكانی سووریای نوێ: زۆر ئاساییە كوردێك ببێتە سەرۆكوەزیران یان سەركۆماری سووریا

”هەسەدە نوێنەری كورد نییە، پەكەكەش داردەستی رژێمی ئەسەد بوو“

حەسەن ئەلدەغیم، کە یەکێکە لە سەرکردەکانی سووریای نوێ، لەبارەی پەیامەكەی سەرۆک بارزانی کە ناردبووی بۆ سەرۆکی پڕۆسە سەربازییەکانی سووریا ئەحمەد شەرع گوتی: "نامەکە لە کاتی خۆیدایە و جێگەی بایەخ پێدان و گرنگییە کە دەبێتەپشتیوانییەكی باش لە گواستنەوەی دەسەڵات بۆ حکوومەتی نوێی دیمەشق."

حەسەن ئەلدەغیم، لە ئاخاوتنێكدا لەگەڵ دەزگای میدیایی (ئەلجیبال) لەبارەی هەڵوێستی حوكمڕانانی نوێی سووریا سەبارەت بە کورد و پاشەڕۆژیان لە سووریادا و هەروەها سەبارەت بەو پەیامەی سەرۆک مەسعود بارزانی کە ناردوویەتی بۆ ئەحمەد ئەلشەرع و، وێڕای باسكردن لە داهاتووی حزبوڵا لە سووریا و چەند پرسێكی تر دواوە.

نامەیەک لە بەرزترین ئاستی گرنگییدا

حەسەن ئەلدەغیم رایدەگەیەنێت: ”پەیوەندیی گەلی سووریا لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانیدا پەیوەندییەکی لەمێژینەیە. سوورییەکان هەموو ڕێز و قەدرزانینێکی زۆریان بۆ سەرۆک بارزانی هەیە بەتایبەت پەناهەندەکانی سووریا كە لە هەرێم بوون و ئەو ڕۆڵی باوک و ڕێنیشاندەری هەبووە بۆیان، ئەوانە هەندێکیان کەسوکاری منن و ستایشی ڕۆڵی سەرۆک بارزانیان دەکرد لە پەیداکردن و دۆزینەوەی شوێنی حەوانەوە بۆ ژمارەیەکی زۆری سوورییەکان کە بەپێی زانیارییەکانمان لە 300 هەزار کەس زیاتر بوون. هەروەها هەڵوێستی سەرۆک بارزانییشمان لەبیرە کاتێک بوومەلەرزە لە باشووری تورکیا و باکووری خۆرئاوای سووریای دا کە چۆن کاروانی یارمەتییەکانی هەتوانی برینی سوورییەکان بوو، کە لە سۆنگەی ئەو بوومەلەرزەیەی تووشیان هاتبوو.“

ڕۆژی یەکشەممە، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان (مەسعود بارزانی) سەبارەت بە ئاخاوتنەکانی (ئەحمەد ئەلشەرع) سەبارەت بە گەلی کورد، لە پەیامێكدا هیوای خواست کە دید و بۆچوونی (ئەلشەرع) ببێت بە سەرەتای ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی مێژوو و کۆتاییهێنان بەو زوڵم ستەمەی دەرهەق بە گەلی کورد کراوە لەم وڵاتەی دراوسێ.
سەرۆك بارزانی گوتیشی: ”ئەم دید و بۆچوونە دینگەیەکی بەهێزی بنیاتنانی سووریای بەهێزە، پێویستە کورد و عەرەب و هەموو پێکهاتەکانی دیکە بە هاوکاریی یەکتر ئەم هەلە بقۆزنەوە و بۆ بنیاتنانی سووریایەکی دیموکرات و هێمن ئارام.“

لەبارەی ئەو نامەیەی سەرۆك بارزانییەوە، حەسەن ئەلدەغیم، کە یەکێکە لە سەرکردەکانی سووریای نوێ، لەو دیمانەیەدا جەختی کردەوە: ”نامەکەی بەڕێز بارزانی، گەلێک گرنگە و فرە بەنرخە لە ڕووی ئەوەی لە دەڤەرێکی گەلی کوردەوە هاتووە کە هێشتا بەشێک لە هاونیشتمانیانی گەلی سووریی لێیە. ئێمە دەمانەوێ لە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی و ئاشتییەکی هەمیشەییدا پێکەوە بین. هاوکات ئەم نامەیە لە کاتی خۆیدایە و فرە گرنگە و پاڵپشتییەکی گواستنەوەی دەسەڵاتە بۆ حکوومەتی نوێی سووریا.“

چەوساوەکان

دەربارەی بون و ئایندەی کورد لە سووریا، حەسەن ئەلدەغیم گوتی: ”ئێمە ئاگاداری ئەم گەلەین چ لە سووریا، تورکیا، عێراق یان ئێران. هەر لە سەردەمی (کۆماری مەهاباد) لە ساڵی 1947 تا شۆڕشی (مەهسای ئەمینی) لە ئێران بۆ ئێمەش وەک سوورییەکان بوو بە پایەی ئیلهام بەخشین. لەگەڵ کوردەکان هاودیدین بەتایبەت لە ئێران.“

هەروەها، پێداگریی کرد لەوەی کە کورد لە خۆرهەڵاتی ناویندا ڕەگەز و ئەندام و پێکهێنەرێکی سەرەکیین لە بواری كولتووری و شارستانی و مێژووییەوە.

هەر بەپێی قسەکانی ئەم سەرکردەیەی سووریای نوێ، نییەت و پڕۆگرامی نوێی حکوومەتی دیمەشق لە کاتی ڕاگوزاری و داهاتووشدا پەیوەندیی ئاشتییانە و هاوڕێیانە دەبێت، دەشڵێت: ”بێگومان هاووڵاتی بوونمان زەمینەی کۆبوونەوەمان دەبێت وەک کورد و عەرەب.“

حەسەن ئەلدەغیم گوتیشی: ”ڕژێمی پیشووی تاوانباری سووریا، وەکوو پێکهاتەیەکی نامۆ مامەڵەی لەگەڵ کورددا کردووە. وەبیرم دێت هۆکارێکی کوشتنی شەهید (مەعشووق خەزنەوی) لەسەر دەستی هەواڵگریی سووریا ئەوەبوو کە داوای ناسنامەی بۆ (162 هەزار) هاونیشتمانیی کورد دەکرد، کە مافێکی ڕەوای سەرەتایی بوو. ئەمەش ستەمێکی گەورەیە دەرهەق بە کوردەکان. ئەمە بووە هۆی نەشونماکردنی هەستی ڕق لێبوونەوە لە عەرەب و سوننە.“

ئەو سەركردەیەی سووریای نوێ لەبارەی داعشیشەوە نموونەی بە هەندێ بزاڤ و گرووپ تر هێنایەوە و گوتی: ”بەڕاستی ئەگەر (هەسەدە) نوێنەری کورد نەبن، زایۆنیزم نوێنەری جوو نەبن و حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران نوێنەری شیعە نەبن لە جیهاندا، ئەوا بەدڵنیاییەوە داعشیش نوێنەری عەرەب و سوننە نیین.“
گوتیشی: ”ئێمە سەبارەت بە هەڵسوکەوت و ڕەفتاری داعش نەك هەر ناڕازی بووین، بەڵکوو بە کردار لە ڕێگەی سوپای سووریای ئازادەوە ڕووبەڕوویان وەستاینەوە پاش ئەوەی تاوانی زۆریان ئەنجام دا لە ناوچەکە کردمانمانە دەرەوە.“

ئەلدەغیم هەروەها گوتی: ”ئێمە کە باسی هاووڵاتیبوون دەکەین، مانای ئەوەیە کە چیدی ئەمە عەرەبە یان کوردە یان تورکمانە یان مەسیحی یان شیعە یان جووە و ئەم مافی زیاتری هەیە لەوی تر، ئەمانە نابێ بمێنن، بەڵکوو هەر یەکێک لەم پێکهاتانە کۆڵەکەیەکی سەرەکیی ئەم کۆمارە دەبێت، لەم سەردەمە نوێیەدا هەر یەکێک جێگەی خۆی پێدەردرێت کە دەستوور ڕێگەی پێدەدات، سەبارەت بە (ئەرک و مافەکان).“

جەختیشی کردەوە: ”لەم سەردەمی ڕاگوزەرییەدا پێویستە ئارام بین بەتایبەتی کە (هەسەدە) کە هەوڵ دەدات وەك نوینەری كورد رەفتار بكات، ئەمە قبووڵکراو نییە.“

پەیوەندی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)

پاش ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی سووریا شاری حەلەبیان کۆنترۆڵ کرد، پێکدادان لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن و هێزەکانی سووریای دیموکرات (کە سێ پارێزگای گەورەی سووریایان کۆنترۆڵ کردبوو: حەسەکە، ڕەقە و دێرئەلزور، دەکاتە 30٪ ی خاکی سووریا) لە ناوچەکانی مەنبج و حەلەب ڕووی دا و ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی ناوچەکە بۆ خۆدەربازکردن لە شەڕ و پێکدادانەکان ئاوارە بوون، ڕووبەڕووبوونەوەکان بەردەوام بوو تا ئەمریكا دەستوەردانی كرد و ئاگربەستی پێ ڕاگەیاندن.

حەسەن ئەلدەغیم سەبارەت بە ناکۆکیەکانی نێوان ئیدارەی نوێی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕوونی کردەوە: ”ئێمە لە هەسەدە زیاتر خۆمان لە کورد نزیکتر دەبینین، چونکە هەسەدە دەیانەوێت بازرگانییان پێوە بکەن، بەڵام ئێمە دەمانەوێت برای یەکتر بین و هاوبەش بین لە بنیاتنانی دەوڵەتدا.“

ئاماژەی بەوەش کرد: ”هیچ دژایەتییەک لەئارادا نیە بۆ هیچ یەکێک لە پێکهاتەکانی شۆڕشی سووریا، زۆر ئاساییە و مافێكی سروشتییشە كە لە هەڵبژاردنێكی ئازاد و دادپەروەرانەدا، سبەی برایەکی کورد، پۆستی سیاسی و سەروەری لەم وڵاتەدا بگرێتە دەست، بۆ نموونە كوردێك ببێتە سەركۆمار یان سەرۆكوەزیران.“
پێداگریی لەوەش كرد کە ئەولەوییەتی قۆناغی ڕاگوزەر ئێستا ئارامی و سەقامگیریی ئاسایشی وڵات و مسۆگەرکردنی یەکڕیزییە.

ئەلدەغیم گوتیشی: ”کورد بەشدارن لە شۆڕشی سووریا و یەکێکن لە سیمبولەکانی شۆڕشەکەمان و شەهید مەشعەل تەممۆ بە ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریا و یەکێک لە سیمبولەکانی شۆڕشی سووریا دەزانین و بۆ ئێمە چیرۆکێکی ئیلهامبەخش بوو.“

پێوەند بە هێزەکانی سووریای دیموکراتیش (هەسەدە) گوتی: ”هەسەدە تا ئەم ساتەش ئامرازێک بووە بۆ سەرکوتکردنی سوورییەكان بە کورد و عەرەب و تورکمانەوە کە سەدان هەزار کەسی ئاوارە و دەربەدەر کردووە. سەرکردە کوردەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد، لەوانە بەڕێز عەبدولباست سەیدا، لە یەکێک لە کۆبوونەوەکاندا پێی ڕاگەیاندم کە هێزەکانی سووریای دیموکرات زیاتر لە یەک ملیۆن کوردیان لە ناوچەی نیشتەجێبوونی خۆیان ئاوارەی هەولێر و تورکیا و باکووری سووریا کردووە.“

ئەلدەغیم ئەوەشی خستە ڕوو: ”بەداخەوە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لایەنگریی دوژمنانی هەڵبژاردووە و پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی بە ڕێکخراوی (پەکەکە)وە هەیە کە (عەبدوڵا ئۆجالان) دایمەزراند و (سوورییەکان بە داردەست و دامەزراوەی حافز ئەسەدی دەزانن) و لە بێقاعی ڕۆژئاوای لوبنان کەمپی دامەزراند و مەشقی بە میلیشیاکانی پەکەکە کرد، تەنانەت پێش بەهاری عەرەبییش، هێرشیان دەکردە سەر هاووڵاتیانی سووریا.“

گوتیشی: ”بەڵگە لەسەر کارە سەرکوتکەرانەكانی پەکەکە هەیە کە پەیوەندییان لەگەڵ هەواڵگریی سووریا هەبووە، تەنانەت لە دژی خودی کۆمەڵگای کوردی. بۆیە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە مێژوودا بەرەیەكی هەڵەی بۆ خۆی هەڵبژاردووە و هێشتا بەردەوامە لە سەرکوتکردنی هاووڵاتیانی ڕەقە و تەبقا و هەوڵ دەدات ئەجێندای جوداخوازی و تیرۆریستی لە دژی پێکهاتەکان و دژ بە سووریا و یەکڕیزیی خاک و گەلی سووریا جێبەجێ بکات و بڵێت شەڕیان دژی تیرۆر کردووە، کە لە ڕاستیدا خۆیان پشتگیریی ئەم تیرۆرە دەکەن و بە ڕەفتارە خراپەکانیان پشتیوانیی تیرۆری داعش دەکەن و ژینگەیەکی بەپیتیان لە بەرژەوەندیی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش ڕەخساندووە وەک لە کەمپی ئەلهۆل (هەرچی لە نادادپەروەرییە لەوێ تێدەگەیت لە زیندانی کردنی ژنان و منداڵان و خواردن بە بیری تەکفیری...هتد). هەموو ئەمانە ئایدۆلۆژیای تیرۆریستی دەبەخشێت و وا لە داعش دەکات سوود لە سکاڵاکان وەربگرێت چ سکاڵای نەتەوەیی بێت یان ئایینی لە ناوچەکانی ڕەقە و دێرئەلزوور و حەسەکە و گۆڕەپانێکی نوێی سەربازییان بۆ دەڕەخسێنێت. بۆیە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەستبەرداری شەڕی داعش نابن.“

چارەنووس و داهاتووی حزبوڵا لە سووریا

سەبارەت بە چارەنووس و داهاتووی حزبوڵای لوبنان لە سووریا، حەسەن ئەلدەغیم ڕایگەیاند: ”حزبوڵا لایەنێکی دوژمنە و بەدڵنیاییەوە هیچ شوێن و جێگەیەک بۆ ئەو تاقمە لە سووریای نوێدا نەماوە و نیە.“

هەروەها گوتی: ”ئێمە هیچ ئامادەبوونێکی سەربازی و سیاسی و مەدەنیی ئەو تاقمە قبووڵ ناکەین، هەر لایەنێک ڕەگەزنامەی سووریی نەبێت و شوێنکەوتەی حزبوڵا بێت، دەبێت بچێتە دەرەوە لە سووریا. ئەمەش قسەیەکە ئاماژە بەوە دەکات کە سەرکردایەتیی ئەو تاقمە سەرچاوەی گەندەڵی و وێرانکاری و ماددە هۆشبەرەکان و وێرانکاری و بۆمباران و ئاوارەبوونی گەلی سووریا بوون.“

لە کۆتاییدا ئەو سەکردەیەی دەسەڵاتی نوێی سووریا گوتی: ”حزبوڵا هێزێکی دژەسووریایە و ئێستا بە کرداری لە سووریاوە بەرەو لوبنان کشاوەتەوە (هێزی ڕەدوان کە پێشتر سەراقب و دەشتی حەما و باشووری حەلەب و ناوچەکانی مەدایا و زەبەدانی داگیر دەکرد) لە سووریا نەماوە و تەنانەت قبووڵیش ناکەین کە بوونی سەربازیی لەسەر سنوورەکانمان هەببێت، حزبوڵا دوژمنێکی ئاشکرایە کە ئێمە تەنها هەڵوەشاندنەوەی قبووڵ دەکەین. ئەمە بەرپرسیارێتی دەوڵەتی لوبنانە هەڵیوەشینێتەوە بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکانی لە گەلانی سووریا و لوبنان.“