كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

یادگار مەحموود: ئەگەر لەخولەکانی پێشوو ئەم یەکڕیزییە هەبوایە یوسف و غالب و هۆش یارەکان ڕۆڵی حەسەن خەیریان نەبینیایە، دۆخی فەرمانبەرانی هەرێم بەم ڕۆژە نەدەگەیشت

پەرلەمانتارێكی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەسەر دانیشتنی ئەمڕۆ بڵاوی كردەوە، كە هەموو فراكسیۆنە كوردستانییەكان ڕێگریان لە دانیشتنی ژمارە 20ی پەرلەمان كردووە و كە لەسەر هەمواری مادەی 12ی یاسای بودجەی گشتی بووە، ڕاشیدەگەیەنێت، "ئەگەر لەخولەکانی پێشوو ئەم یەکڕیزییە هەبوایە یوسف و غالب و هۆش یارەکان ڕۆڵی حەسەن خەیریان نەبینیایە، دۆخی فەرمانبەرانی هەرێم بەم ڕۆژە نەدەگەیشت."

یادگار مەحموود ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) لەسەر دانیشتنی ژمارە 20ی وەرزی دووەمی پەرلەمانی عێراق نووسیویەتی: "ئەمڕۆش ڕێگەمان گرت لە ئەنجامدانی دانیشتنی ژمارە 20ی پەرلەمان، وەرزی دووەمی یاسادانان لە ڕێی شکاندنی ژمارەی یاسایی ئامادەبوان."

ڕوونیشی كردووەتەوە، كە "لەبەرئەوەی مادەیەکی ئەجێندای بەرنامەی کاری ئەمڕۆی دانیشتنەکەیان لابرد لەسەر داوای (زۆرینەی) ئەوان! ئەو مادەیەش پەیوەندی هەبوو بە هەمواری مادەی 12 بڕگەی (ج) یاسای بودجەی گشتی، کە باس لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەکات."

ئەوەشی خستووەتە ڕوو، كە شکاندنی ئەو دانیشتنەی پەرلەمان بە هەوڵی هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان بووە.

یادگار مەحموود، ئاماژەی بەوەش داوە، كە "ئەگەر لەخولەکانی پێشوو ئەم یەکڕیزییە هەبوایە یوسف و غالب و هۆش یارەکان ڕۆڵی حەسەن خەیریان نەبینیایە، لەم خولەش فراکسیۆنەکان بێجگە لە پارتی دژایەتی ناردنی بودجەی هەرێمیان نەکردایە لەپێناو بەدەستهێنانی دەنگ، دۆخی فەرمانبەرانی هەرێم نەدەگەیشت بەم ڕۆژە، واتە خەتاکە لە پێشدا خۆمانین."

لە كۆتاییدا، ئەوەشی نووسیوە، "ئەوان زۆرینە و کوردیش کەمینە و لەهەمان کات پەرتەوازە، ئەمە هێزی نێو پەرلەمان دیاری دەکات."