كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
نەجمەدین محەمەد قەراجی 01/12/2024

كوان پەرلەمانتێرە خانەنشینكراو و خۆچەمێنەكان؟

وەک دەبینین تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، پێوەند بە ناردن و نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، هیچ گرنگی بە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق نادات و حسابیشی بۆ ناكات، بەڵکوو بڕیاری میلیشیا كینەلەدڵەكان جێبەجێ دەکات.

تەیف سامی، وەك رۆبۆت و بووكەڵەیەك بەدەست میلیشیاكان و سپۆنسەرانیانەوە، هەموو مانگێک دەیان بیانوو دێنێتەوە و هەرجارە و گەڕێك بە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەگلێت، بەئاشكراش دیارە كە مەبەست لەم کارە چیە؟ ئەمە بەئاشكرا سزادانی خەڵكی كوردستانە و فكری فاشییانەی لەپشتە.

ئێستا مافی خەڵكی كوردستانە لەو پەرلەمانتارە كوردە خۆفرۆشە خانەنشین و جاشانە بپرسێت: ئەرێ ئێوە كە چەندین ساڵ بوو، شەو و رۆژ لە میدیا و سۆشیال میدیا دەهۆڵی ئەوەتان دەكوتا كە ئەگەر نەوت و داهاتی كوردستان بكەوێتە دەست بەغدا و مووچەمان لەوێوە بۆ بێت، یەك خولەكیش مووچە دوا ناكەوێت! ئێستا بۆ هیچ دەنگتان نیە؟ ئەی بۆ مەردێكتان تیا نیە، بچێت لە دادگا سكاڵا دژی تەیف سامی پێشكەش بكات؟

ئەی كوان ئەوانەی شەو و رۆژ دژی حكوومەتی هەرێم دەڕژانە سەر شاقامەكان و دەیانگوت: كوا مووچە؟ بۆچی ئێستا ناوێران دژی حكوومەتی عێراق و تەیف سامی و وەزارەتەكەی خۆپیشاندان بكەن و بڵێن: كوا مووچە؟ بۆ دەنگ و ڕەنگیان نیە؟ بۆ ناڕەزایی دەرنابڕن بەرامبەر بە عێراقی باوکیان؟ ئەی كوان ئەو چالاكوان و كەمپینچی و كۆنە پەرلەمانتێرانە؟ بۆ هێندە بێغیرەتن لەئاست نەیارانی كوردستان و نانبڕانی خەڵكی كوردستان؟

ئەو گرووپە سەرشۆڕانەی ئێستا لە هیچ كونێكەوە دیار نیین، ئەو خۆچەمێنانە كوان؟ بۆچی داوای مافی خەڵکی کوردستان ناکەن و بۆ بە بەغدا ناڵێن کوا مووچەی خەڵكەكەمان؟ بەداخەوە خەڵكی كوردستان دەنگی بەوانە دا و ئەوانەی گەیاندە مووچەی خانەنشینیی چەند ملیۆنیی پەرلەمان و سەدان ئیمایاز و بەرتیل و نانی جاشێتی؟