ئەندامێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، باس لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئێستای سووریا دەکات و دەڵێت: "ڕژێمی بەشار ئەسەد بە لەدەستدانی ناوەندێکی ئابووریی وەک حەلەب بەتەواوەتی لاواز دەبێت، بەرەی جەنگ لە دژی ڕژێمی بەشار ئەسەد فراوانتر دەبێت، چاوەڕوان دەکرێت وڵاتانی ڕۆژئاوا و تورکیا هەنگاو بنێن بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لە سووریا، تاوەکوو ئەو هاووڵاتییانەی ئاوارەن لە تورکیا و لوبنان بگەڕێنەوە ناوچەکانیان."
ئەمڕۆ 30/11/2024، ئیبراهیم برۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) بۆ (باسنیوز) گوتی: "حەلەب شارێکی زۆر گرنگە لە سووریا، وەک ئاشکرایە لە کاتی بەرەوپێشچوونی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، هێزەکانی ڕژێمی سووریا زۆر لاواز بوون و نەیانتوانی بەرگری لە حەلەب بکەن، لە هەمان کاتدا ڕووسیا 48 کاتژمێر بە بێدەنگی مایەوە، هەر بەهۆی ئەم ڕووداوانە، پێشبینی دەکرێت لێکتێگەیشتنی نێودەوڵەتی لەسەر ڕەوشی سووریا هەبووبێت."
لە وەڵامی پرسیاری، ئەگەری زیندووبوونەوەی تیرۆر لە سووریا هەیە؟ گوتی: "ڕاستە تاوەکوو ئێستا هێزەکانی (تەحریر شام) لە لیستی تیرۆردان، بەڵام ئەو هێزانە بەتەنیا نین، لەگەڵ هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریادان، هەروەها هێزگەلی نێودەوڵەتییش چاودێرن لەسەر ڕەوشی سووریا، من پێشبینی دەکەم جوڵەی ئەو گرووپانە سنووردار بن، ئەگەری زیندووبوونەوە تیرۆر لاواز دەبینم."
سەبارەت بەوەی ڕۆژئاوای کوردستان دەبێتە بەشێک لەو جەنگە دەڵێت: "تاوەکوو ئێستا دیار نیە هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) دەچێتە بەرەی ڕژێمی بەشار ئەسەد یان ئۆپۆزسیۆنی سووریا، لەوانەیە ئەمریکا ڕۆڵی هەبێت، چونکە تاوەکوو ئێستا هیچ ئاڵۆزییەک لەگەڵ هەسەدە ڕووی نەداوە."
لەبارەی ڕێگریکردن لە جەنگ لە ڕۆژئاوای کوردستان، گوتی: "بە هیچ شێوەیەک جەنگ لە بەرژەوەندیی کورد نیە، چونکە دووبارە خەڵکی ئێمە ئاوارە دەبێتەوە، ئێمە وەکوو ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، پێمان باشە بە نێوەندگیریی ئەمریکا ڕێککەوتنێکی ئاشتییانە بکرێت، بۆ ئەوەی چیتر خەڵکی ئێمە ئاوارە نەبێتەوە."