سلێمانی، زێدی خۆمە، شاری بیرەوەرییەكانی منداڵی و رواڵی و گەنجییمە، شارێكە تەنیا شایەنی ئەوەیە بە باڵایدا هەڵبڵێیت و خزمەتی بكەیت و زیاتر پێشی بخەیت و جوان و جوانتری بكەیت، لێ مەخابن ساڵانێكە تاوانگەلی زۆر گەورە دژ بەم شارە خۆشەویستە دەكرێت، تاوانبارانی سەرەكییش، دوو گرووپن:
یەكەم - بەرپرسانی باڵای یەكێتی، بەتایبەتی ئەم یەكێتییەی ئێستا.
دووەم - ئەو گرووپانەی تاوانەكانی بەرپرسانی باڵای یەكێتی فەرامۆش و پەردەپۆش دەكەن.
سلێمانی، جاران كارگەی چیمەنتۆی سەرچنار و كارگەی شەكرەكە و كارگەی چوكلێتی شوان و كارگەی چلوورەی سۆلاڤ و كارگەی كلێنكسی نازدەلالی هەبوو، لێ ئێستا بەرپرسانی باڵای حزبی دەسەڵاتدار، گەورەترین كارگەی مادەی هۆشبەری لێ دروست دەكەن.
جاران شەقامەكانی سلێمانی، ئێواران پڕ دەبوون لە رێبوارانی عاشق و كوڕ و كچانی بەژنزراڤ و كەشخە و تێگەیشتوو و پێگەیشتوو و ئەویندار، شاعیرێكی وەك فەرەیدوون بەرزنجی بۆ شۆخێكی نازداری ئەو جادانەی دەنووسی: ”ئێوارەیە و دە مەگەڕێ شەقامەكە مەهەژێنە...“ ئێوارانی پاییزی جاران، محەمەد عومەر عوسمانی شاعیر، بە رینكۆت و پرچی درێژ و كتێبێك و پایپەكەیەوە، بە شەقامەكانی بازاڕدا دەهات تا دەگەیشتە چاخانەی شەعب ویقاری لێ دەباری، كەچی ئێستا لەبری دڵبەرەكەی فەرەیدوون و دوكەڵەكەی حەمەعومەر، رەیان كلدانی و پیاوەكانی بەو شەقامانەی شاردا پیاسە دەكەن.
گەورەترین تاوان كە (كەمپینچییان و بەناو رەخنەگرانی ئازاد! و پەرلەمانتێرەكانی! سلێمانی) و زۆرینەی میدیاكانی سلێمانی دەرهەق بە خەڵكی ئەو شارە دەیكەن \بەتایبەتی ئەو میدیایانەی ساڵانێكە بە درۆیەكی گەورە خەڵك لەخشتە دەبەن و خۆیان ناویان لە خۆیان ناوە میدیای ئازاد و سەربەخۆ و ئەهلی!\ گەورەترین تاوانیان ئەوەیە كە بەردەوام تاوانەكانی سەرانی یەكێتی و هێزە ئەمنیەكانی یەكێتی فەرامۆش و پەردەپۆش دەكەن و خەڵكی ئەو دەڤەرە، بە شتی لابەلای دەرەوەی سلێمانیەوە سەرقاڵ دەكەن، رێك وەك ئەوەی دەرزیی بەنجیان لێ بدەن یان دەرمانی لەبیرچوونەوەیان بەسەردا بڕشێنن.
تۆ بزانە، ماوەی چەند مانگێكە لە میدیاكانی غەیرە میدیاكانی سلێمانییدا بە (میدیای جیهانی و عەرەبی و عێراقی و كوردستانیەوە) باس باسی مەترسیی بڵاوبوونەوەی مادە هۆشبەرەكانە لەو شارە خۆشەویستەی كوردستان، باسی كارگەی هۆشبەر دەكرێت، باسی بازرگانیی فراوانی هۆشبەر دەكرێت، باسی ئالوودەكردنی گەنجان دەكرێت، باس لەوە دەكرێت كە گرتنی بازرگانان و خاوەن كارگەكانی هۆشبەر، لە سلێمانی لە ئاستی پێویستدا نیە.
چەند مانگێكە، بەرپرسانی هێزە ئەمنییەكانی عێراق بە بەڵگەی ڤیدیۆییەوە دەڵێن: ”لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هێزەكانمان دەستیان بەسەر گەورەترین كارگەی بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەردا گرت.“ خەڵكی بەرپرسی گرنگ لە عێراق دەڵێن: ”لە سلێمانی، بەرپرسانی باڵای یەكێتی، دەستیان لە بازرگانیی مادەی هۆشبەردا هەیە.“ كەسێكی وەكوو لاهوور جەنگی بەئاشكرا دەڵێت: ”ئەو كارگەی هۆشبەرەی لە رێی دەربەندیخان ئاشكرا كرا، هی بەرپرسێكی زۆر باڵای یەكێتییە.“
لە هەموو ئەمانە گرنگتر، راپۆرتی نەتەوەیەكگرتووەكان، باس لە بازرگانیی فراوانی مادەی هۆشبەر دەكات لە سلێمانی و دەشڵێت: ”لە سلێمانی رێوشوێنی دەستگیركردنی تاوانبارانی كەیسی هۆشبەران وەكوو پێویست نیە.“ سەرۆك بارزانی لەم یەك دوو مانگەدا، لە چەندین بۆنەدا جەختی لەوە كردووەتەوە كە ئێستا مەترسیی مادەی هۆشبەر لە عێراق و هەرێمی كوردستان زۆر لە مەترسیی تیرۆر و داعش خراپترە و باس لە بوونی هاوپەیمانیی (تیرۆر و مافیا و هۆشبەر) دەكات.
سەرنج بدەن، ئەو هەموو هەواڵ و زانیارییە مەترسیدارە، لەسەر پرسی تەشەنەكردنی مادەی هۆشبەر لە سلێمانی و دەوروبەری هەیە، كەچی ئەم بابەتانە لای ئەو گرووپانەی ناوم هێنان، جێی باس نیین! نەك هەر ئەوە، ئێوە سەیر كەن بزانن شێرەكوڕانی (میدیای ئازاد و سەربەخۆی! سلێمانی، كەمپینچییان، پەرلەمانتێران، رەخنەگرانی بەناو ئازاد!) خەڵكیان بە چیەوە سەرقاڵ كردووە؟
تەنیا دوو بابەت، یەكەمیان: (تەوتین) و (هەژماری من)
دووەمیان: لە هەڵبژاردندا ساختە كراوە!
میدیاكانی ئەوێ، هەر شەوەی یان كۆنە پەرلەمانتارێكی نەزان و هەرزە و نەفام، یان بەناو رۆشنبیرێكی رەخنەگری! ئەڵقەلەگوێ، یان كەمپینچییەكی گێل! دەهێنن و دەیدوێنن، ئیتر ئەوانە خۆشیان نازانن بۆ خەڵكی روون بكەنەوە كە (تەوتین) و (هەژماری من) جیاوازییان چیە؟
یان دەڵێن: ”لە هەڵبژاردندا ساختەكاری كراوە!“
كە لێی دەپرسن: بەڵگەتان چیە؟
دەڵێ: سەرۆك عایلەیەك تەڵاقی خوارد كە خۆی و خێزانەكەی دەنگیان بە فڵانە لیست داوە، بەڵام ئەو لیستە تەنیا یەك دەنگی هێناوە!
هەر بەڕاستی لە خوێنەری ئازیز دەپرسم: ئەرێ بوونی كارگە و بازرگانی و بڵاوبوونەوەی هۆشبەر بۆ سلێمانی و خەڵكی سلێمانی مەترسیدارترە، یان ئەوەی فڵانە پەرلەمانتاری فڵانە كوێرەلیست، دەنگی پێویستی نەهێناوە؟
بەڕاست، تۆی میدیاكار و كەمپینچی و پەرلەمانتار، ئەگەر دڵسۆزی سلێمانییت، گرنگە دژایەتیی بوونی (كارگەی هۆشبەر) بكەیت یان دژایەتیی (هەژماری من)؟
نووسەری كورد بەختیار عەلی، شاری سلێمانیی ئێستا و جارانی دیوە و شارەزایەتی، بۆیە زۆر جوانی بۆ هات كە لە دیمانەیەكدا گوتی: ”مەترسیی میدیا ئەو كاتە دەست پێدەكات كە زانیارییەكان دەشارێتەوە، نەك كاتێ كە ئاشكرایان دەكات.“