بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەكانی عێراق ئاشكرای دەكات كە دەست بەسەرداگرتنی كارگەكەی سلێمانی كە بۆ بەرهەمهێنانی مادە هۆشبەرەكان دروست كرابوو، گەورەترین ئۆپەراسیۆنی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بووە.
لە دوایین چاوپێكەوتنیدا كە لەگەڵ كەناڵی (ئەلسۆمەرییە)ی عێراقی كردی، حسێن تەمیمی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر لە عێراق رایگەیاند، مادەی كریستاڵ و حەپی كیپتاگۆن زۆرترین دوو مادەی هۆشبەری بەربڵاون لە عێراقدا كە ”كریستاڵ لە رۆژهەڵاتەوە لە ئێران یان ئەفغانستانەوە بە قاچاخ هاوردەی عێراق دەكرێت، كیپتاگۆنیش لە ڕۆژئاوای عێراقەوە بە قاچاخ هاوردە دەهێنرێن.“
ڕوونیشی كردووەتەوە: ”لە ئاستی ناوخۆیی، تاوانی مادەی هۆشبەر لە پارێزگایەكدا كۆ ناكرێتەوە، مەترسییەكەشی تەنیا دەوڵەمەند یان هەژار ناگرێتەوە و تەنیا بۆ گەورە یان بچووكیش نیە. ئێمە بەڕێوەبەرایەتیمان لە هەموو پارێزگاكانی عێراق هەیە و هەماهەنگیشمان لە ئاستێكی زۆر باڵا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی كوردستان هەیە.“
حسێن تەمیمی باسیشی لە كارگەكەی بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەر لە سلێمانی كرد و گوتی: ”گەورەترین ئۆپەراسیۆن كە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان كردی، دەست بەسەرداگرتنی كارگەیەكی تەواوی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر بوو كە كاریان دروستكردن و بەرهەمهێنانی مادەكان بوو. زنجیرەیەك بڕیاری دادگای لەبارەوە دەركرا و كەسانێكیش تێوە گلاون. لێژنەیەك لە تایبەتمەندان پێكهات، توانیمان بگەینە ئەو تۆڕەی لەو كارگەیە تێوە گلاون، بەڵام لێكۆڵینەوە هێشتا لەم بابەتە بەردەوامە. كارگەكە لەنێو سلێمانی نەبوو، بەڵام لە سنووری سلێمانی دەستی بەسەردا گیرا.“
جێی باسە لە ماوەی رابردوودا تۆمارێكی ڤیدیۆیی بڵاو بووەوە كە تێیدا لاهوور جەنگی قسە بۆ چەند كەسێك دەكات و راشكاوانە دەڵێت، ئەو كارگەیەی بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەر لە سلێمانی، هی بەرپرسێكی زۆر باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە تاوەكوو ئێستا یەكێتی بە فەرمی هیچ ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی تێوەگلانی بەرپرسانی لە كارگەكەی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر بڵاو نەكردووەتەوە، ئەمەش پرسیارەكانی لای خەڵكی زیاتر كردووە، لە كاتێكدا زۆر لە چاودێران پێیانوایە كە هۆكاری بەهێزیی پەیوەندیی نێوان یەكێتی و پەكەكە و هەندێك لە میلیشیاكان، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە (هاوپەیمانیی تیرۆر مافیا)یان پێكهێناوە و بازرگانیی مادەی هۆشبەر لەنێوان چەند وڵاتێكدا دەكەن.