بەرپرسێکی وەزارەتی کارەبا ئاشکرای دەکات، لە كابینەی نۆیەمدا، لە بواری دابەشكردنی كارەبا لە ساڵی 2019 تاكوو ئەمساڵ، لە هەولێر 856 پڕۆژە جێبەجێ كراون. دەشڵێت: "لەم كابینەیەدا هێندەی سێ كابینەی پێشتر پڕۆژەی وێستگەی كارەبا و هێڵی كارەبا بنیات نراون."
بەختیار قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر، لە گفتوگۆیەكی لەگەڵ (باسنیوز)دا ڕاگەیاند: "لە سنووری پارێزگای هەولێر ژمارەیەكی زۆری وێستگەی كارەبا و هێڵی كارەبا دامەزراون، كە ڕۆڵی بەرچاویان لە كەمكردنەوەی كێشەی كارەبا لە پارێزگاكەدا هەبووە، لەم كابینەیەدا هێندەی سێ كابینە پڕۆژەی وێستگەی كارەبا و هێڵی كارەبا بنیات نراون."
ئەو بەرپرسە ئاماژە بە هەندێكیان لە پڕۆژەكان دەكات و دەڵێت: "هێڵی بەرزی شەقڵاوە- سۆران، هێڵی وێستگەی كەسنەزان و شاوێس و هێڵی ڕێزان– شێروان مەزن– مێرگەسۆر- بارزان و هێڵی وێستگەی ڕووناكی و هێڵی سۆران- چۆمان- حاجی ئۆمەران، هەروەها دامەزراندنی وێستگەی گردجووتیار و زانیاری و كەسنەزان و ڕووناكی و پردی حافیز و نیشتمان و باداوە و نووسەران و شاوێس و برایەتی و چەندین پڕۆژەی دیكە، لە چاككردنەوە و نۆژەنكردنەوەی دەیان وێستگەی كارەبا لە مەسیف و بارك و پردی حافز."
بەختیار قاسم روونیشی كردەوە: "جگە لەوانە، كارەبا بۆ چەندین پڕۆژە گەیاندراوە، كە تەنیا لە سنووری هەولێر بە تێچووی زیاتر لە 218 ملیۆن دۆلار پڕۆژەی گواستنەوەی كارەبا جێبەجێ كراون."
ئاشكراشی كرد، لە كابینەی نۆیەمدا لە بواری دابەشكردنی كارەبا لە ساڵی 2019 تاكوو ئەمساڵ، 856 پڕۆژە جێبەجێ كراون. دەشڵێت: "ئەگەر ئەو ژمارە زۆرەی پڕۆژە و كار و چالاكی، كە لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام نەدرایە، ئەوا سێكتەری كارەبا نەیدەتوانی لە ئاست ئەو پێشكەوتن و فراوانبوونەی شاری هەولێر و پارێزگاكەدا بوایە، لەو یەك ملیۆن و 900 هەزار هاوبەشەی، كە لە كوردستان هەیە و لە كابینەی نۆیەمدا نزیكەی 437 هەزار هاوبەش زیاد بووە، بەشی هەرەزۆری بەر پارێزگای هەولێر كەوتووە."
بەختیار قاسم روونیشی كردەوە: "لە كۆی ملیۆنێك و 886 هەزار هاوبەشی كارەبا، ملیۆنێك و 435 هەزار هاوبەش پێوەری زیرەكیان بۆ بەستراوە، لە سیستمی 24 كاتژمێرییشدا زیاتر لە 60 هەزار هاوبەش لە هەولێر و ئاكرێ و چەندین سیتی و بازاڕ كارەبایان بۆ كراوە بە 24 كاتژمێری، لەوانە بازاڕی گەورەی لەنگەی هەولێر و چەند گەڕەكێكی هەولێر كارەبایان بووەتە 24 كاتژمێری."
بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای هەولێر ئاماژەی بەوەش دا: "بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لە فەرمانگەكانی كارەبا مامەڵەکانیان خێراتر ڕایی بکرێ، هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکەین و بەشێكی زۆری كاروبارەكانیش بوونەتە ئەلیكترۆنی."