40
(ڕەوتی ڕیفراندۆمخوازان)
مێژوونووسانی فارس و عارەب و تورک (وەکوو زۆر لە مێژوونووسانی دنیا) لەژێر ویستی حەز و کینەی پاشاکانیان، لە نووسینەوەی ڕووداوەکاندا هەزار و یەک درۆیان هەڵبەستووە و هەوڵی لێسەندنەوەی خاوەندارێتیی کوردەکانیان لە ناوچەکە داوە. هەر کەس و لایەنێکیش بانگەشەی ڕەسەنایەتی و هزری کوردی و کوردبوون و شتی لەو بابەتەی کردبێت، خستوویانەتە خانەی دوژمنی ستراتیژیی خۆیانەوە.
تەنێ بۆ نموونە:
هەموو لا دەزانین، کە یارسان (ئەهلی هەق، یاخود کاکەیی) یەكێكە لە ئایینە هەرە كۆنەكانی كورد، كە ڕەگوڕیشەی فەلسەفەکەی وا لە ئایینە كۆنەكانی ڕۆژهەڵات لە میتراییزم، زەردەشتی، مانەوی و هی دیكەدایە. لە باوەڕبوون بە خودا و فريشتە یاریدەدەرەکانیشیدا، جۆرە تێکەڵییەکیشی لەتەک ئایینە ئیبراهیمییەکان (جووایەتی، مەسیحایەتی و ئیسلام)ـدا هەیە.
یارسان لە هەردوو وشەی (یار) هاوەڵ و (سان) گەورە و ئەفرێنەر، پێکهاتووە. ئەم دینە کوردییە تا ئێستایش بە نەریتە ڕەسەنەکەیەوە، لە جوگرافیای کوردستان و لە هەناوی کۆمەڵگەی کوردیدا بە زیندوویی و گەشی ماوەتەوە، بەڵام هەوڵێکی چڕ هەیە بۆ بە ناکوردکردنی و دەیانەوێت بە داتاشینێکی ناشییانە، ڕایبکێشنە نێو ئایینزای ئیسلامیی شیعەوە و بیکەن بە لکێکی شیعە.
جا، کە یارسانەکان خۆیان ڕۆژانە بە موزیک و زیکر، بە نەریت و نزاکانیان ناسنامەی کوردێتیی خۆیان دووپات و هەزارپات دەکەنەوە و هیچ سووکە سازشێکیش لەو ڕووەوە ناکەن، ئیدی پێی ناوێ بۆ ئەوە بەڵگەی ئەملا و ئەولا بهێنینەوە. باسکردنی چەند ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگریش لەو ڕووەوە، تەنێ بۆ بیرهێناوە و دەمکوتی داگیرکەرانە و هیچی دی؛
دەروازەی ئەدەبی نووسراوی كورد، شیعرە پڕماناکانی باباتاهیری هەمەدانییە، کە بە (عوریان)ـیش ناسراوە. ئەم باوە تایەرە كوردە خواناسە سۆفییە یارسانە، لە ساڵەکانی نێوان سەدەی دەیەم و سەدەی یازدەی زایینیدا ژیاوە. زۆربەی زانایانی یارسان پێشگری (بابا) یان ڕاستتر (باوە)یان پێوە بووە، وەکوو (باوەسەرهەنگ، باوە جەلیل، باوەشاسوار، باوەگوڕگوڕ، باوەمەردە، ... و تاد). تێکڕای بیر و کار و بەرهەمەکانیشیان ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ و سروشتی کەسایەتیی کوردە. كتێبی (سەرەنجام)ـیش پەڕتووكی هەرەپیرۆزی یارسانەكانە، کە (سوڵتان سەهاک) بە شیعری (کەڵام)ـە پڕمانا و جوانەکانی (پیر)ان و (دایە)کانی یارسان ڕازاندوویەتییەوە و ڕێکی خستووە و بە دیالێكتی گۆران نووسیویەتییەوە.
سوڵتان سەهاك (ئیسحاق)، كە کوڕی شێخ عیسای بەرزنجەییە، لەنێوان ساڵەکانی (1276ز. تا 1395ز). ژیاوە و توانیویەتی دینی (یار)ی بخاتە قاڵبێکی ڕێکخراو و پوختەوە و بە نووسینەوەی سەرئەنجامیش نەک تەنێ بۆ یارسانان، بەڵکوو بۆ هەموو کورد و کوردستانیش گەنجینەیەکی گرانبەهای وای داناوە، کە بووەتە سەرچاوەی هەڵهێنجانی هزرێکی پاکی مرۆیی و خوداناسی.
داگیرکەرانی کورد، کە لە لایەکەوە ئەو ڕاستییە دەزانن، هەم پەیڤ و پەیڕەوی دینیی یارسان كوردییە و هەمیش پەیڕەوکارانی کوردن و کوانووەکەیشیان کوردستانە، لە لایەکی دییەوە، باش لە بەها و سەنگینیی ئەو سەرمایەی كورد تێدەگەن و دەزانن، کە لەوەی خۆیان باڵاترە و دڵنیاشن، کە ناتوانن نەویی بکەن، بۆیە دەیکەن بە کولتووری خۆیان و خۆی لێ دەکەن بە خاوەن.
هەرسێ داگیرکەرەکەی کوردستان، کۆلۆنیالیستی دواکەوتووی سەرسەختن، کە سەودا و مامەڵە لەتەکیاندا نزیکە ئاستەمە.
بۆچوونی باو لای فارسەکان ئەوەیە، کە کورد ئێرانییە و زمانی کوردی لکێکی فارسییە. ئەوان خۆیشیان دەزانن، کە بۆچوونەکەیان بێ بناغە و ناڕاستە و زانیارییەکەیان خۆیان گوتەنی: ”بڵق (حبابها)ی هەواییە“ چون پێش دەستبەسەراگرتنیان بەسەر جوگرافیای ئێراندا، کە پێشتر لە پادەشتەکانی خوارووی ڕووسیاوە هاتبوون، مادەکان، کە کۆنفیدراسیۆنی گەلانی زاگرۆسنشینی باوەگەورەی کوردانیان پێکهێنابوو، خاوەنی خۆڕسکی ئەو خاکە بوون و دیارە زمانی تایبەتی خۆیشیان هەبووە. ئەوان هاتن و مادیان بەزاند و خۆیان کردە پاشا و مادەکانیش بە کۆیلە. بە بیانووی ڕەوشت و ڕاستیپەرستی و بە مەبەستی سیاسی، تا ڕۆژی ئیمڕۆ و بە شێوازی جۆراوجۆر درێژە بەو هزر و کارەیان دەدەن و کوردیان خستووەتە نێو تەپوتۆزی پانئێرانیزمەوە و فەرهەنگەکەی دەکەن بە هی خۆیان. بۆیە سەیر نییە، کە دەبینین چۆن فەرهەنگی نەریتیی عیرفانیی میترایی (حەوت پلە یان خانە) و هەڵپەڕکێی کوردییان، بە بیانووی بەرگری لە بەها بەرزەکان دەستکاری کردووە و گۆڕیویانن بە زیکری خودایی.
لەملایشەوە (برا عارەبە موسڵمانەکانیشمان) لە سەرەتای سییەکانی سەدەی حەوتەمی زایینیەوە، لە بیابانی عارەبییەوە هاتن و بە سەرکردایەتیی شمشێری کێشراو (سەیفلمەسلوول)ـەکەی خودا، ئەنفالیان کردین، دواتر ئەوەی مایەوە وردە وردە موسڵمان کرا. ئیدی لەوێ ساتەوە ئەوان گەورە و سەید و ئێمەیش مەوالی.
تورکانی نەوەی مەغۆلەکانیش، هەر لە توغرۆل بەگ و ئەلپ ئەرسەلانی سەلجووقییەوە، کە لە سەرەتاکانی سەدەی یازدەی زایینەوە لەپشت کێوی کاوکاز و ئەودیو دەریای خەزەرەوە هاتبوون، هەنگاو بە هەنگاو هەناوی کورد و کوردستانیان بە شمشێرە ژەهراوییەکانیان هەنجن هەنجن کردووە و زۆریشیان لێ کردووین بە تورک و تورکمان، کە تا ئەوڕۆیش نزیکە و ئاوهایە.
داگیرکەرانی کۆلۆنیالیست جگە لە کوشت و کوشتار و هەوڵی ملپێکەچکردن و بەکۆیلەکردنی کوردان، بە سەدان هۆز و بنەماڵەیشیان لە زێدی خۆیان هەڵکەندووە و بۆ ناوچە دوورەکانیان کۆچاندوون، بەمەیش ژیان و ژیواریان وا ژاکاندوون کە هیچ بارێکی ئاساییان بۆ نەهێشتوون و کردوویانن بە چینی خوارەوەی کۆمەڵگا. مەبەستی هەرە سەرەکییشیان لەمە، بەڕەسەنکرنی (ناڕەسەنایەتی)ـی خۆیانە لەسەر حسابی (ڕەسەنایەتی)ـی کوردان لە ناوچەکە.
تێگەیشتن لەمە، کە نهێنیی ئەو بارە نالەبارەیشە، کە نەتەوەی کوردی تێدایە، بیرکردنەوەیەکی وای ناوێت؛
ئەو کۆلۆنیالیستانە، کە سوودێکی زۆر لە خێروبێر و شوێنگەی جیۆپۆلەتیکیی کوردستان دەبینن، تەنێ بە هێزی لەشکری داگیریان نەکردووین، بەڵکوو بە هێنانی هزر و هەژموونێکی هێجگار کۆنەپەرستانە بۆ نێو سیستمی بیرکردنەوەمان، کە دنیابینییەکی سەرنجڕاکێشی وای تێدا نیە ئاوەزی مرۆڤی کوردی پێ تێر بکرێت، وایان داناوە، تاکی خۆیان مرۆڤێکی باڵاتر و فەرهەنگەکەیان فەڕدارترە لە هی کوردان. ئیدی ئاوا کوردیان لە ڕەوتی شارستانیبوون دوور خستووەتەوە، کە دیارە بە سەرەنجام سەروەریی ئەوان و کۆیلەیی ئێمەی لێ کەوتووەتەوە. بە داخێکی زۆریشەوە کوردانی ناکورد، بە بیانگەی بێبەها و ناڕیالیستیی ئایدیای دینی و چەپ، هاووڵاتی و شارۆمەندی، نەتەوە و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، برایەتیی گەلان و ... تاد، کە بانگەشەی ئەوە دەکەن، گوایە نەتەوە و دەوڵەت کۆنەپارێزیین، یاخود پێچەوانەی دۆخی جیهانن، لە بێئاگایی سیاسی و مێژوویی، یان (بێئاکاری و ناپاکی)ـیەوە، کۆپییەکی تەواوی دنیابینیی کۆلۆنیالیستان گرتووەتەوە و بەمەیش کارئاسانیی زۆریان بۆ دەکەن. لە کاتێکدا باش دەزانن، کە ئیسلامجیهانی، پرۆلیتارجیهانی و گەلانجیهانی دروشمگەلێکی سواوی بەسەرچوون و ملیۆنان تۆن تەپوتۆزیان لەسەر نیشتووە.
بۆ ئەوەی نەتەوە لەم بازنەیە بێتە دەر و تابۆی بەدەوڵەتبوون بشکێنێت و بەرپرسان و ڕۆشنبیرانی کورد نەکەونە بەر نەفرەتی نەتەوەپەروەران و نەوەی داهاتوو، دەبێت ئەوانە بەر لە هەموو کەس شەرم لە کوردبوون نەکەن و هزر و کاریان درێژەپێدانی ڕەوتی ڕیفراندۆمخوازانی سەربەخۆیی بێت و دنیابینییەکی کوردانە دابمەزرێنن.
دەبێ نەتەوەکانی فارس، عارەب و تورکیش ئەو ڕاستییە بزانن، کە باسکردنی ئەم ڕاستییە بەرجەستەیە، بۆ خوێکردنە برینی جەستەی خوێناویی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نیە، بەڵکوو بۆ بەخۆداهاتنەوەیانە و بۆ ئەوەیە دڵنیا بن، ڕێزی ڕاستینەیان ئەو کاتە فەراهەم دەبێت، کە باوەڕی سەردەستەیی و ژێردەستەیی لە فەرهەنگیاندا فڕێ دەدەن!
بە هیوای ئەو ڕۆژانەوە هاوارەکانم بەردەوامن...