157
دۆخی كۆمەڵایەتیی كۆی دەسەڵاتە كوردییەكان، پەیوەست بوو بەو دۆخە سیاسییەی دەسەڵاتە كوردییەكان پێیدا تێپەڕ دەبوون. ئەمەو جگە لە پەیوەستبوون بە پێكهاتەی كۆمەڵگای كوردی، كە كۆمەڵگایەكی ناوچەیی و خێڵەكی بوو، سەرباری ئەوەی زۆرینە گوندنشین و كەمینەیەكی شارنشین بوون، زۆریی ژمارەی گوندەكان و كەمیی شارەكانیش لەنێو هەر دەسەڵاتێكی كوردیی ئەو سەردەمەدا وایكردبوو، كە زۆرینەی هاووڵاتییانی نێو دەسەڵاتەكان، ئاگاداری دۆخی سیاسی و تەنانەت كارگێڕی نەبن. تەنانەت ئەوەش نەزانن، كە چی ڕوویداوە و بۆ ڕوویداوە و دواتر چی ڕووئەدات؟ بەڵكوو تەنیا لەوە ئاگادار دەبوون، كە دەسەڵات و دەسەڵاتدارێك كۆتایی پێهاتووە و ئێستا سەردەمەی دەسەڵاتی بنەماڵە و نەژادێكی دیكەیە. لەو دۆخەشدا ئەستەم بوو كۆمەڵگایەكی هۆشیار دروست ببێت، كە پێش ڕووداو و پێشهاتەكان بكەوێ. ئەوەش تەنیا تایبەت نەبوو بە كۆمەڵگای كوردی، بەڵكوو تایبەت بوو بە كۆی كۆمەڵگای ئیسلامیی ئەو سەردەمە.
بە گەڕانەوەشمان بۆ مێژووی دەسەڵاتە كوردییەكانی ئەو قۆناغە مێژووییە، بۆمان دەردەكەوێت، كە دۆخی كۆمەڵایەتیی هاووڵاتییان لە یەك ئاستدا نەبوو. وەك ئەوەی دۆخی هەموو ئەندامانی بنەماڵەی دەسەڵاتدار و بەرپرسەكان و فەرمانڕەوای ویلایەت و شارەكان لە دۆخی خەڵكی ئاسایی زۆر باشتر بوو. دۆخی بنەماڵەی دەسەڵاتداریش لە هەموو بوارەكانی ژیان، لە سەرجەم توێژەكانی دیكە، زۆر باشتر بوو. بەو هۆیەوەش، دۆخی كۆمەڵایەتیی ئەوان چەندە باش بوو، ئەوەندەش پڕ كێشە بوو، چونكە ململانێ لەسەر دەسەڵات و گەیشتن بە پۆست و پایەی بەرز و زەوی و داهاتی زۆر، بەردەوام ئەندامانی بنەماڵەی كردبوو بەگژ یەكدا. ئەم ململانێیە لەنێو توێژە جیاجیاكانی كۆمەڵگادا، تا ئاستەكەی بەرزتر بوایە، كاریگەریی بۆ سەر كۆی كۆمەڵگا و دۆخی سیاسی و ئابووریی وڵات زیاتر ئەبوو. واتە ئەگەر (دوو) خێزانی جووتیار یان پیشەوەر، كێشەیەكیان لەگەڵ یەكدا هەبوایە، (دوو) خێزان پێوەی گیرۆدە ئەبوون، بەڵام ئەگەر كێشەكە لەنێو (دوو) بەرپرس، یان فەرمانڕەوای (دوو) شار بوایە، ئەوا ئەو (دوو) شارە دووچاری كێشە ئەبوون، نەك هەموو دەسەڵاتەكە. خۆ ئەگەر كێشەكە لەنێو میر و كوڕەكەی، یان میر و براكەی بوایە، ئەو كات كۆی دەسەڵاتەكە گیرۆدە ئەبوون و وڵاتیان بەرەو دووڕیانێكی خراپ ئەبرد.
لەڕووی ژیانكردنیشەوە، هەمیشە بنەماڵەی دەسەڵاتدار و بەرپرسە باڵاكانیان، ژیانیان خۆشتر و خاوەنی كۆشك و باڵەخانەی جوان و پاسەوان و خزمەتكار و ئەسپی خۆیان بوون. ئەمەو مووچە و پاداشتیان لە میری وڵات و میرنشین، یان دەوڵەتەكە وەردەگرت و لە باجەكانیش بەخشرابوون. لەكاتێكدا چینی گشتیی خەڵك، سەرباری ئەوەی لە خانووی ئاساییدا دەژیان و بەشێكیشیان كرێچی بوون، نەك مووچە و پاداشتی دەوڵەت و میرنشینیان نەبوو، بەڵكوو دەبوا ساڵانە باجی خۆیان بدەنە دەسەڵاتەكە. لەنێو ئەو توێژە گشتییەشدا، دۆخی كۆمەڵایەتیی هەریەك لە توێژەكان جیاواز بوو. ئەوەش بە دۆخی ئابووری و پیشەی هەریەك لەوان بەسترابووەوە. وەك ئەوەی دۆخی كۆمەڵایەتیی پیشەوەر و كاسبكارەكان، لە دۆخی كرێكار و جووتیارەكان باشتر بوو، بەڵام هەموویان خاوەن خێزان و منداڵی زۆر بوون. واتە لەگەڵ خراپیی دۆخی ئابوورییان و بێ گوێدانە سەختیی بەخێوكردنیان، حەزیان بە منداڵی زۆر بوو. لەنێو منداڵەكانیش، ڕەگەزی نێرینە خواستی زۆر لەسەر بوو. بە ئاستێك، پیاوی كورد ئامادەبوو لەپێناو كوڕی زۆر، چەند ژنێك بهێنێت. لەم بوارەشدا ئایین رێگای پێ دابوون، بەوەی هەر پیاوێكی موسڵمان بەپێی ئەو دەقە قورئانییەی، كە دەفەرمووێت’’وأن خفتم ألا تقسطوا في اليتامى, فانكحوا ما طاب لكم من النساء مثنى وثلاث و رباع، فأن خفتم ألا تعدلوا فواحدة أو ما ملكت أيمانكم، ذلك أدنى ألا تعولوا‘‘. (سوورەتی النساء، ئايەتی- 3)، مافی هەبوو، تا (چوار) ژن بهێنێت. ئەوەش بەردەوام لەلایەن مامۆستایانی ئایینییەوە جەختی لەسەر دەكرایەوە. تەنانەت وەك ئەركێكی ئایینی و تەواوكردنی یەكێك لە بنەماكانی ئایین بە خەڵك گەیەنرابوو.
لەلایەكی دیكەوە، لەنێو هەر خێزانێكی كورددا، كوڕ كاتێ ژنی دەهێنا، لە ماڵی باوكی دەمایەوە. هەروەها ئەو كچانەیشی شوویان نەدەكرد، هەر لە ماڵی باوكیان دەمانەوە. بەوهۆیەش، لە زۆربەی خێزانەكاندا باپیر و داپیر و پوور (واتە خوشكی باوك) هەر لەگەڵ خێزانەكە دەژیان. بەزۆرییش ئەو خێزانە گەورانە لەنێو توێژی گشتیدا بوون. هەمووشیان لەسەر یەك سینی یان سفرە نانیان دەخوارد و دادەنیشتن و لە یەك ژووردا بوون. بەوپێیەشی، كە ماڵەكان لە (دوو) ژوور و یەك نهۆم زیاتر نەبوو، بۆیە ژوورێك بۆ میوان، یان باپیر و داپیر و پوور و خوشك، بەكار دەهات. ژوورەكەی دیكە بۆ باوك و دایك و منداڵەكانی بوو. ئەوەش بۆ كاتی نووستن و پشوودان.
لە ڕووی شێواز و توانا و قەبارەی تاكی كوردەوە، لەنێو بنەماڵەی دەسەڵاتداران و بەرپرسان، تا بە چینی گشتی دەگات، ئەوەندە زانراوە، كە بەهۆی سروشتی شاخاویی خاكی كوردستان و ناوچە و مەڵبەندە كوردییەكان، تاكی كورد بەگشتی باڵایان بەرز و جەستەیان پتەو و قەبارەیان گەورە بوو، لەگەڵ بوونی باڵا كورت و بچووكیش. ڕەنگی پێستیان بەزۆری گەنم ڕەنگ و قژیان ڕەش بوو. وەك (تەیموور لەنگ) لە بیرەوەرییەكانیدا و لە كاتی داگیركردنی ناوچە و مەڵبەندە كوردییەكان، كوردەكانی بینیوە، باسی لەوە كردووە، كە پیاوانی كورد باڵابەرز و چاونەترس و ئازا بوون. بەتایبەت پیاوانی ناوچە شاخاوییەكان و هەرێمی لۆرستان، باڵایان نزیك بە (دوو) مەتر بوو. ئەو جەستە بەهێز و رێكەش بۆ باری ئاو و هەوای كوردستان و سروشتە شاخاوییەكەی گەڕابووەوە.
سیمایەكی دیكەی پیاوانی كورد ئەوە بوو، كە جامانەیان لەسەر بوو، ئافرەتاكانیش پۆشاكیان داپۆشراو و لەچكیان لەسەر بوو. لەنێو كۆمەڵگای كوردییش (نیقاب) نەبوو. مامۆستایانی ئایینیی كوردیش، وەك هەر مامۆستایەكی ئایینیی دیكە، مێزەری سپیان لەسەر بوو. لەلایەكی دیكەوە، پیاوان ئەركی دەرەوە و بازاڕ و پەیداكردنی بژێوی خێزانەكانیان لەسەر بوو. ئافرەتەكانیش ئەركی ناوماڵیان جێبەجێ ئەكرد.