كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پرووشە حەیدەر: هەرگیز ناتوانم تابلۆکانم بە بڕێک پارەی دیاریکراو بگۆڕمەوە

”هیچ شتێک وەک هونەر هەستی مرۆڤبوونت پێنابەخشێت“

كچەهونەرمەندی شێوەکار پرووشە حەیدەر، تەمەنی ٢١ ساڵ، دانیشتووی شاری هەڵەبجەی شەهید، خوێندکاری قۆناغی پێنجەمی کۆلێژی یاسایە لە زانکۆی هەڵەبجە.

پرووشە هەر لە تەمەنێکی زووەوە خولیای شێوەکاری و کایەکانی دیکەی هونەری هەبووە، بۆیە بەردەوام لە هەوڵی دۆزینەوەی بەهرە و لێهاتووییەکانی خۆیدا بووە. لە چاوپێکەوتنێکی بۆ (باسنیوز)، باسی لە خۆی و هونەرەکەی دەکات.

(باسنیوز): سەرەتای دەستکردنت بە کاری شێوەکاری دەگەڕێتەوە بۆ کەی؟

پرووشە: من لە ساڵی (٢٠١٩) بە شێوەیەکی ئەکادیمی لە ڕێگەی سەنتەری چالاکیی گەنجان دەستم بە شێوەکاری کردووە، کە بۆ ماوەی نزیکی سێ ساڵ هاوکارم بوون و توانیم لەو ڕێگەیەوە پەرە بەو بەهرەیەم بدەم کە لە منداڵییەوە ئارەزووی دەکەم، هەتاوەکوو ئێستاش بەردەوامم لە کاری شێوەکاری.

(باسنیوز): هونەری شێوەکاری لای تۆ چی دەگەیەنێ؟

پرووشە: ئێستا هونەر بووەتە بەشێکی گرنگ لە ژیانم و کاریگەریی داناوە لەسەر هەموو ئەو بڕیارانەی دەیاندەم و جێگەیەکی تایبەتی لەلای من هەیە، بە شێوەیەک، کە لە ڕێگەی تابلۆکێشان و فڵچە و ڕەنگەکانەوە، هەست بە پاکبوونەوەی دڵ و ئارامییەکی ڕۆحیی گەورە دەکەم.

(باسنیوز): هونەری شێوەکاری قورس نییە؟

پرووشە: بێگومان کاری شێوەکاری وەک هەموو کارێکی دیکە پێویستی بە هەوڵدان و ڕاهێنانی زۆر هەیە، هەتاکوو بگەیت بەو ئامانجەی بۆت داناوە، یاخود شێوازی کارکردنی خۆت بدۆزیتەوە.
ئەگەر لەپاڵ ئەمەشدا خوێندکار بیت، یاخود هەر کارێکی دیکە بکەیت، ئەوا كارەكە لەسەرت گرانتر دەبێت، بەڵام بە جۆرێک بۆ خۆی ڕاتدەکێشێت و چێژت پێدەبەخشێت کە هەموو قورسییەکانی لەبیر دەکەیت.

(باسنیوز): چەند کاتی دەوێ تاوەکوو هونەرەكە فێر بیت؟

پرووشە: کاتێکی زۆری دەوێت تاکوو بزانیت کە کامە شێوازی ئیشکردن لەگەڵ تۆ و تواناکانی تۆدا یەک دەگرێتەوە و بزانیت، کە لە کام قوتابخانە و ڕێبازی هونەریدا دەتوانی هەم خزمەت بکەیت و هەم نماییشی بەهرە و تواناکانیشت بکەیت.

(باسنیوز): لە رووی ئابوورییەوە هونەر بژێوییت دەستەبەر دەکات؟

پرووشە: بەداخەوە، بە شێوەیەکی گشتی کاری هونەری لە هەرێمی کوردستان ناتوانێت لە ڕووی مادییەوە پشتگیر و هاوکار بێت، هەرچەندە من کاری شێوەکارییم نەکردووە بە سەرچاوەیەکی داهات بۆ خۆم، بە شێوەیەک تابلۆکانم خۆش دەوێن، کە هەرگیز ناتوانم بەرانبەر بە بڕێک پارەی دیاریکراو بیانگۆڕمەوە.

(باسنیوز): لە کۆتاییدا چیت هەیە؟

پرووشە: هیوام وایە هەموو ئەو گەنجانەی خاوەن هەر بەهرەیەکن، زیاتر پەرە بە تواناکانی خۆیان بدەن و بەرەو پێشەوە بچن، چونکە بەڕاستی لە کوردستان کەسانی زۆر لێهاتوو و هونەردۆستمان هەن کە دەتوانن کاریگەرییەکی زۆر باش لەسەر داهاتووی خەڵك و نیشتمانمان دابنێن و هیچ شتێک وەک هونەر هەستی زیندوویی و مرۆڤبوونت پێ نابەخشێت.