ژاڵە بەکر، ئەو كچە هونەرمەندە گەنجە کوردەی شاری سلێمانی کە دەفتەرە بچووکەکەی و ڕەنگە دارەکانی هەر لە منداڵییەوە هاوڕێی بوون، بەپێچەوانەی ئەو منداڵانەی یارییان بە بووکەڵەکانیان دەکرد، چونکە یارییە دڵخوازەکەی وێنەکێشان بوو، بۆیە توانی لە ڕێگەیانەوە بنەمای هونەری بۆ خۆی دروست بکات ئەگەر چی هونەرەکەی بۆ ئەو کات خولیایەکی بچووک بوو، بەڵام توانیی پەرەی پێبدات.
ئەم کچە هونەرمەندە لەنێو خێزانێکی هونەردۆست گەورە بوو، برا گەورە هونەرمەندەکەی وەک قوتابخانەی یەکەمی خۆی بۆ ئاشنابوونەوە لەگەڵ هونەر دەزانی و هەمیشە لە کارەکانی براکەی دەڕوانی و ئەو ئارەزووەی هەبوو، کە گەورە بێت، لە بواری هونەری وێنەکێشاندا هاوشێوەی براکەی لێ دەربچێت، هەر بۆیە بە وردی سەیری ڕەنگ و شێوەی ئەو شتانەی دەکرد کە برا گەورەکەی دەیکێشا و ڕەنگە ڕەشەکانیش کاریگەرییان لەسەری هەبوو، لەو کاتەدا فێری ئەوە بوو کە چۆن ڕەنگەکان لە هەموو شوێنێکدا بڵاو بکاتەوە و لە ڕێگەی فڵچەکەیەوە چیرۆکی خۆشەویسیتی خۆی بۆ ڕەنگەکان پێشان بدات.
لە سەرەتاکانی دەستپێکردنی وێنەکێشان، بە شێوازێکی تەواو لە ساڵی 2001 ژاڵە لەلایەن مامۆستاکەیەوە پشتگیری و هاندانی وەرگرت، ئەو کاتە لە قۆناغی ناوەندیدا دەبێت و مامۆستای وانەی هونەرییان لە ژووری تایبەت بە وێنەکێشان (ستیل لایڤ)، کە شێوازێکی تایبەت بە وێنەکردنی راستەوخۆیە، چاوی بە شێوازی وێنەکێشانی دەکەوێت و وێنەکانی ژاڵەی لا پەسەند دەبێت، هەرچەندە خاوەن ئەزموونێکی کەم بوو، بەڵام وردە وردە خەریک بوو خۆی تێیدا دەبینییەوە، کە چۆن دەتوانێت هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێش بچێت و چاوەڕوانی کاری گەورەتر بکات، تەنانەت ڕۆژانە بێ وچان هەر شتێکی دەبینی، حەزی دەکرد وێنەیەکی لەسەر بکێشێت.
بە گوتەی ژاڵە: "نەک هەر هونەر، بەڵکوو هەموو کارێک لەسەرەتادا هەم سەختە و هەمیش دژایەتی دەکرێت و بەربەستی بۆ دروست دەکرێت، بەڵام گرنگە مرۆڤ بتوانێت سەرەڕای هەموو بەربەستەکان، هەوڵ بۆ ئامانجەکەی بدات و خەونی خۆی بەدی بێنێت."
ئەو سەختییانەی ژاڵە ڕووبەڕوویان بووەوە
تەواوکردنی خوێندن بۆ ژاڵە زیاتر بڕیار و ئامانجی خێزانەکەی بوو بۆی، بۆیە لەسەر داخوازیی خێزانەکەی، بڕوانامەی پەیمانگای بەریتانیی لە بەشی ژمێریاری بەدەست هێنا، چونکە لە ڕوانگەی ئەوانەوە، ئەم بڕوانامەیه ئایندەیەکی باشی هەیە بۆی.
ژاڵە، ناچار بوو ساڵانێک لە وێستگەیەکدا بوەستێت، بۆ ئەوەی خەونی خێزانەکەی بەدی بێنێت و خوێندنەکەی تەواو بکات، بەڵام لەپاڵ خوێندنەکەیدا، هەوڵی پێشخستنی هونەری دا و لەو کاتەدا لە ڕێگەی هاوڕێیەکییەوە بە سەنتەری گەنجان لە شاری سلێمانی ئاشنا بوو، بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە رۆیشت و کارەکانی بە مامۆستاکەی هونەری پیشان دا، ئەویش پاڵپشتیی كرد بۆ بەرەوپێشبردنی هونەرەکەی. دوای تەواوکردنی خوێندن، بەهۆی ئەو بارودۆخە سەختەی پێیدا تێپەڕی، نەیتوانی بۆ خوێندنی هونەری وێنەکێشان پەیوەندی بە هیچ ئەکادیمیا و پەیمانگایەکدا بکات و هەر لە ڕێگەی خۆی و پاڵپشتیی مامۆستاکەی و بینینی کاری هونەرمەندانی دیکە، هونەرەکەی بەرەو پێش برد، بەڵام سەرەڕای ئەو سەختییانەی ڕووبەڕووی بوونەوە، کۆڵی نەدا، بەڵکوو هەموو هەوڵی خۆی دا بۆ گەیشتن بە خەونەکەی و لە ساڵی 2022 لە پیشانگایەکی نێودەوڵەتی لە وڵاتی ڕووسیا بەشداریی کرد و توانی پلەی سێیەم بەدەست بێنێت.
گەشتی هونەریی ژاڵە پڕە لە عەشق و خولیا بۆ هونەر
گەشتەکەی ژاڵە بەردەوامە و دواتر سواری ئەو شەمەندەفەرە هونەرییە دەبێت، کە لە ڕۆح و دڵیدا ئاوازی خوێندووە و هەستی پێ کردووە، درێژە بە گەشتەکەی دەدات و ڕۆژ بە ڕۆژ سەرکەوتنی زیاتر بەدەست دێنێت، ژاڵە دەڵێت: "لە دیدی مندا هونەر زیاتر هەڵبژاردەیە، ئەگەر 1%ی بەهرە بێت، ئەوا 99%ی دیکەی پەیویستە بە هەوڵ و ئەو بەردەوامییە، کە لەگەڵیدا ئەنجام دەدرێت، چونکە هونەر خولیا و عەشقە، هەر بۆیەش ئەگەر کەسێک عەشقی هونەری لە دڵیدا نەبێت، ئەوا خوێندن هیچ کاریگەرییەکی لەسەر جێ ناهێڵێت و خۆشبەختانە خۆم کاریگەریی ئەو عەشقە لەسەرم هەیە و منی ڕاکێشاوە بۆ هونەر و زۆریش خۆشحاڵم، کە عاشقێکی هونەرم."
ژاڵە هەموو کات بە بینینی کاری هونەرمەندانی دیکە لە ڕێگەی پیشانگا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەرسام دەبێت و لە هەمان کاتدا فێری وانەیەکی نوێ دەبێت، وەک کارەکانی مامۆستاکەی و هاوڕێیەکەی و هەروەها کۆمەڵێک لە هونەرمەندانی کورد و فارس و ڕووس، هەم لە رووی بەکارهێنانی کەرەستە و هەمیش هەڵبژاردن و تێکەڵکردنی ڕەنگەکان، هەروەها لەژێر کاریگەریی ئەو هەستانە بووه، کە زمان ناتوانێت پێناسەیان بکات، ژاڵە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی تابلۆ هونەرییەکانی، ئازار و خەم و خۆشییەکان، تەنانەت ڕۆڵی ژنیش بەرجەستە بکات و سەبارەت بەمەش گوتی: "لەنێو تابلۆکانمدا، هەمیشە حەزم کردووە کار بۆ ئافرەت بکەم، چونکە ئێمەی ئافرەت زیاتر لە خۆمان تێدەگەین."
هەرچەندە هەتا ئێستا هونەرمەندەکە زیاتر لە 10 پیشانگای هاوبەشی هەبووە و پیشانگای تایبەتی نەبووە، بەڵام لە مانگی 7ی 2022، بۆ یەکەمین جار بەشداریی لە پێشانگایەکی نێودەوڵەتی لە وڵاتی ڕووسیا کرد، بە بەشداریکردنی زیاتر لە 200 هونەرمەند لە شارە جیاوازەکان و تیایدا هونەرەکانی وێنەکێشان، فۆتۆگرافی، پەیکەرسازی، سیرامیک و کاری دەستی نمایشکرا بوون، ژاڵەش توانی بە تابلۆیەکی پڕ واتا، وەک کچە هونەرمەندێکی کورد، لەنێوانیاندا پلەی سێیەم بەدەست بێنێت، دواتر تابلۆی ئەم هونەرمەندەیان کڕی و لە گەلەرییەکی تایبەت لە مۆسکۆ دانرا و پاشان لە دوو پیشانگای دیکە لە مۆسکۆ نماییش کرا و بووە جێگای سەرسامبوونی هاموشۆكەرانی گەلەرییەكە.
ژاڵه شانازی بە کوردبوون و ناسنامە و کولتوور و فەرهەنگی وڵاتەکەی دەکات، هەرچەندە توانیویە لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە، کە سەر بە قوتابخانەی ریالیزمە، داهاتێکی ئابووری بۆ خۆی پێك بنێت و ڕۆژانە خەڵک لە ڕێگەی پەیجی (ئینستاگرام) و (تیکتۆک)ەکەیەوە داوای کێشانی تابلۆی خۆیان، یان کەسە نزیکەکانی لێ بکەن و ئەمیش ڕۆژەکەی خۆی بە وێنەکێشان پڕ دەکاتەوە، لە ڕێگەی تابلۆ تایبەتەکانی خۆیشی، کە لەسەر کاغەز و کانڤاس، بە بەکارهێنانی قەڵەمی خەڵووز و ڕەنگی زەیتی و ئەکریلیک دەیانکێشێت، گوزارشتی لەو رووداوانەی كردووە، کە بەسەر وڵاتەکەیدا هاتووە و پێناسەی کوردیان لە چوارچێوەیەکدا کۆ کردووتەوە، بەشێکی دیكە لە تابلۆکانی، لەسەر وێنەی کەسایەتییە ناودارەکانی کورد و هونەرمەندانە وەک (قازی محەمەد، شێرکۆ بێکەس، عەباسی کەمەندی، ماملێ، مەزهەری خالقی و ... تد)، جگە لەمانەش، وێنەی جوانی سروشتیش بەشێک لە وێنەی تابلۆکانی ژاڵەیە.
جگە لە هونەری وێنەکێشان، ژاڵە حەز بە کاری دەنگ و ژەنینی ئامێرە مۆسیقییەکانی وەک دەف و گیتار دەکات، وەک خۆی دەڵێت: "هونەری وێنەكێشان و مۆسیقا تەواوکەری یەکترن و هەستێکی ئارامم پێ دەبەخشن."
ژاڵە ئەو کیژۆڵە کوردەی، کە خاوەن ڕۆحێکی هونەرییە و لە جیهانی ڕەنگەکاندا دەژیت، هەرچەندە نە پەیمانگا و نە زانکۆی هونەری تەواو نەکردووە، بەڵام خۆی لە قوتابخانەی ریالیزمدا دەبینێتەوە و ماوەی 9 ساڵ دەبێت لە ڕێگەی بەشداریکردن لە پیشانگاکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، خزمەت بە پێشخستنی هونەر لە کوردستان دەکات و ئێستاش سەرقاڵی کاری دیزاین و دیکۆراتی ناو ماڵە و پێی وایە ڕێکخستن و دیزاینی ماڵیش بەشێکە لە خولیاکانی، هیواداریشە لە ئایندەدا بتوانێت گرووپێکی تایبەت بە خانمان بە مەبەستی دیزاین و دیکۆردارکردنەوەی ماڵان ڕێک بخات.