ئەوا هەڵبژاردنیش ئەنجام درا، هەرچەندە لێرەولەوێ ئەوەی دەنگی نەهێناوە، یاخود لیستەکەی بە دڵی حزبەکەی نییە، گلەیی و ناڕەزایی هەیە، هەرچۆنێک بێت، بەپێی ڕاپۆرتی کۆمسیۆن و چاودێرانی سیاسی، پرۆسەیەکی سەرکەوتوو بوو. ئێستا کاتێکی زۆر گونجاوە، بۆ ئەوەی کاتێک پەرلەمانتاران دەستبەکار دەبن، ئەو بەڵێنەی لە کاتی بانگەشەدا بە خەڵکیان دا، بیخەنە بەرنامەی کاری ڕۆژانەیان و دڵسۆزیی خۆیان بۆ گەل و وڵات بسەلمێنن و گوێ لە داخوازییەکانی خەڵک بگرن، چونکە بە دەنگی خەڵک و خانەوادەی شەهیدان چوونەتە پەرلەمان، بۆیە دەبێ بە یاسا داكۆكی لە بەرژەوەندییەكانی خەڵك بكەن و هەوڵی باشتركردنی گوزهرانیان بدەن، چی لە بەرژەوەندیی قەوارەی هەرێمی كوردستانە بیخەنە بەرنامەی كاریان و چاودێرێكی باش بن بەسەر ئەدا و كاری حكوومەت، پێشمەرگەئاسا ببن بە ههڵگر و پارێزهری ئاڵای كوردستان، چونکە ئێمە ڕیفراندۆممان كرد، بەتایبەت ئەندامانی پارتی ئەوەیان لەبیر بێ، كە سەرۆک بارزانی خهمخۆری گهلهكهیهتی و بەرپرسیاریی هەرە گەورەی پاراستن و بەرەپێشبردنی كوردستان و پرۆسەی حوكمڕانی لە ئەستۆی پارتیدایە، هەر لەبەر ئەوەیە پارتیبوون ئەرکێکی قورسە، پەرلەمانتارەكانیشی ئەرکیان قورستر دەبێت، چونکە ئەرک و بەرپرسیاریی نەتەوەیی زیاتر دەكەوێتە سەریان، تاوەكوو كوردستان و ئەزموونەكە لەدەست نەیاران بپارێزن.
شاراوە نییە، كە کوردستان دوژمن و نەیاری زۆرە و هیچ کات چاویان بە کوردستان و دەسكەوتەكان و پێشكەوتنەكانی هەڵنایەت، شەو و رۆژ لە هەوڵ دان بۆ لاوازكردن و نهمانی پارتی و لەو رێیەشەوە نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی كوردستان، لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنیشدا بەئاشكرا ئەوەیان راگەیاند و سەری زمان و بنی زمانیان ئەیڕووخێنین و رایاندەگرین و وەردەگرینەوە و چەندین دروشمی نابەرپرسانە و ناشارستانییان هەڵگرتبوو و بە هەموو توانایان دژایەتیی پارتی و پرۆژە و دەسكەوتنەكانی حكوومەتیان دەكرد، بەڵام دهنگی دڵسۆزانی گهلهكهمان، ئهمجارهش وەک ڕابڕوو، لەسەر سندووقی دهنگدان خهونی گڵاوی دوژمنان و نهیاران و خۆفرۆشانی لەگۆڕ نا و سهریان دا لە تاشەبەردەکانی سەری بڵند و دووبارە پارتی بووەوە یەکەمی بێ ڕکابەر. هۆكاری سەرکەوتنی پارتییش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی سەرۆك و مەرجەع و خیتابی واقعی و كوردستانییانە، هەروەها دیسپلینی پارتایەتی و یەک بڕیار، کە لەلایەن سەرۆک بارزانی دەردەچێت و هەموویان بە گیان جێبەجێی دەكەن، پارتی سەلماندوویەتی كوردستانییانە بیر دەكاتەوە و باوەڕی قووڵی بە پێكەوەژیان و دیموكراسی هەیە، بەرگری لە خەڵك و خاکی نیشتمانەکەی دەکات، پارتی خاوەن جەماوەرێکی دڵسۆز و دەیان داستانی پڕ نەبەردی و خۆنەچەماندنە، بۆیە هەمیشە پێشڕەو و یەكەمی مەیدانە.