كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
بەرهەم عەلی 23/10/2024

جەماعەتی (تانە و تەزویر!) نانێك بكەن بە خێر بۆ پارتی

هێمن هەورامی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی، لە دیمانەیەكی كەناڵی (ئاڤا)دا، جوانی بۆ هات و ورد پێكای كە گوتی: ”ئەنجامەكانی ئەم هەڵبژاردنەكانی 20ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ، بۆ هەموانی سەلماند كە لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا پارتی نەك هەر تەزویری نەكردووە، بەڵكوو تەزویری لێ كراوە.“

ئەی ئەو جەماعەتە دۆڕاوەی كە ئێستا بانگەشەی ئەوە دەكەن گوایە لە هەڵبژاردنەكانی 20ی ئەم مانگەدا، تەزویر كراوە!
ئێوە باش دەزانن كە ئەم هەڵبژاردنە دەبوایە ساڵ و نیوێك زیاتر بەر لە ئێستا بكرایە، بەڵام ئەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، لەبەر دۆخی شەپڕێو و شڵۆقی ناوخۆیی خۆی، هەموو هێزی خۆی و ئاغاكانی خستبووە گەڕ و هەم دەپاڕایەوە و هەم فشاری زۆری دەهێنا تا هەڵبژاردن دوا بخرێت! باشە ئێوە بۆچی ئەوسا هێندە ترسنۆك و بوودەڵە بوون، دەچوون پارتییشتان لەگەڵ یەكێتی تاوانبار دەكرد و، پیاوێكتان تیا نەبوو بە ئاشكرا و بە دەنگی دلێر بڵێ: ”ئەوە یەكێتییە زەندەقی لە هەڵبژاردن چووە و دەیەوێ دوای بخات؟“

بیرمە بە بەرچاوی هەمووتانەوە، دەوڵەتێكی ئیقلیمی و هەموو سەركردەی ملیشیاكان، رێیان پیشانی یەكێتی دا و پشتیان گرت و ئنجا دادگای فیدراڵییشان بەردایە گیانی هەرێمی كوردستان. تەنیا پارتی رووبەڕووی ئەم موئامارەیە بووەوە، ئێوە نەك هەر بێهەڵوێست بوون، بەڵكوو هاوئاوازی یەكێتی، خەنی بوون و لە خۆشییا حەفاەتان دەكرد!

بیرمە دادگای فیدراڵی، پەرلەمانی كوردستانی پەك خست، ئەودەمیش تەنیا پارتی رەخنەی لەو بڕیارە گرت، دەنا ئێوە هاوئاوازی یەكێتی لە خۆشییا كەوتنە هەڵپەڕكێ! بیرمە دادگای فیدراڵی، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی كوردستانیشی پەك خست، دیسان پارتی بەتەنیا دژی ئەو بڕیارە دەنگی هەڵبڕی، بەڵام ئێوە هاوئاوازی یەكێتی، لەخۆشییا وەك فیفی عەبدە هەر باتان دەدا!

بیرمە دادگای فیدراڵی بڕیاری دا، یاسای هەڵبژاردنی كوردستان كاری پێنەكرێت و یاسای عێراقیان لەسەرمان فەرز كرد، ئێوە دیسان بە تەپڵی یەكێتی كەوتنە شایی! بیرمە دادگای فیدراڵی 11 كورسیی كۆتای پێكهاتەكانی لە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان كەم كردەوە، ئەوكاتیش دیسان پارتی بەتەنیا ناڕەزایی دەربڕی و ئێوەش لە خۆشییا ئاهەنگتان دەگێڕا!

بیرمە دادگای فیدراڵی، مافی كورسیی كۆتای بۆ پێكهاتەكانی (كریستیان و توركمان) نەهێشت، سەرلەنوێ ئێوەم بینی لە خۆشییا كەوتنە هەلەكەسەما و هەر خەیاڵتان لای ئەوە بووە گوایە بەو بڕیارە، پارتی زەرەر دەكات! كەچی ئێستا كە بە بەرچاوتانەوە كاندیدێكی كریستیانی رەیان كلدانیی نێو لیستی تیرۆری ئەمریكا بە پشتیوانیی یەكێتی لە شارباژێڕ! دەردەچێت، پیاوێكتان تیا نیە، فززەی لێوە بێت.

بیرمە كە هەڵبژاردن لەسەر داوای یەكێتی دوا خرا بۆ رۆژی (٢٠\٦\٢٠٢٤) یەكێتی پەنای بۆ دەوڵەتە ئیقلیمییەكەی دۆستی برد و لەوێ بەڵێنی پێ درا كە 30 كورسیی بۆ مسۆگەر بكەن! پارتی پێی زانی و بەڵگەی كەوتە بەردەست، بۆیە زوو هاواری كرد و گوتی: ”ئێمە ناچینە هەڵبژاردنێكەوە كە پێشوەختە دیزایینی بۆ كرابێت.“ بیرمە ئەوكاتیش پارتی بەتەنیا بوو و هیچ لایەنێكتان پیاوێكی تیا نەبوو جورئەتی ئەوەی هەبێت دژی ئەو هەوڵی تەزویرەی یەكێتی و دراوسێكەی! بوەستێتەوە و وەك پارتی بڵێ: ”ئەو تەزویرە قبووڵ ناكەین.“ ئەمە لە حاڵێكدا مسۆگەركردنی 30 كورسی بە ساختە بۆ یەكێتی، پێش پارتی زیانی لەو حزبانە دەدا.

بیرمە پارتی هەموو هەوڵی خۆی خستە گەڕ كە هەم هەڵبژاردن دوا بخرێت و هەم بە باشترین میكانزم رێگە لەو تەزویرە گەورەیەی یەكێتی بگرێت، بیرمە ئەودەمیش ئێوە هەر دژی پارتی وەستان و پیاوتان تیا نەبوو هەڵوێستی هەبێت.
بیرمە كە خۆشبەختانە بە هەوڵی پارتی، هەڵبژاردن دوا خرا بۆ (٢٠\١٠\٢٠٢٤) ئێوە دیسان لەوەشدا پارتییتان تۆمەتبار دەكرد و هەر نەتانوێرا بەئاشكرا بڵێن: ”تەزویرەكەی یەكێتی ئاشكرا بووە بۆیە هەڵبژاردن دوا خرا.“

بیرمە لە گەرمەی رۆژانی بانگشەی هەڵبژاردندا، پارتی بێمنەتانە بەڵگەیەكی تۆمارەدەنگیی گفتوگۆیەكی تەلەفۆنیی كورتی نێوان بافڵ و قوباد تاڵەبانیی بڵاو كردەوە كە تیایدا بافڵ، قوبادی برای دڵنیا دەكاتەوە كە وڵاتێكی دراوسێ دەست لە هەڵبژاردنەكان وەردەدات و بەڵێنی پێ داون 30 كورسییان بۆ مسۆگەر بكات. گەرچی ئێوە باش دەتانزانی كە ئەو تۆمارەدەنگییە راستە، گەرچی دەتانزانی ئەو تەزویرە گەورەی چ زیانێك لە ئێوەش دەدات، كەچی یەك پیاوتان تیا نەبوو، سەركۆنەی ئەو هەوڵە تەزویرەی یەكێتی و دراوسێكەی بكەن، بەپێچەوانەوە لە پەیج و مەیجەكانتانەوە، هەوڵتان دا پارتی تۆمەتبار بكەن بەوەی گوایە ئەو تۆمارەدەنگیەی بافڵ و قوبادی بە زیرەكیی دەستكرد چێ كردووە!

بۆیە ئەی ئەو جەماعەتە دۆڕاوەی كە ئێستا بانگەشەی ئەوە دەكەن گوایە لە هەڵبژاردنەكانی 20ی ئەم مانگەدا، تەزویر كراوە! من بەوپەڕی قەناعەتەوە پێتان دەڵێم: حەق وایە رۆژانە نانێك بخۆن و نانێك بكەن بە خێر بۆ پارتی كە نەیهێشت لە ٢٠\٦\٢٠٢٤ ئەو هەڵبژاردنە بەڕێوە بچێت، دەنا یەكێتی و دراوسێكەی پەڕوباڵیان دەكردن و ئەودەم لەجیاتی ئەم سێ چوار كورسییەی هێناوتانە، تەپڵەكێكیشتان بۆ نەدەمایەوە!