كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
هاوبیر 14/10/2024

هـاوارێـک بـۆ کـورد.. بانگەوازی گەشەی کوردان لە ئۆکتۆبەری ڕەشدا

39

فایەق بێکەسی مامۆستا و هۆزانڤانی کورد، بۆ خۆتەکاندن و خۆپاککرنەوەی لەو خاشاکەی ژیانی ڕۆژانەی لەنێو نامەردانی نیشتیمانفرۆشدا لێی نیشتبوو، بە هەستێکی ناسک و هۆشێکی باڵاوە ڕوو دەکاتە کوردستان و دەبێژێت:
بەو خوایەی بێ شەریک و لامەکان و واحیدە
عـەشقی تـۆ نەوعـێ لە دڵمـا ئاگری کردۆتـەوە
ئاگرێکـی وا هـەزار سـاڵ ئاوی بڕژێنیتە ســەر
قەت گـڕ و کڵپە و بڵێسەی تا ئەبەد نەکوژێتەوە

ئەمە هەستێکی خۆبەخۆ (عەفەوی)ـی بێکەسی کەس و خەمخۆری نیشتمانە، کە وەک گڕ و تیشکێکی ئاهوورایی هەربوو (ئەبەدی)، بەشێکە لە پێکهاتەی بوون (وجوود)ـی و کوژاندنەوەی ئاستەمە. ئەو کە هەستی قووڵتر و ئاسۆی ئاوەزیشی باڵاترە لەو ژیوار (واقیع)ـەی هەیەتی، بۆیە لە بێنەوبەردەی هاوشێوەکردن (موحاکات)ـی ژیوارەکەی دێتە دەر. ئەمەیش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت، کە هەڵەیەکی گەورەیە و ئاسان نییە و بگرە نەشیاویشە، مرۆڤ بکرێت بە ئاوێنەی ژینواری. ئەوەیشی ماشێنی دەستکەوتخوازان لەم بوارەدا دەیڕێسێت، تێکشکاندنی کەسایەتیی مرۆڤە، تا بەو شێوەیە دایبڕێژێتەوە، کە هاوتەریبی هەوەسبازێکانی ببێت.
کە دەزانم ئەمە بارە ئاساییەکەی ژیانە، بە لامەوە وایە، ئەوانەی بە بیانگەی دژواریی ژیواریانەوە دژی نەتەوە و ئاخی خۆیانن، لە ناخەوە نەخۆشن و لە بارە ئاساییەکە لایانداوە و کۆتبەند و کۆیلەی کەماسێتیی کەسایەتییەکەیانن.

لەم ڕۆژانەدا یادی کارەساتی ئۆکتۆبەری ڕەشە، ئەو ڕۆژەی ڕەشەبای مەرگ هەڵیکرد و ژیانی کوردانی هەژاند. لەو ڕۆژەدا بیاباننشینانی نەوەی قەعقاعی تەمیمی و حەججاجی سەقەفی و هاوەڵانی دڕندەیان، بە سرووش و سەرۆ وەرگرتن لە مێژووی خوێنڕێژییان، بە ڕەوە هاتن. هاتن و بە کەڵبە ژاراوییەکانیانەوە، کەوتنە کەلەپاچەکردنی لەشی کورد و دیسانەوە وەک دەیان جاری دی پێیان گوتینەوە: ”ئێمەی خاوەن زمانی پیرۆزی بەهەشت، لەسەر بورجی عاجین و دەبێت ئێوەیش، کە نەوەی جنۆکەن و لێمان تێناگەن، مەوالیمان بن و هەمیشە دەستەونەزەر لە خزمەتماندا بن.“

بەڵام وەکوو جاری دیكەیش گوتوومە، گلەییکردن لەوان و لە هەرکام لە گەلانی داگیرکەری دراوسێمان، نەزانییە. چون ئەوان وا لە چڵپاوی ئایدیای ڕەگەزپەرستی و نادادیی دەوڵەتەکانیاندا کینگڵيان خواردووە و هێندە هێڕ کراون، کە پێزی مرۆڤدۆستییان پێوە نەماوە. ئەو نووزەنووزەی لێرە و لەوێش لێیان دەبیستین، هێند کزە، ناگاتە بەرگوێی بڕياربەدەستانیان. بۆیە سەرکۆنەکردن و بگرە سزادانیش دەبێت ئەو کوردە گەزۆخۆرانەی داگیرکەرانی کوردستان بگرێتەوە، کە فرچکیان بە فەرهەنگی بیانییانەوە گرتووە و بە ئاممان و زەمان لێی نابنەوە.

کەمترین سەرزەنشتی ئەو کوردانەی لە ئۆکتۆبەری ڕەشی2017دا بوون بە حەسحەس و پارێزەری ئاڵای عێراقی (عورووبە) ئەوەیە کە لە کورد و کوردایەتی داشۆردراون. ئەوان، کە بەو کارە نامەردانەیان نەیانهێشت ئاڵای کوردستانیش لەم گەردوونە فراوانەدا چەند سانتیمەترێکی بەرکەوێ، هەلی زێڕینی بەدیهێنانی خەونی دەیان ملیۆن نەتەوەپەروەری کوردیان لەدەست دا، کە ساڵانێک خەمی کورد و سەربەخۆبوونی ئاخی کوردستانیان ئاخنیبووە نێو ناخیان و ئازارێکی زۆر بەسۆی وایان خستە قووڵاییەکانی دڵ و دەروونییانەوە، کە فرمێسکی زۆریان بۆی ڕشت.

لای تاکی هۆشیاری کورد، نەتەوەکەی شایانی هەموو ئەو شتانەیە، کە نەتەوەکانی دی هەیانە، بۆیە هیچ ئایدیا و فەرهەنگ و نەتەوەیەکی بەلاوە باڵاتر و پیرۆزتر نییە لەوانەی خۆی. ئەم کەسە چەندی بە دنیادا دەگەڕێت و دەڕوانێت، کەس وێنەی وی بێ حاڵ و لانە و بێ ماڵە باوان نییە. ئەم ڕاستییانە ئۆقرەی لێ دەبڕن و ماخۆلانی پێ دەگرن و دەروونی پڕ دەکەن لە سوێی سەربەخۆیی. بۆیە پاییزی 2017، کە تازە بە سەرکەوتوویی لە جەنگێکی سەخت بەرانبەر ڕەشترین و بۆگەنترین دوژمنی دژەمرۆیی (دەوڵەتی ئیسلامی- داعش) هاتبووە دەر و خاوەن ورە و چەك و تفاق و ڕێز و لایەنگیری دنیای ژیاندۆست بوو بۆ پێشمەرگە و سەرکردەکانی، بە هەلێکی مێژوویی زانی، کە تەوژمێک بە کاروانی ژیاندۆستیی خۆی بدات و شادی و شایی بخاتە شوێنی شین و شۆڕ و داوای ڕەوایی ژیانی بۆ خۆی کرد و بڕیاری ڕاستکردنەوەی باری نالەباری خۆی دا و تیایدا هەمان ئەو ویستەی دووبارە کردەوە، کە لە کۆتایی ئەیلوولی 1924، بە کۆمەڵەی نەتەوەکانی پیشان دابوو؛ سەربەخۆیی کوردستان و پێکەوەنانی دەوڵەت.

لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کورسستاندا، سەربەخۆخوازانی ئاشقانی ڕووەوخۆری ئیلهاموەرگر لە هزر و گوتار و ڕەفتاری چاکە، هومێدێکیان لە هەناوی نەتەوەدا گەشاندەوە، کە لە کەوناراوە لە کاروانێکی بەردەوامدابوون بۆی. ئەوان، کە ئەوەیان لە ناخیاندا چەسپاندبوو، کوردیش مافی بێ چەندوچوونی وەك ئەوی ناکوردی هەیە و پراکتیزەی ئەوەیش تەنێ لە سایەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستاندا دەکرێت، بە تاسە و ئارەزوویەکی زۆرەوە بە دەنگ بانگەوازی (بارزانی)یەوە چوون و شانازیی بەشداربوون و (بەڵێ)ـیان بە ئاوی زێڕ لە یادەوەرییەکانیاندا تۆمار کرد.

دوو ڕاستی لای سەربەخۆخوازانی کورد تەواو چەسپاون:
یەکەم: داگیرکردنی کوردستان بەهۆی ئەوەوەیە کە داگیرکەر خۆی بە هەڵگری پەیامی خودایی زانیوە و کوردیش بە مەوالی و بەو بیانووەش هەرچیی نەشێ و نەبێت کردوویە و دەیکات. بۆیە خۆڕاپسکان و ڕاپرسی تەنێ بۆ خۆڕزگارکردن بووە لە مەوالێتی، نەک دوژمنایەتیی ئەوی دیكەی ناکورد. جا کە لەسەر ئەم گۆی زەوییە نزیکەی دووسەد دەوڵەتی سەربەخۆ هەیە و بارودۆخی ساتی بەدەوڵەتبوونی زۆربەی ئەو نەتەوانەیش لەوەی ئەم لەبارتر نەبووە، ئەمیش ساتی ڕیفراندۆمی پیرۆزی بە باشترین زانیوە، کە ئەو بڕیارەی تێدا بدات.

دووەم: خەیاڵی پێکەوەژیانێکی مرۆییانە لەو دەوڵە خەرابستانەی، کە لەلایەن ئیمپریالیزمی ئینگلیزەوە بەر لە سەد ساڵ پێکەوە نراوە و ناو نراوە عێراق، ئەفسانەیەکە بۆ شکاندنی شکۆی کورد. لە کاتێکدا سەربەخۆیی کوردستان، ئەو قەوارە ناقۆڵایە تێدەشکێنێت و ئەو ڕووبارە خوێنینەی بووەتە تاکە کەناڵی پەیوەندیی عارەب و کورد، وشک دەکات و دۆستایەتییەکی هەتاهەتایی لەنێوان کورد و دراوسێکانی دادەمەزرێنێت و ناوچەکە دەکاتە مێرگوزاری پڕ لە ژیان و جوانی.
بۆیە، بۆ هەمیشە لە یاد و یادەوەرییاندایە و باکیان بە تەنگەتاوبوونی تەفرەبازگەلێکەوە نییە، کە لەسەر ڕەواییبوونی ئەم بڕیارە و رێكەوتەکەی، پەڵپ و بیانوو دەگرن.

لەڕاستیدا ناحەزان شایانی نەفرەتی نەتەوەن و دەبێت خۆیان و ئوستادەکانیشیان بزانن:
ئەو کوردە ناکوردانەی لە ئۆکتۆبەردا پشی پشی و چاوساغییان بۆ داگیرکەرانێك کرد، کە بناغەی بینای شارستانییەتێکەیان لە کەللـەسەری باوانمان داناوە، چ خەمخۆرێکی ئاخی خۆیان نەبوون، ئیدی چۆن دەکرێت ئێستا بە ناوی نەتەوەوە قسان بکەن؟ لە ڕاستیدا ئەوان تەنێ کاڵفام نەبوون، بەڵکوو نیشمانفرۆش و ناپاک و ناڕەسەن بوون. بۆیە تا ئەو کاتەی لەو کارەیان پەژیوان دەبنەوە، پاک نابنەوە و ڕەسانەیەتییەکی وایان بۆ ناگەڕێتەوە، کە دایکی نیشتمان لەتەکیاندا ئاشت ببێتەوە.  
ئەوە ماوە، لە کۆتایی هاواری ئەوجارەمدا، دوای ئومێدم بۆ بەهۆشداهاتنەوە و خۆپاککردنەوەی ناپاکانی نیشتمان، تێڕوانینی خۆم بۆ خاکی پیرۆزی کوردستان لەم  پێنج خشتەکییەمدا کورت بکەمەوە:
کـە تۆ چەشنـی ترپەی دڵ نیشـانەی بۆ ژیانـم
نـاوی پـیـرۆزت ڕەگـی زیـندەگیـیـە بـۆ مـانـم
بـە تـۆوە پایـەدار و خاوەن شکـۆم وەک سانم
ڕوومت لێ وەربگێـڕم لە هەموو کەس نەبانم
زاگەی خوداوەندانی، ڕووگەی بۆم کوردستانم