كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
نەجمەدین محەمەد قەراجی 30/09/2024

پارتی حزبی خزمەت و ئاوەدانییە، ئەی ئەوان چی؟

پێم سەیرە پارتی و جەماوەرە دڵسۆزەکەی، كە هێز و توانایەکی زۆر گەورەیان هەیه، کەچی خۆیان بە هەندێک كەسی ناكەس خەریک دەکەن و كاتی بەنرخی خۆیان بەو بێنرخانە دەکوژن.
ئەوانە، كە لە هەموو رەوشت و ئادابێك داشۆراون، تەنانەت لەناو حزبەکەی خۆیانەوە نرخ و سەنگیان نەماوە، هیچ پێوست ناکات لە سۆشیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە باسیان بکرێت، ئەوانە بە هەموو پێوەر و پرنسیپێك دۆڕاون و خەڵك و خاك لێیان بەرییە.
بەرژەوەندخوازن هیچ کات بیر لە خاک و وڵات ناکەنەوە، ئەوەیش بە شاهێدیی هەموو گەلی کورد، کە پەرێزیان لە خۆفرۆشی و خاکفرۆشیدا دیارە، کێ پارەی زیاتریان بداتێ، بەدوای ئەو کەسەوەن و لایان گرنگ نییە دوژمن و داگیرکەر دێت بە ئارەزووی خۆی خێروبێری وڵاتەكەمان دەدزێت و کولتوورمان ناشیرین دەکات.
هیچ شتێك بۆ ئەو کەسانە گرنگ نییە، چونکە دۆڕاون و دۆڕاویش هیچی نەماوە تا لەدەستی بدات، نابێ بە هیچ شێوەك لەگەڵ پارتیدا بەراورد بكرێن، كە خاوەن خەباتێکی نەپساوە و داكۆكیكاری دۆزی رەوای كوردستانە.
هەر پارتی خاوەن دۆزی ڕەوای گەلەکەی و پارێزەری دەسكەوتەكان بووە، لەم پێناوەشدا هەزاران شەهیدی داوە و هەرگیز سازشی لەسەر مافە ڕەواکانی نەكردووە، خەباتی پارتی ڕوون و ئاشکرایە و دوور ناڕۆین، هەر لەم چەند ساڵەی رابردوودا کاتێک تیرۆریستانی داعش ویستیان هەولێر داگیر بکەن، بەڵام پێشمەرگەکانی پارتی بە خوێن و گیانی خۆیان نەیانهێشت سنوور ببەزێنن، ئەگەر پارتی نەبوایە، وەک ئەفغانستان سەدەیەک دەگەڕاینەوە دواوە.
بەڵام ئەوە هێزەکانی پێشمەرگەی پارتی بوو خۆی نەچەماند و سنوورەکانی هەرێمی كوردستانی پاراست، حکوومەتی هەرێمیش لە کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتیی کاک مەسرور بارزانی، توانیی هەموو لێکەوتە خراپەکان بگۆڕێت بۆ ژیانێکی نوێ و سەردەمییانە، دەستی کرد بە گەیاندنی خزمەتگوزاری لە هەموو سێكتەرەكانی ئاوەدانی و گەشتوگوزار و كشتوكاڵ و ئەمن و ئاسایش و خۆشگوزەرانی و دروستكردنی رێگاوبان و ئاو و ئاوەڕۆ و زۆر بواری دیكە، هەر پارتی بوو پێداگریی کرد کە دەبێت ڕیفراندۆم بکرێت، کە مافێکی سەرەتایی گەلی کورد بوو و ئێستا بووەتە تاپۆ و مۆرکی نەتەوەیی بەدەست کوردەوە، پارتی ئەو هەموو دەستکەوتانەی هەیە، کە لە بژاردن نایەن، کەچی لایەنەکانی دیكە بەتایبەتی یەكێتی، تەنیا خەریكی موزایەدات و درۆ و چەواشەکاریین و دروشمی بێبنەمایان هەڵگرتووە، بۆیە ئەوانە نە بە پارتی بەراورد دەكرێن و نە هی ئەوەشن خەڵك خۆیان پێوە سەرقاڵ بكات.