وەك رێزگرتن لە تەمەنێك لە هەوڵ و كۆششی بەردەوامی (د. شوكرییە رەسووڵ) لە بواری نووسین و توێژینەوەی ئەكادیمی و خزمەت لە بواری فۆلكلۆر و كەلەپووری كوردەواری، دامەزراوەی كەریمی عەلەكە، لە رێوڕەسمێكی تایبەتدا رێزی لێ دەگرێت.
لە بانگهێشتنامەیەكدا، دامەزراوەی كەریمی عەلەكە لەژێر ناونیشانی (شەكراو خان.. پارێزەری فۆلكلۆر و كەلەپووری كورد)، رێوڕەسمێكی رێزگرتنی خاتوو د. شوكرییە رەسووڵ لە كاتژمێر 4:00ی ئێوارەی پێنجشەممەی داهاتوو 19/9/2024، لە هۆڵی هۆتێل چوارچرا لە هەولێر راگەیاندووە.
لە بانگهێشتنامەكەی دامەزراوەی كەریمی عەلەكەدا هاتووە، كە هەریەك لە توێژەران (مەولوود ئیبراهیم حەسەن، د. حەمە مەنتك، سابیر رەشید) سەرنج و خوێندنەوەی خۆیان دەربارەی ئەزموونی د. شوكرییە دەخەنە روو.
دامەزراوەكە ئەوەشی خستووەتە روو، كە لە مەراسیمەكەیاندا، هاوكات لەگەڵ رێزگرتن لە د. شوكرییە، ژمارەی نوێی گۆڤاری ئەدەبیی (وانەر)یش بەسەر ئامادەبوان دابەش دەكەن كە دۆسیەیەكی تایبەتی سەبارەت بە د. شوكرییە رەسووڵ تێدایە.