لە بەرەبەری دووەمین ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی و لە درێژەی شاڵوی گرتنی هاووڵاتییانی کوردی رۆژهەڵاتی كوردستان، ڕەزا عەلایی، فیلمسازی بەناوبانگی کورد، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری بانە دەستگیر کراوە و دوای تێپەڕبوونی سی ڕۆژ لە دەستگیركردنی، تا ئێستا چارەنووسی دیار نییە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (هەنگاو)، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٤)، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە شاری بانەی رۆژهعەڵایت كوردستان، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ماڵباتی ڕەزا عەلایی، فیلمساز و دەرهێنەر و لەبەر دەرکەی ماڵەکەی دەستگیریان کردووە.
بە گوێرەی زانیاریی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، هێزە ئەمنییەکان بەبێ پیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری، ڕەزا عەلاییان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان بردووە.
جێگەی باسە، سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکردنی ڕەزا عەلایی و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی، هەتا ئێستا زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی و هەروەها شوێنی ڕاگرتنی لەبەردەستدا نییە.
ڕەزا عەلایی، دەرهێنەر و فیلمسازیێکی بەناوبانگی کوردە و خەڵکی بانەیە، کە تا ئێستا لەسەر سازکردنی چەند فیلمی کورت و درێژ کاری کردووە و یەک لەوان بە ناوی (زەوییە پیسەکان)ە، كە توانیویەتی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی (کان) بەشداریی پێ بکات.