ئەگەر بڕیارە ئەمەی لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستاندا دەگوزەرێت، بەشێك بێت لە (پرۆسەی دیموكراسی) ئەگەر بڕیارە دەنگدەری كوردستان سوود لەم پرۆسەیە وەربگرێت و ئەم مافەی خۆی پیادە بكات و بە پێوەرێكی عەقڵانی دەنگ بدات. ئەگەر بڕیارە هەڵبژاردن بە پاكی و بێگەردی بەڕێوە بچێت. ئەگەر دەفتەری ئەعمال و گوفتار و رەفتار و پرۆژە و بەرهەم و هەڵە و هەڵوێستی حزبەكان لە چوار پێنج ساڵی رابردوودا، بكرێنە مەحەكی دەنگدان، ئەوە بەدڵنیاییەوە یەكێتییەكەی بافڵ و قوبادی برای، بەم حاڵەی ئێستایەوە ئەگەر دوو كورسییش بهێنێت هەر زۆرە.
یەكێتیییەكەی بافڵ، حزبێكی مشەخۆری بێهەڵوێست نیە وەك حزبە ئیسلامیەكان (یەكگرتوو و كۆمەڵ)، حزبێكی تازە هەڵتوقیویش نیە وەك ئەو لیستانەی كە تازەكی دروست بوون و سۆشیال میدیا فووی تێكردوون! یەكێتییەكەی بافڵ، حزبێكی ساختەچی و دەستبڕیش نیە وەك ئەوەی شاسوار و خوشك و برا بازرگانەكەی، نا بەداخەوە یەكێتی لەو حزبانە نیە، خۆزگە لەوان بچوایە و تەنیا ئەو ئاكارە خراپانەی هەبوایە، بەڵكوو یەكێتییەكەی بافڵ، حزبێكی زۆر مەترسیدارە لەسەر ئێستا و ئایندەی كورد و كوردستان.
خۆشباوەڕی بە فووی سۆشیال میدیا و مشەخۆری و بێهەڵوێستی و قۆڵبڕین و ساختەچێتی، كارگەلێكی خراپن، بەڵام هەر هیچ نیین لەچاو ئەو تاوان و ناپاكی و فیعلە قۆڕانەی یەكێتییەكەی ئێستا ئەنجامیان دەدات.
یەكێتییەكەی بافڵ تاڵەبانی، خەسڵەتی (حزب)ی لەدەست داوە و ئێستا زیاتر لە گرووپێكی میلیشیا و ئەفعال مافیا دەچێت، ئێستا یەكێتی هێندەی حەز دەكات و هەوڵ دەدات لە حەرەكەی بابلیونیی رەیان كلدانی بچێت \كە لەنێو لیستی تیرۆری ئەمریكادایە\ نیو هێندە نایەوێ مواسەفاتی حزبێكی كوردستانیی هەبێت، بۆیە هەق وایە ناوەكەی لە (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان)ەوە بگۆڕێت بە (حەرەكەی بافڵیون) لەسەر وەزنی (بابلیون!)
یەكێتییەكەی بافڵ و قوباد، ئێستا هێندەی حەز دەكات و هەوڵ دەدات لە گرووپی میلشیای عەسائیبی ئەهلی حەق بچێت \كە ئەویش هەر لە لیستی تیرۆری ئەمریكادایە\ حەز ناكات لە حزبێكی كوردستانیی سۆشیال دیموكرات! بچێت، بۆیە هەق وایە ئەگەر ناوی (حەرەكەی بافڵیون)یشیان پێ پەسەند نەبوو، ناوەكەی لە (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان)ەوە بگۆڕێت بە (حزبی سۆشیال عەسائیب!)
یەكێتییەكەی بافڵ و قوباد، ئەو حزبەیە كە نەك هەر هیچ خێر و دەستكەوت و پرۆژە و كار و خزمەتێكی بۆ كورد و كوردستانیان و خەڵكی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانیە داگیركراوەكان و پارچەكانی تری كوردستانی مەزن نەبووە، بەڵكوو زیانی زۆر گەورەی لێ داون، ئەوە رەفتارەكانی یەكێتییەكەی بافڵە كە خەڵكی كوردستانی تووشی پەرتبوون و نائومێدی و كارەسات و قەیران و تەنانەت بێمووچەییش كردووە. یەكێتییەكەی بافڵ و میدیاكەیەتی كە دەیەوێ مرۆڤی كورد سووك و ریسوا و خۆچەمێن بكات و لاواز بێت و بێهیوا بێت و موحتاجی دەستی دوژمنی نامەرد بێت.
یەكێتییەكەی بافڵ، سەدا پەنجاو یەكی خاكی كوردستان بە كەركووكەوە، بە خیانەت دەفرۆشێت و بە شانازییشەوە باسی دەكات، واز لە ناسنامەی كوردستانیی كەركووك دەهێنێت و وەك (سەركەوتن!) باسی دەكات، بیرە نەوتی كوڵەجۆ دەفرۆشێت، بەردەوام هەوڵ دەدات هەرێمی كوردستان لاواز بێت و رادەست بێت، كەچی بە خەبات و نیشتمانپەروەری پێمان دەفرۆشێت. ئەوە یەكێتییەكەی بافڵە كە سەرانی لە مەرزەكان قاچاخچێتی دەكەن و دووگ و هێلكە و جگەری ماوەبەسەرچوو و دەرمانی خراپ دەهێنن و دەرخواردی خەڵكی سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و راپەڕینی دەدەن.
یەكێتییەكەی بافڵ، گەندەڵی دەكات، گرد و شاخ و زەویی گرانبەهای ئەو ناوچانە داگیر دەكات، داهاتی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و پشدەر دەدزێت، پارەی بانكەكانی سلێمانی دەبات، بە دەسەڵاتێكی حزبیی تاكڕە و حوكمڕانی دەكات، كەچی هیچ پرۆژەیەكی خزمەگوزاری لەو ناوچانە جێبەجێ ناكات، نەك هەر ئەوە، بەڵكوو رێگری دەكات لە پرۆژەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش.
ئەوە یەكێتییەكەی بافڵە، پاكتاوی ناوخۆیی حزبەكەی دەكات و كادیر و سەركردەی خۆی دەكوژێت و تیرۆر دەكات تەنیا لەبەر ئەوەی هاوڕای بافڵ نیە، ئەوە یەكێتییەكەی بافڵ و قوباد و وەهاب هەڵەبجەیی بوو كە تیرۆریستی لە سلێمانیەوە ناردە هەولێر و، بە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبیلەكەی، عەقید هاوكار جافیان تیرۆر كرد، تیرۆركردنی موراد كانی كوردەیی و پاسەوانەكانی، فرسەت مەلەكی، ئاكام عومەر، نیاز دەرگەڵەیی، كاروانی عەلی شامار و... لە تەرەف یەكێتییەكەی بافڵەوە بوو.
یەكێتییەكەی بافڵ، بێ هیچ سڵەمینەوە و ویژدانێكی كوردانە، بێ هیچ بیركردنەوەیەكی ئینسانی و نەتەوەییانە، چالاكوان و پێشمەرگە و كادیری پەنابەری حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، یەكە یەكە رادەستی ئێران دەكات. هەموو رۆژێك لە سایە و سێبەری یەكێتییەكەی بافڵدا، درۆنی توركی، یان میتی توركیا، لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و پشدەر، كادیرانی پەكەكە دەكوژن، خەڵك نابێ هێندە دەبەنگ بێت نەزانێت كێ ئەم زانیارییانە بە درۆنی توركی دەدات!
یەكێتییەكەی بافڵ، پەیوەندییەكی گوماناویی پڕ نهێنیی بازرگانی و قاچاخچێتی و بەرژەوەندیی دارایی، لەگەڵ سەرانی پەكەكەدا هەیە، هەر ئەو پەیوەندییەشە سلێمانیی خستووەتە نێو گیژاو و كێشەوە. ئەوە چەكدارانی هێزی كۆماندۆی یەكێتیین، هەر رۆژە و لەنێو بازاڕ و لە شوێنە گشتییەكانی سلێمانی گەنجێكی كاسبكار دەكوژن و هیچیشیان بە سزای خۆیان ناگەن. ئەوە كادیر و كاندیدی یەكێتییەكەی بافڵ بوو لەگەڵ پەكەییكە، قەسیەرییەكانی هەولێر و كەركووك و دهۆكیان سووتاند.
لەسایە و بندەستی یەكێتییەكەی بافڵدا، گەورەترین كارگەی بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەر لەنێوان دەربەندیخان و سلێمانی دروست دەكرێت. دارستانی سنەوبەرەكان دەسووتێنرێن تا دەست بەسەر زەویەكاندا بگیرێت، یەكێتییەكەی بافڵ، بە رۆژ هاوبەش و بەشداری حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و بە شەو دەبێتە ئۆپزسیۆن و موزایەدەی درۆ دەكات، زۆربەی جارانیش خیانەت لە كوردستان و خەڵكەكەی دەكات.
یەكێتییەكەی بافڵ، سەرانە لە كاسبكاران دەستێنێ، جلی سووری زیندان و ئیعدام لەبەر سەرمایەداران و وەبەرهێنەران دەكات. یەكێتییەكەی بافڵ، سوپایەك جاش میدیا و جاش نووسەر و جاش شرۆڤەكار و جاش پەرلەمانتار و جاش كەمپینچیی دروست كردووە، كە كاریان ئەوەیە تاوان و خیانەتەكانی ئەو داپۆشن و روو لە رووداوەكانی دەرەوەی ناوچەی یەكێتی بكەن.
یەكێتییەكەی بافڵ و قوباد، لە دەوروبەری سلێمانی بارەگا بۆ حەشد و پەكەكە دروست دەكات، كەچی دەزگا رۆشنبیرییەكانی مەلا بەختیار دادەخات، یەكێتییەكەی بافڵ هێدی هێدی سلێمانی بەرەو وێرانبوون و پاشەكشە دەبات، دەنگی ئازاد دەخەسێنێ، ئیرهابی فیكری بە توندترین شێوە پێڕەو دەكات، یەكێتییەكەی بافڵ، تاوانباری تیرۆریستی حوكمدراویش داڵدە دەدات، ئێستا ئەم یەكێتییە بەم هەموو تاوان و ناپاكی و گەندەڵی و فیعلە قۆڕانەیەوە، بەشداریی هەڵبژاردن دەكات و بانگەشە دەكات و داوای دەنگ لە خەڵك دەكات!
باشە من لە ئێوەی هێژا دەپرسم: توو ویژدانتان، ئەگەر یەكێتییەكەی بافڵ و قوباد، بەم هەموو كارە خراپ و لاپەڕە رەشانەیەوە، دوو كورسییش بهێنێت هێشتا زۆر نیە، توخوا ئەگەر دوو كورسییی هێنا، هەق نیە فاتیحایەك بۆ دیموكراسی بخوێنین؟