رۆژی پێنجشەممە ٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ ، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، وەك ناڕەزایەتی بەرامبەر بە هەڵكوتانە سەر بنكەی رۆشنبیریی (چاودێر) لە لایەن هێزی كۆماندۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی و داگیركردنی بە زەبری هێز، راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە كردووە: ”هێزێکی چەکداری سەر بە دەزگا سەرکوتگەرییەکانی یەکێتیی نیشتمانی، هەڵیانکوتایە سەر بنکەی دەزگای چاودێر، کە لەلایەن مەلا بەختیارەوە بەڕێوە دەبرێت و بە زەبری چەك داگیریان کرد. بەپێی هەواڵەکان، ئەم هێرشە بۆ سەر دەزگای چاودێر، بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی ئێستای یەکێتی ئەنجام دراوە!“
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە راگەیەنراوەكەیاندا بە توندی سەركۆنەی ئەو پەلامار و هەڵكوتانە سەر دەزگای چاودێر و داخستنی كردووە و تێیدا دەڵێ: ”ئەم بڕیارە سەرکوتگەرانەیە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت، بە تایبەتی کە بە دوای ئەوەدا دێت، مەلا بەختیار ماوەیەکە بە ئاشکرا ڕەخنە لە یەکێتی و سەرۆکەکەی دەگرێت، ئەمەش بەڵگەیەکی دیكە دەخاتە بەردەست، کە سەرۆک و سەرکردایەتیی یەکێتی نە باوەڕیان بە ئازادیی سیاسی و ڕەخەنە هەیە و نە دەتوانن بەرگەی بچووکترین ڕای نەیارانی خۆیان بگرن.“
لە راگەیەنراوەكەیاندا بە ڕاشكاوی ئەوە روون دەكەنەوە كە ”کارنامەی یەکێتیی نیشتمانی لە مێژووی خۆیدا پڕە لە پەلاماری چەکداری و سەرکوتی ئازادیی سیاسی و تیرۆری نەیارانی سیاسی و جەنگخوازی دژ بە هەر حزب و گرووپێکی سیاسی کە لەگەڵ بۆچوون و بەرژەوەندیی سەرکردایەتیی یەکێتیدا نەهاتبێتەوە. کارە سەرکوتگەرییەکانی بافڵ تاڵەبانییش درێژکراوەی هەمان ئەو سیاسەت و کارنامە قێزەونەیە، کە مێژووی سیاسیی یەکێتی بەرجەستە دەکات. بەڵام ئەم هەنگاوە سەرکوتگەرییەی ئەم جارە، کە هیچ جێگایەکی نە بۆ یاسا و دادگا و نە بۆ پۆلیس و دامودەزگاکانی لێکۆڵێنەوە و بەدواداچووندا نەهێشتووەتەوە، لە دۆخێکدا ئەنجام دەدرێت، کە یەکێتی لە قەیرانێکی قووڵدا جنگڵ دەدا و لەگەڵ بێئاسۆیی سیاسی و تەریکەوتنەوەی دیپلۆماسی و دەستەپاچە لە بەرامبەر کێشمەکێشیدا لەگەڵ پارتی و لێکترازانی ناوخۆیی و هاوکات بێزاری و ناڕەزایەتییەکی فراوانی جەماوەری خەڵكی بێبەشدا بەرەوڕووە و توانای چارەسەرکردنی هەموو ئەو گرفت و کێشانەی نییە، بۆیە پەنای بردووەتە بەر سەرکوتی بێپەردە، بەجۆرێك، کە ئەم سەرکوتکردنە ریزەکانی ناوخۆی یەکێتیشی گرتووەتەوە. “
راگەیەنراوەكە داوا لە رای گشتیی خەڵكی كوردستان دەكات هەڵوێست لە دژی بافڵ تاڵەبانی و یەكێتی وەربگرن و دەڵێت ”حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان هەڵکوتانە سەر بنکەی دەزگای چاودێر و داخستنی، هەروەها هێرش بۆ سەر مەلا بەختیار و هاوکارانی، بە مەبەستی دەمکوتکردنی، بە کردەوەیەکی سەرکوتگەرانە و دژی ئازادیی سیاسی دەزانێت و بە توندی سەرکۆنەی دەکات. هاوکات داواش لە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان دەکات، بە شێوەی جۆراوجۆر و گونجاوی خۆیان لە دژی ئەم سەرکوتگەرییە هەڵوێست بگرن. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، هاتنەمەیدانی ڕیزی یەکپارچەی چینایەتیی جەماوەری ناڕازیی کوردستان و ئازادیخوازان، بۆ دیفاع لە ژیان و ئازادی، دەتوانێ دەستی سەرکوتگەری و پەلامارەکانی دەسەڵاتداران بۆ سەر ئازادییەکان لەپشتەوە ببەستێت.“