كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

مه‌سرور بارزانی: كێشە و گیروگرفتی زۆریان بۆمان دروست كرد، بەڵام به‌ پشتیوانیی هاووڵاتیان توانیمان بەشێكی زۆری ئەو كێشە و ئاستەنگانە تێپەڕێنین

ئەمڕۆ چوارشەممە 4/9/2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە ژمارەیەک وەبەرهێنەر بەڕێوە چوو، سەرۆكی حكوومەت لە وتارێكدا گوتی: "ڕێز و پێزانینم هەیە بۆ رۆڵی بەرپرسانە و نیشتمانپەروەرانەی ئێوەی بەڕێز لە ساڵانی رابردوو لە هاوكاریكردن و پشتیوانیكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كارنامە چاكسازییەكەی."

سەرۆكی حكوومەت گوتیشی: "خۆتان ئاگادارن كە لە ساڵانی ڕابردوودا، ڕووبەڕووی بارودۆخێكی سەختی دارایی بووینەوە و كێشە و كۆسپ و گیروگرفتی زۆریان لە دەرەوە و ناوەوەی كوردستان بۆ ئێمە دروست كرد، بەڵام سوپاس بۆ خوای گەورە و سوپاس بۆ خۆڕاگریی هاووڵاتییانی خۆشەویستی كوردستان و پشتگیری و پشتیوانیی ئێوەی بەڕێز، توانیمان بەشێكی زۆری ئەو كێشە و ئاستەنگانە تێپەڕێنین و درێژە بە پرۆژە و بەرنامەكانی حكوومەت بدەین بەو جۆرەی كە تاوەكوو ئێستا توانیومانە بەردەوام بین و ڕووبەڕووی هەموو ئەو قەیرانانەش ببینەوە."


دەقی وتارەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان:


بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
ئامادەبوانی بەڕێز
وەبەرهێنەرانی خۆشەویست
زۆر زۆر بەخێر بێن و رۆژتان باش. زۆر خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم كە ئەمڕۆ لە خزمەتی ئێوەی بەڕێز خۆشەویست دام و سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم و ڕێز و پێزانینم هەیە بۆ رۆڵی بەرپرسانە و نیشتمانپەروەرانەی ئێوەی بەڕێز لە ساڵانی رابردوو لە هاوكاریكردن و پشتیوانیكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كارنامە چاكسازییەكەی، بە جۆرێك كە كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت تەواوكەری یەكتر بوون و بەیەكەوە چەندین پرۆژەی گرنگ و ستراتیژییان ئەنجام داوە.
جیا لەوەی هاوكاریتان كردووین لە چەندین باخچە و داینگە و قوتابخانە و نەخۆشخانە و بنكەی تەندروستی و باڵاخانەی پۆلیس. بۆیە سوپاستان دەكەم و هیوای سەركەوتن و بەردەوامیتان لە كاتی چاكەخوازیدا بۆ دەخوازم.
خۆتان ئاگادارن كە لە ساڵانی رابردوو ڕووبەڕووی بارودۆخێكی سەختی دارایی بووینەوە و كێشە و كۆسپ و گیروگرفتی زۆریان لە دەرەوە و ناوەوەی كوردستان بۆ ئێمە دروست كرد، بەڵام سوپاس بۆ خوای گەورە و سوپاس بۆ خۆڕاگریی هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان و پشتگیری و پشتیوانیی ئێوەی بەڕێز، توانیمان بەشێكی زۆری ئەو كێشە و ئاستەنگانە تێپەڕێنین و درێژە بە پرۆژە و بەرنامەكانی حكوومەت بدەین بەو جۆرەی كە تاوەكوو ئێستا توانیومانە بەردەوام بین و ڕووبەڕووی هەموو ئەو قەیرانانەش ببینەوە.

سوپاسێكی تایبەتی كەرتی تایبەتی هەرێمی كوردستان دەكەم كە لە كاتی قەیرانەكاندا رۆڵێكی نیشتمانپەوەرانەیان هەبووە و یارمەتیدەری حكوومەت بوون بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی هاووڵاتیان بكەین. ئامانجی سەرەكیی ئێمە، پێشخستن و بونیادنانی ژێرخانێكی بەهێزی ئابوورییە بۆ كوردستان، هەروەها دەمانەوێ ناوچەكانی دیكەی عێراقیش پێش بكەون. عێراق وڵاتێكی دەوڵەمەندە، دەوڵەمەندە بە سامانی سرووشتی و مرۆیی و ماددی و داهاتێكی زۆریشی هەیە، بەڵام جێگەی داخە بەهۆی نەبوونی ئیدارەدانێكی باش و خزمەتگوزار، ئێستا هاووڵاتییانی عێراق لە دۆخێكی خراپدا دەژین و لەو داهاتە زۆر و زەوەندەی عێراق بەهرەمەند نین، دۆخی خزمەتگوزاری و پێداویستییە سەرەتاییەكانی ژیان لە عێراق لە ئاستێكی خراپدایە.
بەداخەوە هەرێمی كوردستانیش باجی سیاسەت و مامەڵەیەكی ناتەندروست و ناڕەوا دەدات كە لە لایەن هەندێك كەسەوە دژی حكوومەت دەكرێت كە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان ناكەن، لە كاتێكدا كە پێشكەوتن و گەشەكردنی هەرێمی كوردستان لە قازانجی هەموو عێراقدایە و پێویست بوو حكوومەتی فیدڕاڵی و هەرێم پێشبڕكێ بكەن لەسەر ئەوەی كە كێ زیاتر خزمەتی هاووڵاتیان بكات و پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی جێبەجێ بكات. بەڵام ئێمە هەرگیز كۆڵ نادەین و بە پشتیوانیی خوای مەزن و هاوكاریی ئێوەی بەڕێز، بەردەوام دەبین لە بەرنامەكانمان لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتیانی كوردستان و هەموو عێراق.
جارێكی دیكەش دەستخۆشیتان لێ دەكەم، ڕۆڵ و بەشداریتان لە ئاوەدانكردنەوەی كوردستان و یارمەتیدانی دامەزراوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرز دەنرخێنم. ئەمڕۆ كۆبوونەوەمان لێرە بۆ ئەوەیە كە ئێمە ڕێز و پێزانینمان پێشان بدەین بۆ ئەو وەبەرهێنەرە بەڕێزانەی كە لەم ماوەیەدا دەوری كاریگەریان لە خزمەتكردنی هاووڵاتیان، پشتیوانیكردنی حكوومەت، جێبەجێكردنی چەندین پرۆژە هەبووە كە بێگومان بەبێ ئەوان نەدەكرا و حكوومەت نەیدەتوانی ئەو هەموو پرۆژانە جێبەجێ بكات.
ئەم رێزلێنانە بۆ هەموو وەبەرهێنەرێكی كوردستانە، هیوادارم هەمووتان جێی پەنجە و دەستتان دیار بێت، لەمەودواش هاوكار و پشتیوان بن، پشتیوانیی ئێوە لەگەڵ حكوومەت و كەرتی گشتی، هەمووی بۆ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەیەكەوە بتوانین خزمەتێكی باشتری هاووڵاتیانی كوردستان بكەین. بۆیە ئەمڕۆ چەند بەڕێزێك دەستنیشان كراون كە ئێمە ئەو تەقدیر و پێزانینەیان پێشكەش بكەین، بەڵام دڵنیا بن كە ئەم پێزانینە بۆ هەموو ئێوەی بەڕێز و خۆشەویستە و هیوادارم لە كۆبوونەوەكانی داهاتوو، لە ماوەی داهاتوو، جارێكی تریش ئێمە بتوانین بەیەكەوە دابنیشین و بەیەك بگەین و سوپاس و پێزانینی زیاتریشتان پێشكەش بكەین.
جارێكی تر زۆر زۆر بەخێر بێن، سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم، سوپاسی پشوودرێژیتان دەكەم، دەزانم زۆرتان لە شوێنەكانی دووریشەوە هاتوون، زۆر زۆر بەخێر بێن، ماندوو نەبن، هەر شاد و سەلامەت و سەركەوتوو بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.