لە هەندێک شوێن و پەروەردە مووچەی مانگی پێنجی مامۆستایانی وانەبێژ دابەش دەکرێت و لە هەندێ پەروەردەش دەکەوێتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو.
عومەر محەمەد، بەڕێوەبەری ژمێریاری لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "لیستی مووچەی مانگی پێنجی مامۆستایانی وانەبێژان لە گەنجینەکان وردبینی کراوە و هەموو شت تەواو بووە و چاوەڕوانین چەكمان پێ بدەن."
ئاماژەی بەوەش دا: "زەحمەتە لە هەولێر سبەی دابەش بکرێت، بۆیە مووچەی وانەبێژان ڕەنگە لە یەکشەممەی داهاتوودا دابەش بکرێ."
ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان 38 هەزار مامۆستایە و بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە 25ی8ی2024 کرانە مامۆستای گرێبەست.
سیامەند ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گەنجینەی ئیدارەی سۆران، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بڕیاری خەرجکردنی مووچەی وانەبێژان تاوەکوو ئەمڕۆش بۆ ئێمە نەهاتووە، هەرکات گەیشت، ئەو پەروەردانەی وردبینیی لیستەكانیان تەواو بووە، چەكی خەرجكردنی پارەیان پێ دەدرێت."
بەرپرسێکی گەنجینەی سلێمانی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بڕیاری خەرجکردنی مووچەی وانەبێژان هاتووە، ئەو پەروەردانەی، چەكیان ئامادەیە پارەی مانگی پێنجیان بۆ خەرج دەکرێ."
لای خۆیەوە كارۆخ عەبدوڵا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "لە پەروەردەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و بەشێکی پەروەردەکانی دهۆک، ئەمڕۆ چەكی مووچەی مانگی پێنجی وانەبێژانیان پێ دراوە، بەڵام زەحمەتە ئەمڕۆ خەرج بکرێت."
جەختی کردەوە: "بەشی زۆری ئەو پەروەردانەی چەکیان پێ دراوە، سبەی پارەکەیان خەرج دەکرێت."
بەپێی ڕێنوێنیی ژمارە 14ی دارایی، ئەو مامۆستا وانەبێژانەی هەڵگری بڕوانامەی دبلۆمن، 350 هەزار دیناریان بۆ خەرج دەکرێت و بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیش 400 هەزار دینار خەرج دەکرێت.