لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا تا هەنووكە، نەشتەرگەریی جوانكاریی سمت یەكێك لەو نەشتەرگەرییانەیە، بووەتە پێوەری جوانیی سەردەم و ژنان و كچان روو لەم جۆرە جوانكارییە دەكەن، گۆڕانكاری لە جۆر و شێوازی سمت، یەكێكە لە پڕمەترسیترین نەشتەرگەرییەكان كە هەندێك جار مردنیشی لێ دەكەوێتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەی ئینگلیزی زمانی (China Morning Post) لە هەر سێ هەزار نەشتەرگەریی سمتدا، ئەگەری زۆرە یەك تا دوو كەس تێدا بچن و ئەم داتایە بەراورد بە نەشتەرگەرییەكانی دیكە زۆر زیاترە.
پزیشكانیش ئاشكرای دەكەن، هۆكاری سەرەكیی مردن لەم جۆرە نەشتەرگەرییەدا، تێكەڵبوونی چەورییە لەگەڵ سووڕی خوێن. لەم شێوازە نەشتەرگەرییەدا كەڵك لە چەوریی زیادەی هەندێك لە ئەندامانی لەش وەردەگیرێت و هەمان چەوری دەكرێتە هەموو بەشەكانی سمتەوە و ئەگەر پزیشكەكە لە كارەكەیدا زۆر كارامە نەبێت، ئەگەری زۆرە ئەنجامی باشی نەبێت.
ئەم جۆرە نەشتەرگەییە، كە یەكێكە لە قورسترین جۆری نەشتەرگەرییەكانی جوانكاری، ئەگەری زۆرە نەخۆش تووشی هەوكردن بێت و لە شوێنی نەشتەرگەری، تۆپەڵی چەوری دروست ببن.
لە خراپترین حاڵەتیشدا، ئەگەری هەیە چەوری لە رێگەی ماسوولكەكانەوە بچێتە ناو دەمارەكانی خوێن و سییەكان.