ئاشەوانێك، باس لە جیاوازیی ئێستا و پێشتری ئاشەكان دەكات و ئەوە دەخاتەڕوو، كە رۆژ بەڕۆژ ژمارەی ئاشەكان كەمتر دەبێتەوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی خەڵك زیاتر بەرهەمی ئامادە دەكڕێت.
ئیسماعیل حاجی حامید، زیاتر لە 30 ساڵە ئاشەوانە، بۆ (باسنیوز)، ئاماژەی بەوە كرد، كە جاران خەڵكێكی زۆر سەردانیان دەكردن، چونكە بەرهەمی دەرەكی نەبوو، هەمووی بەرهەمی ناوخۆ بوو.
جاران خەڵك خۆی بەدوای گەنمدا دەگەڕا و جۆری گەنمەكەی دیاری دەكرد كە بۆ ئاردیەتی، یان بۆ ساوار و گەنمەكوتا، بەڵام بە قسەی ئەو ئاشەوانە، ئێستا ئەوان خۆیان گەنمەكە دەكڕن و دەیكەنە ساوار، دەڵێت: ”خۆمان شارەزاترین، ئەو خەڵكەی ئێستا زۆر شارەزا نییە، گەنمی باش دەكڕین و خۆشمان دەیكوڵێنین و وشكی دەكەینەوە و دەیكەینە ساوار، ئێستا خەڵك نابینی لە كۆڵانان گەنم بكوڵێنێ و بیكات بە ساوار، خەڵك فێری خواردنی ئامادەكراو بووە، تەنانەت جۆش دەكڕین و ئاردی جۆ دەفرۆشین، جۆیەكەش خۆماڵییە و خەڵك دەیكڕێت، ساڵانی نەوەدەكان، بەناوبانگترین گەنم بۆ ساوار، جۆری رەشگور بوو، ئێستا لەجێی رەشگور، سمیتۆ هاتووە.“
”جاران لە هەر گەڕەكێك ئاشێك تا سێ ئاش هەبوو، ئێستا هەموو هەولێر 10 ئاشی نییە“
ئەو ئاشەوانە باس لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو دەكات، كە لە هەر گەڕەكێكی هەولێر ئاشێك تا سێ ئاش هەبووە، بەڵام ئێستا زۆر كەم بوونەتەوە، دەڵێت: ”ساڵانی نەوەدەكان ئاش زۆر بوون، چونكە خەڵك تەنیا بەرهەمی ناوخۆی بەكار دەهێنا، بەڵام ئێستا ئاش كەم بووەتەوە، لە بەلاشاوە، گەڕەكی كوردستان، سایلۆ، كەسنەزان، بنەسڵاوە و عەوێنە ئاش ماون، واتا بە هەموو پارێزگای هەولێر نزیكەی 10 ئاشێك ماون.“
باسی لەوەش كرد، كە لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو رۆژانە زیاتر لە 100 كەس سەردانیان دەكردن، ئێستا لە مانگێكدا 20 كەس سەردانیان ناكات، ”تاكە هۆكاریش ئەوەیە، خەڵك بە دوای شتی ئامادەكراوەوەیە، ئێستا تەنیا لە وەرزی پاییز، هەندێك كەس بۆ ساوار، بڕووش و گەنمەكوتا سەردانمان دەكەن.“
”ئافرەتێك هات گوتی ئەو برنجە بۆ وا سپییە؟ گوتم برنج نییە و گەنمەكوتایە، نەیزانی چییە“
ئیسماعیل ئەوەشی خستە ڕوو، كە زیاترینی ئەوانەی سەردانیان دەكەن بە تەمەنەكانن، كەسانێكیش لە نەوەی ئێستا دێن، ”دوێنی ئافرەتێك هاتە لام، گوتی ئەو برنجە بۆ وا سپییە؟ گوتم ببوورە دایكی من ئەوە گەنمەكوتایە، بڕوا بكە نەیزانی چییە، كیلۆیەكی كڕی و خۆم فێرم كرد چۆن ئامادە دەكرێت.“
”هەبووە لەو نەوەی ئێستا كە ئاشی بینیوە تووشی شۆك بووە“
گوتیشی: ”هی وا هەبووە لەگەڵ دایكی هاتووە كە ئاشی بینیوە تووشی شۆك بووە، كەسی لە تەمەنی خۆشمان هاتووە، كە ئاشی هەر نەبینیوە، ئەوانەیشی زۆر سەردانمان دەكەن، زیاتر ئافرەتە بەتەمەنەكانن، چونكە جگە لە بەروبوومی دەستی خۆیان، هیچ بەروبوومێكی دەرەكی ناخۆن، خەڵكێكی زۆریش بۆ ئاردی جۆ دێن، خۆشمان جۆمان هەیە، هەیشە خۆی دەیهێنێت، خەڵكێكیش هەیە تەنیا چەڵتووك دێنێ لە ئاشی دەدات.“