بەرپرسێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، بۆ مووچەی مانگی حەوت، هەزاران فەرمانبەر و مووچەخۆر نامەیان بۆ دەنێردرێت و لە رێگەی كارتی (هەژماری من)ەوە مووچەیان وەردەگرن.
مەڕوان ئازۆز ئەحمەد، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی (هەژماری من)، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "75هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆری دیکە، کە 32هەزاریان مامۆستان مووچەی مانگی حەوت لە ڕێگەی (هەژماری من) وەردەگرن و دەتوانن مووچەکانیان ڕابکێشن."
بەگشتی نزیكی 500 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر لە پڕۆژەی (هەژماری من) تۆمار كراون، لە مووچەی مانگی شەشدا، 25 هەزار فەرمانبەری تازە لە رێگەی كارتی (هەژماری من)ەوە لە ڕێگەی ئامێری راكێشانی پارەوە مووچەیان وەرگرت و بەگشتیش بۆ مووچەی مانگی حەوت 103 هەزار فەرمانبەر و 17 هەزار مووچەخۆری هێزە ئەمنییەکان مووچەکانیان لەو رێگەیەوە وەردەگرن.
مەڕوان ئازۆز ئەوەشی خستە ڕوو: "داواكارین ئەو فەرمانبەرانە ئاگادار بن، كە كورتەنامەیان بۆ دێت، ئەویش لە رێگەی مۆبایل، یان ڤایبەر، یان واتس ئاپەوە."
رۆژی 2ی9ی 2024، وهزارهتی دارایی و ئابووری، خشتهی دابهشكردنی مووچهی مانگی حەوتی ڕاگهیاند و ئاشكراشی كرد: "لە سەرجەم وەزارەتەکان، هەموو ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەی لە ڕێی هەژماری منەوە مووچە وەردەگرن، ڕۆژی چوارشەممە 4/9/2024، مووچەکانیان دەخرێتە سەر هەژمارەکانیان و دەتوانن هەمان ڕۆژ مووچەکانیان ڕابکێشن."
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "هەموو ئەو مووچەخۆرانەی لە پرۆژەی (هەژماری من) نامەیان بۆ دەچێت، دەتوانن ڕۆژی چوارشەممە، 4ی 9 مووچەی مانگی تەمووز وەربگرن.
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری باسی لەوەش کرد، ئەگەر لە لیستی دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمووز، مووچەی ئەو وەزارەتانەی بەشدارن لە (هەژماری من) کەوتبێتە ڕۆژی پێنجشەممە، مووچەخۆرانی ئەو وەزارەتانە، دەتوانن ڕۆژی چوارشەممە، لە ڕێگەی ئامێرەکانی ATMـەوە مووچەکانیان ڕابکێشن."
تیمی (هەژماری من) بە (باسنیوز)یان راگەیاند: "لە رۆژی دابەشكردنی مووچەدا، نامەیان بۆ دەچێت و پێیان رادەگەیەندرێت، كە ئاگادار بن مووچەتان لە (هەژماری من)دا دانراوە و لە رێگەی بانكەكەتان نامەتان بۆ دێت، كە مووچەی خۆتان لە رێگەی ئامێری (ATM)ەوە وەربگرن."
مەڕوان ئازۆز روونیشی كردەوە، مەرج نییە ئەوەی كارتەكەی هەیە نامەی بۆ بچێت، گوتیشی: "مانگانە بەپێی پلانێك ژمارەیەك فەرمانبەر كارتەكانیان كارا دەكرێت و نامەیان بۆ دەچێت، مانگانە ئەو پڕۆسەیە بەردەوام دەبێت و ژمارەكەش زیاتر دەبێت."
ئەو فەرمانبەرانەی نامەیان بۆ دەچێت لە ڕێگەی (هەژماری من)ەوە مووچە وەردەگرن، پارەکە دەچێتە سەر هەژمارەکەیان و دەتوانن لە ڕێگەی ئامێری ڕاكێشانی پارە (ئەی تی ئێم)ەوە مووچەکانیان وەربگرن.
ڕۆژی 28/2/2023، مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، دهستپێكردنی دەستپێشخەریی (هەژماری من)ی ڕاگهیاند، کە بەرنامەیەکی گشتگیری داراییە بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و خانەنشینان و لەم پرۆژەیەدا هەشت بانك بەشدارن، كە سەرجەم ئەو بانكانە لەلایەن بانكی ناوەندیی عێراقەوە متمانەیان پێ دراوە و پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆران لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش بەڕێوە دەبەن.
مەڕوان ئازۆز ئەحمەد، باسی لەوەش كرد، هەركەسێك كێشەی هەبێت لە نەگەڕانەوەی كارتەكەی، دەتوانێت پەیوەندی بكات، گوتیشی: "هەر فەرمانبەرێك پرسیارێكی لەسەر خۆتۆماركردن لە هەژماری مندا هەبێت، یاخود كارتەكەی بۆ نەگەڕاوەتەوە و پرسیاری هەیە، دەتوانێ لە رێگەی ژمارە 1991ەوە تەلەفۆن بۆ سەنتەری خزمەتگوزاریی (هەژماری من) بكات."