رێککەوتنی نێوان عێراق و لوبنان سەبارەت بە (دابینکردنی نەوتی قورس لەلایەن عێراقەوە، لە بەرامبەر خزمەتگوزاری و بەرھەمە بازرگانییەکان) كێشەی تێدەكەوێت و عێراق لە لوبنان نیگەرانە و پێی وایە فێڵی لێ كراوە.
بەپێی رێککەوتنەکەی نێوان بەغدا و بەیرووت، عێراق بۆ ماوەی ساڵێک سووتەمەنی و نەوت بۆ لوبنان دابین دەکات، ئەو رێكکەوتنە لە مانگی تەمووزی 2021 بۆ یەكەم جار واژۆ كرا و لە ساڵی 2022 نوێ كرایەوە، ئێستا عێراق هەرچەند پارەیەكی زۆری لای لوبنانە، بەڵام پێناچێت چیتر ئەم رێكکەوتنەی لەگەڵ بەیرووت نوێ بكاتەوە.
لە كاتی نوێكردنەوەی رێكکەوتنەكە لە ئابی 2024، وەلید فەیاز، وەزیری وزە و سەرچاوەکانی ئاوی لوبنان، لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە كرد: ”عێراق لەجیاتی یەک ملیۆن تۆن سووتەمەنیی قورس، ساڵانە بڕی یەک ملیۆن و 500 ھەزار تۆن سووتەمەنیی قورس بۆ لوبنان دابین دەکات.“
سەبارەت بە نەوتی خاویش ئاشکرای کرد، لە عێراقەوە بڕی دوو ملیۆن تۆن نەوتی خاو بۆ دامەزراوەکانی بەرھەمھێنانی کارەبای سەر بە وەزارەتی وزەی لوبنان دابین دەکرێت.
ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەکی ئاسایی بریتییە لە دابینکردنی رۆنی سووتەمەنیی قورس (الفيول) و نەوتی خاو و پاڵێوراو، کە لوبنان بۆ بەڕێوەبردنی وێستگەکانی کارەبا بەکاری دەهێنێت، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی كێشەی کەمیی کارەبا، لە بەرامبەردا لوبنان خزمەتگوزاریی جۆراوجۆری پێشکەش بە عێراق كردووە، بەتایبەتی چاودێریی تەندروستی.
بەڵام عێراق بە گوێرەی ماڵپەڕی (دیبەیتی لوبنان)ی، بە گێڕانەوە لە زاری سەرچاوەیەکی فەرمی كە كە رۆژی (31 ئابی 2024)، لەلایەن (بەغداد ئەلیەوم) بڵاو كراوەتەوە، نە خزمەتگوزاری و نە کاڵا و نە هیچ کەلوپەلێكی لە بەرامبەر بە ناردنی ئەو بڕە سووتەمەنییانەی بۆ لوبنانی ناردووە وەرنەگرتووە، تەنانەت ئەو بڕە پارەیەشی وەرنەگرتووە، کە لە بەرامبەر بەو سووتەمەنییانەی بۆ وێستگەکانی کارەبای لوبنانی دابین کردووە، ئەوەش وای كردووە حکوومەتی عێراق بەتەواوی لە هەڵسوکەوتی حكوومەتی لوبنان نیگەران بێت و پێی وابێت لەم رێکكەوتنەدا فێڵ و درۆی لەگەڵدا كراوە.
پێشتر سەرچاوە باڵاکانی لوبنان لە (18ی ئابی 2024) ئاشکرایان کرد، کە بەغدا ڕەتی کردووەتەوە ئەو ڕێککەوتنە بۆ جارێكی دیكە نوێ بکاتەوە.
سەرچاوە لوبنانییەكان باسیان لەوە كردووە، نوێنەكردنەوەی رێكکەوتنەكە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ڕەتکردنەوەی بانکی لوبنانەوە هەبووە بۆ کردنەوەی هەژمارێك بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە عێراق، بە بەهای 700 ملیۆن دۆلار كە وەكوو قەرزێكە لەسەر لوبنان.
هەروەها، بە گوێرەی ئەو سەرچاوە لوبنانییانە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە هەمان مەرج، بەبێ هەڵوەشاندنەوەی کاریگەرییەکانی ڕێککەوتنی یەکەم، ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر نوێکردنەوەی ڕێککەوتنەکە، بە مەرجی بڕی 700 ملیۆن دۆلاری دیکە، بەمەش کۆی بەهای قەرزری سەر لوبنان، كە دەبێت بە عێراقی بداتەوە، گەیشتووەتە یەک ملیار و 400 ملیۆن دۆلار.
سەرچاوەکان لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەیان بەوە کردووە، وەسیم مەنسووری، پارێزگاری بانکی لوبنان بەوەکالەت، پێداگریی لەسەر ڕەتکردنەوەی ئەو بابەتە کردووە.
لە مانگی ئابی 2022، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق درێژکردنەوەی ڕێککەوتنی فرۆشتنی نەوت و سووتەمەنیی بە لوبنان پەسەند کرد و ڕوونی کردەوە کە ئەم بڕیارە لە وەڵامی ئەو هەلومەرجە سەختە دێت، کە لوبنانییەکان پێیدا تێدەپەڕن.
ڕۆژنامەی (The National)ی ئینگلیزی لە (20ی حوزەیرانی 2024) بڵاوی کردەوە، کەموکوڕیی گەورە لە ڕێککەوتنی سووتەمەنیی نێوان عێراق و لوبناندا هەیە، كە لە ساڵی 2021 ئەنجام دراوە، هاوکات ئاشكراشی كرد، بەیرووت هێشتا پارەی ئەو نەوتەی نەداوە کە بەدەستی هێناوە، بەغداش سوودی لە خزمەتگوزارییەكانی لوبنان وەرنەگرتووە.
بەیرووت پارە نادات
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە: ”ئەو سووتەمەنییە قورسەی عێراق دابینی دەکات، لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی سووتەمەنیی لوبنان ناگونجێت، هەروەها گرێبەستەکە ڕێگە بە بەیرووت دەدات، لە بازاڕی نێودەوڵەتیدا سووتەمەنییەكە بگۆڕێتەوە بە جۆرەکانی دیکەی نەوتی گونجاو بۆ وێستگە کارەباییەکانی.“
هەر لە ڕاپۆرتی ئەو رۆژنامەیەدا هاتووە، عێراق تا ئێستا نەیتوانیوە دەستی بەو 550 ملیۆن دۆلارە بگات کە بەهای ئەو کاڵا و خزمەتگوزارییانەن، کە دەبوایە لوبنان رەوانەیان بكات، پارەكەش لە بانکی ناوەندیی لوبنان دانراوە.
بەڵام، ڕۆژنامەی (ناسیۆناڵ) هەر سەبارەت بەو پرسە ئاماژەی بەوە کردووە، سەرەڕای ئەم پرسانە، بەڵگەنامە نوێیەکان دەریدەخەن، کە لوبنان بەنیازە پشت بە نوێکردنەوەی گرێبەستی سووتەمەنیی عێراقی ببەستێت، بۆ دابینکردنی وزەی لانیکەم تا ساڵی 2028.
هەروەها بەپێی بەڵگەنامەکانی پلانی فریاکەوتنی نیشتمانی بۆ کەرتی کارەبا لە لوبنان، کە لەلایەن وەزارەتی وزە و کۆمپانیای حکوومی (Electricite du Liban) ئامادە کراوە، کۆمپانیاکە بەنیازە قەبارەی ئەو گرێبەستە لەگەڵ عێراق واژۆی كردووە، ساڵانە بۆ 772 ملیۆن دۆلار زیاد بکات.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، دەسەڵاتدارانی لوبنان لە سەرەتادا ڕێککەوتنی بەیرووت و بەغدایان لە ساڵی 2021 وەک بەخشینێک لە عێراقەوە وێنا کردبوو، ئەمەش لەپێناو هاوسۆزی بەرامبەر بە وڵاتێکی عەرەبی کە بەدەست قەیرانێکی ئابووریی بێوێنەوە دەناڵێنێت.