وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاندراوێكی لەبارەی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان، بە هاوتاكراویی هاوشێوەی عێراق، بڵاو كردەوە.
كەمێك پێش ئێستا (دووشەممە 2/9/2024)، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاندراوێكی فەرمیی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە: "لەسەر بڕیاری وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان، مووچەی مانگی تەممووزی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو و بە هاوتاکراویی هاوشێوەی عێراق، دابەش دەکرێت."
ڕۆژی شەممە 31/8/2024، (باسنیوز) زانیاری لە بەرپرسێكی گەنجینە بەدەست گەیشتبوو و ڕایگەیاند: "وەزارەتی دارايی ئاگاداریان کردینەوە، مووچەی مانگی حەوتی خانەنشینان بە هاوتای مووچەی خانەنشینانی بەغدا دەدرێت، بۆیە فەرمانگەکانی خانەنشینمان ئاگادار کردەوە و ئێستا خەریکی وردبینیکردنی لیستی مانگی حەوتی خانەنشینین."
بودجەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان 54 ملیار و 208 ملیۆن دینارە.
بەرپرسەکەی گەنجینە ئاشکراشی کرد:"پێشتر لیستی هاوتاکردنی خانەنشینان ئامادە کراوە، بەڵام ئەو لیستەی کە بە (دەفع) مووچەکەی پێ وەردەگیرێت لە گەنجینەکانە، ئێستا ئەو دەفع و تەمویلە دەگۆڕێت و ڕێژەکە زیاد ئەکات."
کەمترین مووچەی خانەنشینی لە عێراق 500 هەزار دینارە، لەكاتێكدا لە هەرێمی کوردستان 220 بۆ 230 هەزار دینارە.
ئەمەش لە كاتێكدایە، زیاتر لە 247 هەزار خانەنشینی سەربازی و شارستانی مووچە لە حكوومەتی هەرێمی كورستان وەردەگرن.