پزیشكێكی نەخۆشییەكانی پسپۆڕی دەم و ددان باس لەوە دەكات، كە بەشێك لە هۆكارەكانی پرخەی شەوانە، پەیوەندیی بە دەم و ددانەوە هەیە.
د. هیدایەت ئەبابەكر، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی دەم و ددان، بۆ (باسنیوز)، ئاماژەی بەوە كرد، بەشێك لە هۆكارەكانی پرخەی شەوانە بۆ دەم و ددان دەگەڕێتەوە، یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكان بریتییە لە تەسكیی شەویلاگی سەرەوەی مرۆڤ، ”ئەوانەی شەویلاگی سەرەوەیان تەسكە، شەوانە پرخە دەكەن، ئەگەر لە تەمەنێكی زوو چارە بكرێن، ئەگەری ئەوەی هەیە لە تەمەنێكی گەورە كاریگەریی هەبێت.“
ئەو پزیشكە جگە لەو هۆكارە، باسی لە قەڵەوی كرد، دەشڵێت: ”جگە لە هۆكاری تەسكیی شەویلاگی سەرەوە، قەڵەویش هۆكارێكی دیكەیە، بەڵام هۆكارە سەرەكییەكەی تەسكیی شەویلاگە، بۆیە پێویستە هەموان هۆشیاریی ئەوەیان هەبێت، كە منداڵەكانیان لە تەمەنێكی زوو پیشانی پزیشك بدەن، تاوەكوو بۆ گەورەبوون ئەو كێشەیان نەبێت، چارەسەرەكەشی بە دانانی تەلی ڕاستكردنەوەی ددانە، بە تایبەت لە تەمەنێكی زوودا.“