بۆچی دەبێ یەکێتی بە دۆڕاوی و بە چەند كورسییەكی كەمەوە لە حكوومەتدا بەشداریی پێ بکرایە؟ ئێ خۆ پارتی دەیتوانی ئاوتیان بکات، کە نەیکرد، جگە لە خەمی خاک و مانەوەی هەرێم و یەکخستنەوەی زیاتری نێوماڵی کوردستان نەبێ، بۆ چی بوو؟
دواتر، کە بەشدارییان پێ کرا، جێگری سەرۆکی حکوومەت و ئەو هەموو وەزارەت و پلە و پۆست و ئمتیازاتانەیان پێ درا و بەشی سی چل كورسی پۆستیان پێ درا، ئەگەر پارتی پێی لە جەرگی خۆی نەنابێ بۆ یەکێتی، لەپێناو ئەوەی کوڕەکانی مام جەلال بەهۆش خۆیان بێنەوە و رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان یەکێتی و پارتی، کە لەسەر دەستی سەرۆک بارزانی و مام جەلال لەدایک بوو، زیندوو بکرێتەوە، ئەی بۆ چی بوو؟ نازانم ئەمانە كەی كەمێك بەوەفا و بەئەمەك دەبن لەگەڵ كوردستان و خەڵكەكەی و پارتی؟
لە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەردا، کوڕەکانی مام جەلال ئەو خیانەتە گەورەیەیان كرد، ئەگەر دڵگەورەیی و لێبوردەیی پارتی نەبووبێ، کێ دوای ئەو خیانەتە كە بە ڕۆژی ڕووناک لە كەركووكی دڵی کوردستان کرا، جارێکی دیكە مەرحەبای ئەو کەڵفامانەی دەکردەوە؟ گلەیی بێت پارتی، بۆچی ئەم جاشانەت ئاوت نەكرد؟
کابینەی نۆی حكوومەت بە سەرۆکایەتیی جەنابی کاک مەسرور بارزانی، لە کارنامەی خۆیدا، سەرەڕای بەردەوامیدان بەو کار و پڕۆژە باشانەی کە لە کابینەکانی ڕابردوودا ئەنجام دراون، دەستی گرت بەو ژێرخان و سەرخانەی لە هەرێمی کوردستان بنیات نراون، لەلایەکی دیكەوە، دەستی برد بۆ تەواوی سێکتەرە جیاجیاکانی وەزارەتەکان لە حکوومەت کە لە چەندین ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵێک کێشەی کەڵەکەبوو، چارەسەرنەکراو، بەلاڕێدابراو، یاخود قۆرخکراو، لەپێناو دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆیان و ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵە و کەموکوڕیانەی هەبوون.
کاک مەسرور بارزانی زۆر بوێرانە هەنگاوی نا، هەر زوو جدییەت و ڕاستگۆیی و بوێریی سەرۆکی حکوومەت لە سەرەتاکانی کابینەی نۆدا دەرکەوت، ئیتر یەکێتی (وەك دزێك كە بازاڕی شێواوی پێ خۆش بوو!) حەزی بەو دۆخە نەكرد، ترسێکی لە کارکردن لەناو حکوومەت لێ نیشت، ترسی ئەوەی چۆن چۆنی لەگەڵ کاک مەسرور بارزانی مامەڵە بکەن لە كاتێكدا ئەم سەرۆك وەزیرانە ورد و رژد هەنگاو دەنێ؟ بۆیە کەوتنە پلانگێڕی دژ بە هەنگاوەکانی سەرۆکی حکوومەت.
سەرباری ساڵێک زیاتری پەتای کۆڕۆنا و سەختیی ئیدارەدانی دامەزراوەکانی حکوومەت، بەڵام ڤاکسینەکان پەتاکەیان بنبڕ کرد، کەچی یەکێتی دۆخێکی سەختتر و پەتا و بەڵای زۆری بۆ حکوومەت دروست کرد، کە نەدەتوانرا بە ڤاکسینێکی هاوشێوە چارەسەر بکرێت، لەوانەش؛ فەوزای لامەركەزییەت، خۆبەڕێوەبەریی خۆسەری هاوشێوەی پرۆژەی پەکەکە، جیابوونەوەی هەرێمی سلێمانی لە هەرێمی کوردستان، گەڕانەوە بۆ باوەشی بەغدا و بەپارێزگابوونەوە لە عێراق، بە بیانووی ئەوەی بە هەر شێوەیەک بێت دەتوانن خەڵکی سلێمانی و هەڵەبجە و دەڤەرەکە بە داهاتی بەردەستی خۆیان بژیێنن و پێویستیان بە حکوومەتی هەرێم نییە و نابێ! ئەرێ کوا ئەو داهاتە ئێستا لە کوێیە خەڵکی پێ بژیێنن؟ مەگەر بەشی بنەماڵەکەتان دەکا؟ چونکە هەندێ جار داهاتتان بە سفر و ماینەس پیشانی وەزارەتی دارایی و حکوومەت داوە!
کاک مەسرور بارزانی چاکسازیی کردە بنەمای کارکردن و حکوومەتداری، بەڵام بە فیتی جاش - عێراقی و پەرلەمانتارە مەوتینی و تەوتینیەکان و گرووپی 15 جاشسیغە و هاوکووفەکانی حەسەن پلایس و کوردە پۆشاک لەبەرەکانی حەشد و هاوسەرۆکەکەی ڕەیان کلدانی، لە ڕێگەی مەحکەمەی بەناو دادگای فیدڕاڵی، کۆمەڵێک تەنگژەیان بۆ هەرێمی کوردستان دروست کرد، لەسەرووی هەمووشیانەوە مووچە و بودجە کە تاوەکوو ئەمڕۆش بووەتە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم چاکسازی و پاکسازی و کارنامەی کابینەی نۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
ئێ خۆ ئەگەر پارتی و سەرۆکی حکوومەت لە خەمی خاک و نیشتمان نەبوونایە، دەبوایە یەكیتی بەو حاڵ و جاشیتییەوە بەشداریی پێ نەكرایە لە حكوومەتدا، بەڵام چی بڵێین؟ ئەوە دڵە گەورەکەی پارتییە كە جێی هەموانی تیا دەبێتەوە و دەیان جار لەم جاشانە خۆش بوو لەپێناو ئارامیی كوردستاندا.