كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
ئاراس سەعید 01/09/2024

له‌گه‌ڵ مندا هه‌موو عێراق نوقم ده‌بێت!

دزی بە رۆژی رووناك

دوو ساڵ لەمەوبەر، دزێک بە ڕۆژی ڕووناک و بە بەرچاوی هەموو دەزگاکانی حکوومەت و دەسەڵاتدارانی باڵای عێراقییەوە، پێنج ملیار دۆلاری حکوومەتی دزی.
ئەو ڕووداوە کۆمەڵگەی عێراقیی تووشی شۆک کرد و تەنانەت ناوی (نوور زوهێر) بووە ترێندی میدیا عێراقی و جیهانییەکان و دزییەكە وەکوو (دزیی سەدە) ناودێر کرا.

ئەوکات دەسەڵاتدارانی عێراق و دەسەڵاتی دادوەری بۆ کڕینەوەی ئابڕووی دەوڵەتەکەیان، هەر زوو (نوور زوهێر)یان خستە زیندانەوە و بڕیاری ئەوەیان دا لە دادگاییەکی ڕوون و ئاشکرا و لەبەرچاوی زوومی میدیاکانەوە دادگایی بکەن و توندترین سزای بەسەردا بسەپێنن، تا هیچ کەس و بەرپرسێکی دەوڵەت نەتوانێت و زاتی ئەوە بکات تاوانی هاوشێوە بكات! بەڵام ئەمە هەرگیز ڕووی نەدا، بەڵکوو زوهێر بە هەڕەشەیەک دەوڵەتی عێراقی و دەسەڵاتی عەرەبی شیعەی هەژاند و گوتی: "ئەگەر ئازادم نەکەن، ئەوا ناوی هەموو ئەو گەورەبەرپرسانە دەهێنم، کە لە دۆسیەی دزییەکەدا هاوبەشم بوون."

هەڕەشەکەی زۆری نەخایاند و بە پەڕجوویەک دەرگای زیندانەکە کرایەوە و زوهێر لە زیندان هاتە دەرەوە و سواری ئۆتۆمێلێکی جامڕەش کرا و بەرەو فڕۆکەخانە بەڕێ کرا و لەوێوە فڕۆکەیەکی تایبەت بەرە و بەیرووت هەڵیفڕاند.

ئابڕووچوونی دەوڵەتێك

دوای تێپەڕینی دوو ساڵ لە ڕوودانی دزیی سەدە و ئابڕووبردنی ناوناوبانگی دەوڵەتی عێراق لەلایەن میدیا جیهانییەکانەوە، دوو هەفتە لەمەوبەر میدیایی عێراقی دڵی زوهێریان ڕەنجاند و باس و خواسی دزیی سەدە و نغرۆبوونی عێراق لە گەندەڵی، بووە باسی گەرمی میدیاکانی عێراق.

ئەمە زوهێری دزەگەورەكەی دزیی سەدەی هێنایە سەر شاشەی گەورەترین تەلەڤزیۆنی ئۆپۆزسیۆنی عێراق و ئەوەی ژێر بەڕەی هێنایە سەر بەڕە و جارێکی دیکە ئابڕووی دەسەڵاتدارانی عەرەبی شیعە و حکوومەتی عێراقی برد و گڕی لە کۆمەڵگەی عێراقی بەردا و گوتی: "عێراق لە دەستی کۆمەڵێک گەورە دزی گەندەڵدایە، ئەو دزییەی ئێمە کردمان بۆ خۆمان نەبوو، بەڵکوو ئێمە تەنیا کارەکتەری بچووک و جێبەجێکاری ئەو دزییە بووین. ئەگەر دەسەڵاتی دادوەریی عێراق سەربەخۆیە، با ڕاستەوخۆ و بەئاشکرا من دادگایی بکات، ئەوکات ناوی دەیان بەرپرسی باڵای حکوومی و سەربازی و ئایینی دەهێنم."

ئەم قسانە تووڕەییەکی گەورەی عێراقییەکانی بەرامبەر دەوڵەتەکەیان بەدوای خۆیدا هێنا و تەنانەت بووە هۆکاری ئەوەی، دەسەڵاتدارانی عێراقی فشار لەسەر کەناڵی (ئەلشەرقییە) بکەن، بۆ سڕینەوەی چاوپێکەوتنە تەلەڤزیۆنییەکەی كارەكتەری دزیی سەدە.
چەند ڕۆژێک دوای ئەو لێدوانە هەڕەشەئامێزە، زوهێر لە رووداوێکی تەمومژاوی و پڕ لە پرسیاردا، لە بەیرووت تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوو و بەسەختی بریندار بوو.

نوور زوهێر و دزە فەرەنسییەكە!

لێدوانە هەڕەشەئامێزەکانی زوهێر و برینداربوونی بە ڕووداوی هاتوچۆ، زۆر لە ڕوودوای دۆسییەی گەندەڵیی شاڕڵ باسکوا دەچێت، کە لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، وه‌زیری ناوخۆی فەڕەنسا بوو.

پاسکوا و چه‌ند كه‌سێكی دیكەی نێو دەستەبژێر‌ی دەسەڵاتی سیاسیی فه‌ره‌نسی، ملیاران دۆلاریان له‌ سه‌دام حوسێن وه‌رگرتبوو، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ گه‌نده‌ڵییه‌كی زۆردا تێوە گلابوون، بەڵام كاتێك ویسترا دۆسییه‌ی گه‌نده‌ڵییان بجووڵێنرێت، هەر زوو پاسكوا ها‌تە سه‌ر ته‌له‌ڤزیۆن و گوتی: "له‌گه‌ڵ مندا، هه‌موو به‌له‌مه‌كه‌ نوقم ده‌بێت."
مه‌به‌ستی ئەو له‌ نغرۆبوونی به‌له‌مه‌كه‌ لەگەڵ خۆیدا، هیچی دیکە نەبوو جگە لە نغرۆبوونی ده‌وڵه‌ت. بۆیە هه‌ر خێرا دۆسییه‌كه‌ی دیزه‌به‌ده‌رخۆنه‌ كرا و هەرگیز نەخرایەوە بەر باس.

هەڕەشەکانی زوهێر بۆ دەسەڵاتدارانی عێراقی هەمان پەیامی پاسکوا بوو بۆ دەوڵەت. زوهێر بەئاشکرا گوتی: "لەگەڵ مندا هەموو دەوڵەت غەرق دەبێت."
جیاوازیی پاسكوا له‌گه‌ڵ زوهێر تەنیا ئه‌وه‌یه،‌ ئه‌و نه‌كوژرا و به‌ مردنی سروشتیی ده‌رباز بوو، به‌ڵام زوهێر، ئه‌مڕۆ به‌ ڕووداوی هاتوچۆ و تەنانەت ڕەنگە سبەی به‌ چه‌قۆ و فیشەک بیكوژن، بۆ ئەوەی ده‌وڵه‌ت نوقم نه‌بێت.

.