حكوومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان، چەند یاسایەكی قەدەغەكراوی بۆ ئافرەتان دەركردووە، كە بەتەواوی ئافرەتیان خستووەتە دەرەوەی كۆمەڵگە و وەكوو كۆیلەیەك مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن، ئەم بڕیارانەش كاردانەوەی جیهانی بەدوای خۆیدا هێناوە.
بەگوێرەی یاسا تازەكە، ئافرەتان بەهیچ شێوەیەك بۆیان نییە لە دەرەوە دەم و چاویان دەربخەن و پیاوان بیانبینن. بەگوێرەی زانیارییەكان، تاڵیبان ئەو یاسایانەی بۆیە دەركردووە، تا رێگە لە كاری خراپ بگرێت، بەڵام نەتەوە یەكگرتووەكان دژی ئەو یاسایانەی تاڵیبان هاتووەتە دەنگ و دەڵێن ئەمە دژی مافی مرۆڤە و ئیدانەی دەكەین.
لە یاساكەدا هاتووە، ئەگەر ئافرەت لەناو كۆمەڵگەدا دەنگی لەلایەن پیاوەوە ببیسترێت، ئەمە بێ ئەخلاقییە.
هەروەها لەبەشێكی تری یاساكەدا هاتووە: ”ئافرەتی پێگەیشتوو، ئەگەر بەناچاری چووە دەرەوەی ماڵەوە، نابێت كەس گوێی لە دەنگی بێت، هەروەها دەم و چاوی نابێت ببینرێت و تەواوی جەستەشی دەبێت داپۆشرابێت، واتە دەبێت پەچە ببەستێت.“
بەگوێرەی زانیارییەكانی میدیاكانی جیهانی، تاوەكوو ئێستا 10هەزار كەس لە ئەفغانستان دەستگیر كراون، هۆكارەكەشی ئەوەیە، دژی بڕیارەكانی تاڵیبان رەفتاریان كردووە، بۆ نموونە ئافرەتان دەم و چاویان بەدەر خستووە و پیاوەكانیش سەیریان كردوون و زۆر هۆكاری تری لەو شێوەیە.
لە یاساكەدا ئەم خاڵانە دیاری كراوە و بەیاسایی كراوە، دەبێت ئافرەتان پێوەی پابەند بن:
١. دەبێت بە تەواوی جەستەی دابپۆشێت.
٢. دەبێت دەم و چاوی داپۆشرابێت و نەبینرێت، بۆ ئەوەی دووچاری گوناح نەبێت.
٣. نابێت ئافرەتان دەنگیان لەلایەن كۆمەڵگەوە ببیسترێت، واتە لە دەرەوە دەبێت بێدەنگ بن و پیاوان گوێیان لەدەنگیان نەبێت.
٤. نابێت تەنانەت لەناو ماڵی خۆشیان گۆرانیی بڵێن، یان بەدەنگی بەرز كتێب بخوێننەوە.
٥. جلوبەرگی ئافرەتان نابێت تەنك بێت، نابێت تەسك بێت و هەروەها نابێت جلی كورت بپۆشن.
٦. نابێت پیاوەكان سەیری ئەو ئافرەتانە بكەن كە تازە پێگەیشتوون، هەروەها ئافرەتانیش بەهیچ شێوەیەك نابێت سەیری پیاوان بكەن.
جیا لە ئافرەتان، تاڵیبان یاسای تازەی بۆ پیاوانیش دەركردووە، دەبێت پێوەی پابەند بن. یاساكەش بۆ ئەو پیاوانەیە كە تەمەنیان سەرووی 15ساڵانە:
١. نابێت بەهیچ شێوەیە سەیری چاوی ئافرەت، یان هەر شوێنێكی تری ئافرەتان بكەن.
٢. لە سەرتاشخانە، بەهیچ شێوەیەك نابێت بە تەواوی ریشی خۆیان بتاشن، یاخود جوانكاری بكەن.
٣. دەبێت جلوبەرگەكانیان داپۆشراو بێت، واتە لە شانیانەوە تا خوارەوە دەبێت داپۆشراو بێت.
٤. نابێت بەشێوەیەك قژیان بتاشن كە دژی شەریعەت بێت.
هەر بەگوێرەی یاسا تازەكە بێت، ئافرەتان بۆیان نییە بەتەنیا سواری تەكسی بن، نابێت بەهیچ شێوەیەك لەناو سەیارە لە تەنیشت هیچ پیاوێكەوە دانیشن، مەگەر پیاوەكە هاوسەر یان برا و باوك بێت.
هەروەها بەهیچ شێوەیەك نابێت هیچ ئەندامێكی خێزان، لەناو ماڵەوەدا وێنەی هیچ باڵندەیەك بكێشێت، ئەمە سزای لەسەرە.
ئەگەر هەر كەسێك لەو یاسایانە لا بدات، سزای مادییان بەسەردا دەسەپێنن و هەروەها بۆ ماوەی سێ رۆژ زیندانی دەكرێن.