كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

یاداشتنامەیەكی لێكتێگەیشتن لەنێوان یەكێتیی زانایان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاكسازیی كۆمەڵایەتی واژۆ كرا

"لە ماوەی یەک ساڵدا 170 سمینار لەلایەن مامۆستایانی ئایینییەوە بۆ سزادراوانی چاكسازییەكان پێشكەش كراون"

لە ڕێوڕەسمێكدا یاداشتێكی لێكتێگەیشتن لەنێوان یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاكسازیی كۆمەڵایەتیی هەرێمی كوردستان واژۆ كرا، ئەو لێكتێگەیشتنە لەپێناو كاری هاوبەش و ئەنجامدانی سمینارە لە چاكسازییەكانی كوردستان لەلایەن مامۆستایانی ئایینییەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی 8ی 2024، لە ڕێوڕەسمێكی هاوبەشدا، بەئامادەبوونی تەیب زرار شێروانی، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقاف و كاروباری ئایینی پارێزگای هەولێر و د. عەبدوڵڵا مەلا سەعید گرتكی، سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و ئیحسان بابان، بەڕێوەبەری گشتیی چاكسازیی كۆمەڵایەتیی هەرێمی كوردستان، لەنێوان یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاكسازیی كۆمەڵایەتیی هەرێمی كوردستان لێكتێگەیشتنێكی هاوبەش واژۆ كرا.

بەئامانجی پەسندکردنی یاداشتنامەی هاوبەش و پێدانی هۆشیاریی ئایینی بە سزادراوان و ڕێزگرتن لە هەوڵ و کۆشش و بەردەوامیی سمیناری مامۆستایانی ئایینی لەناو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، کە تێیدا بە لەبەرچاوگرتنی كاری هاوبەشی ساڵی پار، ئەمساڵیش یاداشتنامەیەكی دیكەی لێكتیگەیشتن لەنێوان سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و بەڕێوەبەری گشتیی چاكسازیی كۆمەڵایەتیی هەرێمی كوردستان واژۆ كرایەوە و جەخت لە هەماهەنگیی زیاتر و کاری هاوبەش کرایەوە.

لە وتارێكدا، د. عەبدوڵڵا مەلا سەعید گرتكی، سەرۆكی یەكێتیی زانایان وێڕای باسكردنی لێكتێگەیشتنی ساڵی پار لەنێوان یەكێتیی زانایان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاكسازیی كۆمەڵایەتیی ڕایگەیاند: "هەتا مرۆڤ مابێت، کەموکوڕی و تاوانە جۆراوجۆرەکانی ناو کۆمەڵگە هەر دەبێت، بەڵام لەسەر لایەنی پەیوەندیدارە چارەسەری ئەو کێشە و تاوانانە بکەن، خۆشبەختانە لەو چاکسازیانەی هەرێمی كوردستان لە ماوەی یەک ساڵدا 170 سمیناری جۆراوجۆر لەلایەن مامۆستایانی ئایینی بۆ سزادراوانی چاكسازییەكان ئەنجامدراوە و ئەنجامی باشیشی هەبووە."

گوتیشی: "ئەو سمینارانەی، كە پێشكەش كراون لەلایەن مامۆستایانی ئایینی، زیاتر بۆ ئەو سزادراوانە بووە، كە لەسەر مادەی هۆشبەر، تیرۆر و توندڕەوی، خیانەتی هاوسەری و كوشتن و..هتد گیراون، كە ئەو سمینارانە سوودێكی زۆری بۆ گیراوان هەبووە و كاریگەری ئەرینی لەسەر دروست كردوون و كەسی گیراو كە ئازاد كراوە، بووەتە مرۆڤێكی دیكە."

باسی لەوەش كرد، بانگەوازكردن تەنیا لە مزگەوت نییە و دەبێت مامۆستایانی ئایینی هەمیشە خەڵك بەرەو چاكسازیی و نەرمی و ئاشتیی ببەن، كە ئەوەش پەیامی میانڕەوانەی ئایینی ئیسلامە، گوتیشی: "واژۆكردنی لێكتێگەیشتنی ساڵی پار لەنێوان یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاكسازیی كۆمەڵایەتیی هەرێمی كوردستان ئەنجامێكی باشی بۆ گیراوان لە چاكسازییەكانی گەوران و ژنان و نێوجەواناندا هەبووە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەنجامی ساڵی پار، ئەمساڵێش یاداشتێكی دیكەی لێكتێگەیشتن واژۆ دەكەین."

دواتر، ئیحسان بابان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازیی کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "سوپاسی مامۆستایانی ئایینی دەکەین، کە بەپیر داواکاری ئێمەوە هاتن، ئەو سمینارانەی لەڕێی مامۆستایانی ئایینییەوە ئانجامدراوە، کاریگەری ئەرێنی دەروونیی و کۆمەڵایەتیی هەبووە."

تیشكخستەسەر كردنەوەی سەنتەرێك و ڕاشیگەیاند: "سەنتەرێكمان كردووەتەوە، كە لەو سەنتەرەدا ڕۆژانە سمیناری جۆراوجۆر بۆ بەندكراوەكانی چاكسازییەكان پێشكەش دەكرێ، وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانی باشمان بۆ چاکسازییەکانی گەوران و ژنان و نێوجەوانان هەیە."

باسی لەوەش كرد، كە ئەمساڵ ڕێژەی تاوان ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە، بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر، کوشتن و دزی زیادی کردووە و پێویستە بەهەموولایەک بتوانن ڕێگربن لە کەمکردنەوەی ئەو تاوانانە.

هەر لەو ڕێوڕەسمەدا، یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوولا واژۆ کرا و ڕێزیش لە زیاتر لە 80 مامۆستای ئایینی گیرا، كە لەبەرنامەی كاری یاداشتی ساڵی پار، سمیناری ئایینییان بۆ بەندكراوانی چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان پێشكەش كردووە و ڕۆڵێكی ئەرێنی و باشیان لە چاكسازیكردندا هەبووە.