وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پنتاگۆن) ڕایگەیاند: «دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمەریکا ئامادەیە بۆ ئەگەری هەر هێرشێکی ئێران.»
پاتریک ڕایدەر، گوتەبێژی پنتاگۆن، لەمیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، باسی لەوە کرد کە ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزە، لەبەرئەوە، لیۆد ئۆستن، وەزیری بەرگری، فەرمانی کردووە بە ناردنی چەک و جبەخانەی زیاتری بەرگری بۆ ناوچەکە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی کە ئاخۆ ئەگەر هەیە لەم هەفتەیەدا ئێران بەرپەرچی ئیسرائیل بداتەوە یان نا، ڕایدەر ڕایگەیاند: "بێگومان ئەگەر هەیە."
هەروەها گوتیشی: "جگە لەوەی، کە دەڵێم (ئەگەری هێرشەکەمان) بە رژدی وەرگرتووە. هەوڵ نادەم پێشبینی بکەم کەی هێرشەکە دەکەن، لەبەرئەوە لە ئامادەباشییدا دەبین و ئامادەین".
جەختی لەوەش کردەوە، کە ئەمەریکا خوازیاری هێورکردنەوەی ڕەوشەکە و پاراستنی هێزەکانی و پشتیوانیکردنە لە ئیسرائیل.