بەشی 35
پـلان و پیـلان
هەر لە کەونارا و بگرە لە دەستپێکی باستان و لە هەربوون (ئەزەڵ)ـەوە، ئەم خاکە خواکردوویەتی بە زێد و نشینگەی کوردان. لێ هاوسێکانی، کە هیچ کات ئەمەیان پێ هەرس نەکراوە، مرخیان لە داگیرکردنی خۆش کردووە و هەمیشە پلان و پیلان و گەلەکۆمەکێی گەورەیان گێڕاوە، بۆ خەفەکردنی ئەو هەستی خۆبەخاوەنزانینەی کورد. یەکێک لەو پلانانەیان، کە لەمێژەوە پەیڕەوی دەکەن، کارکردن بووە لەسەر خەڵکی شارەکانی کوردستان (بەتایبەتی منەوەر و دەستڕۆیشتوانیان)، بەوەی توانیویانە زۆربەیان بێکاریگەر بکەن و لەنێو دنیابینیی خۆیاندا بیانتوێننەوە، کە بە زمانی ئەوڕۆکە پێی دەگوترێت (ئەسیمیلاسیۆن). بۆ ئەمەیش بە سازاندنی وردە کێشەگەلێکی زۆر لەنێوان ئەوان و لادێنشیناندا، جۆرە ناتەبایی و نەگونجانێکیان لەو نێوەندەدا هێناوەتە ئارا و بۆ پەردەپۆشکردنی ڕاستییەتیی پیلانەکەش ئەمەیان ناوناوە (ناکۆکی و پێکدادانی شارستانێتییەکان).
بەر لە هەر شت، زاراوەی (ئاسیمیلار) لاتینییە و بە مانای (هاوشێوەکردن)ـە. کەواتە (ئاسیمیلاسیۆن) وەکیەککردن، توانەوە و ... تاد. دەگرێتەوە. دیارە ئەم وەکیەکلێکردن و توانەوەیە لە زۆر لایەنی بایۆلۆژی، دەروونی، زمانەوانی و ...تد، هەیە، بەڵام مەبەستی من لێرەدا ئەو وەکیەکلێکردنەیە، کە بە زۆرەملێ و لە ڕێگەی ڕێوشوێنی کولتووری و ئابووری و سیاسییەوە بە ئامانجی گونجاندنی نەتەوەی داگیرکراو لەگەڵ داگیرکەرەکەیدایە (کە لێرەدا مەبەستم کوردە و بەتایبەتییش باشووری کوردستانە لەگەڵ عارەبە داگیرکەرەکەیدا).
عارەبەکان هەر لەسەرەتاوە بە بانگەشەی نوێنەرایەتیکردنی ئایدیای پیرۆز و ڕاستینە، خۆیان کردووەتە خاوەنمان و بگرە چاودێر و نوێنەری خوداش بەسەرمانەوە. لەم سەد ساڵەی دواییشدا بیانووی (هاونیشتمانی) و (پێشکەوتن)ـیشی هاتووەتە سەر. ئەوان کە تەنێ بە قەدەغەکردنی زمانی کوردی و سەپاندنی ئەوی خۆیان و کردنی بە زمانێکی فەرمی و بەعارەبیکردنی ناوی شوێنەکان نەوەستاون، بەڵکوو هەوڵی زۆریان داوە و دەدەن، کۆنتڕۆڵی دنیابینیی کوردانیش بکەن، ئەمەیش بە مانای کۆنتڕۆڵی تێکڕای هەڵسەنگاندنە کەسییەکان، ئەو ئایدیا و تێڕوانینانەی کە کاریگەرییان لەسەر لێکدانەوەی جیهان، ڕۆڵی تاک تیایدا، ڕوانگەی کۆمەڵگە و تاکوو ڕاددەیەک مانای ژیان هەیە. بۆیە ئەگەر بگوترێت دواتریین پلەی (کۆلۆنیالیزەکردن)ـیان تێپەڕاندووە، زۆر نەگوتراوە.
لەم هەوڵی هاوشێوەکردنەیاندا، کە لەڕاستیدا جگە لە شۆردنەوەی هزری و توانەوەی کورد لەوی دیی ناکورددا شتێک نییە، شارنشینان ئەڵقەی بێهێزیی نەتەوەکەمان بوون. لەوێدا هەندێک لە خۆبەڕۆشنبیرزانانی کورد (بە هەرزەکارانی سیاسییشەوە) لە نەزانی و زۆرێکیان بە مەبەستی ئایدیۆلۆژی و لەبەرژەوەندیی دەوروبەردا، هەمیشە ئەمەیان بە نوێخوازی (مۆدێرنیتە) بە کورد ناساندووە. بەمەیش توانراوە کنەیەکی زۆر لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا بکرێت، کە پێکدادانی کۆمەڵایەتی و پشێوییەکی زۆری فەرهەنگی و سیاسی بە دووی خۆیدا هێناوە. سەرەنجامیش خەڵکێکی زۆر بخەنە خولگەی خۆیانەوە و لە کوردبوون دایان بماڵن .
خوێنەری بەڕێز:
بۆ تێگەیشتنی قووڵی پرسەکان، جگە لە زانینی مێژوو، تەنیا ئەوەندەمان دەوێت، کەمێک لەودیو ڕووکەشی شتەکان بنواڕین. فەرموون!
سەدان ساڵ بوو بەزۆرسێنان، بە کەڵەگایی ئەوەی ویستوویانە و (بۆیان کراوە) لە کوردستان کردوویانە، بەڵام تا لە هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوودا ڕژێمی داگیرکەری عێراق لە پڕۆسەی بەدناوی ئەنفالدا سەراپای گوندەکانی کوردستانی خاپوور نەکرد، لادێنشینانی کورد و لەوەیشەوە تێکڕای نەتەوە، شکۆدارتر بوون، وڵاتیان خۆشتر دەویست و پارێزەرێکی باشی ژینگەکەیشیان بوون. نەک هەر ئەوە، بەڵکوو وەکوو مامۆستا مەسعوود محەمەد ئاماژەی بۆ کردووە، سەرەکیترین هۆکاری مانەوەی کورد و نەتوانەوەی لە بۆتەی خەڵکیدا، پەیوەستبوونی بووە بە خاکەکەیەوە، کە بووەتە قەڵا و پشتوپەنای هەمیشەیی و بەو هۆیەوە بە هیچ نەتەوەیەک کەوی نەکراوە.
لەوێدا و لەنێو ئەو سروشتە ڕەنگینەیدا، کورد توانیویەتی فەرهەنگێکی سروشتی و زمانێکی خۆڕسک بۆ خۆی پێکبهێنێت و گەشەی پێ بدات و دواییش بەوانەوە بەرگەی هەموو گورزەکانی ڕۆژگاری گرتووە و تەنانەت، کە زەبری شمشێریش بە بەیانووی ناقۆڵا کەللـەسەری زۆریانی پەڕاندووە و بۆ ماوەیەک کانیاوی سازگاریانی لێڵ کردووە، نەیتوانیوە تەواو وشکیان بکات، چون بناوانێکی لەبن نەهاتووی ئاهوراییان هەبووە و هەیە.
جا کە خۆبەڕۆشنبیرزانانێک و لە ژێر ناوی شارستانیبوونی (درۆیینە و ساختە)دا هێرشگەلێکی هەمەلایەنەیان کردووەتە سەر لادێ و لادێنيشانی کوردستان، کە سەرچاوە و بناوانی هەمیشەیی فەرهەنگ و ڕەوانی و پاراویی زمانی ئەم نەتەوەیە بوون، ناهەقییەکی گەورەیان کردووە. ئەو بیانووە (ناڕاستانەیش) لە چوونیەکبوون و هاوشێوەکردندا، کە بووە مایەی کۆبوونەوەی کوردان لە خولگە و دروشمی پارتە (چەپەکانی) نەتەوە سەردەستەکانی داگیرکەری کوردستاندا و ئەوانەی ئێستایش لە نەتەوەی دیموکراتیک و مۆدێرنیتە دیموکراتیک و ... تد، کە سەرەتا لە باشووری کوردستان و دواتر بەشەکانی دیكەی گرتەوە، جگە لە دوورکەوتنەوە لە کوردایەتی و تێکشکانی پێکهاتە (ستروکتور)ی کۆمەڵایەتی و کولتووری کورد، چیی دی لێ نەکەوتووەتەوە و لێیشی ناکەوێتەوە.
کوردستان بەشێکی گرنگ و ستراتیژیی خۆرهەڵاتی نێوەڕاستە، کە لە بەرەبەیانی مێژووەوە گیرۆدەی چەندان کێشەی دەسەڵاتدارێتی لە ڕووەکانی سیاسی، سەربازی، کولتووری و ... تد، بووە. کوردیش لەمڕۆدا (لەوانەیشە لە دوێنێی نادیاریشدا هەر وا بووبێت) بە بێ ویستی خۆی تێکەڵی ئەو ئاڵۆزەییەی ناوچەکە کراوە. لێ چون لەم دواییانەدا و لەژێر سایەی نیمچە دەسەڵاتێکی خۆی لە کوردستانی باشووردا توانیی ببێتە کارکەرێکی یاریدەدەر (کۆفاکتەرێک)ـی کاریگەری ئەو هاوکێشە ئاڵۆزەی ناوچەکە و لەوەی تێپەڕاند، تەنێ چاودێرێکی بێدەنگ و ڕەنگ بێت و هەژمارێکی بۆ نەکرێت، بە شایان و مافی خۆی دەزانێت، کە بخرێتە سەر نەخشەی سیاسیی جیهان. بە تایبەتی کە؛ جگە لە تۆمارکردنی داستانی بێ وێنەی بەرخۆدان و بەرگری لە خۆی، ڕۆڵی گەورە و بگرە سەرەکییشی لە تێکشاندنی ئەفسانەی ڕێکخراوێکی چەکداریی وادا بینی، کە هەڵگری مەترسیدارترین ئایدیای مرۆڤکوژی بوو و لە هەمان کاتیشدا هەڵوێستی هێجگار مرۆییانەی لەو جەنگە سەختەدا نواند و ملیۆنان کەس (لە عارەب و ئاشووری و تورکمان )ـی لە مەترسیی لەناوچوون پاراست.
هەموو ئەمانە ناوی کورد و پێشمەرگەی خستە بەرزترین بەهاکانی مرۆڤبوونەوە. جا کە کۆلۆنیالیستانی داگیرکەری کوردستان ئەمەیان پێ هەرس ناکرێت، هەوڵی هەمەلایەنە دەدەن کورد بە کۆڤانگەلێک کپ بکەن، بۆ ئەمەیش پیلان و پلانیان وردتر و چڕتر بووە، کە وەکوو لەبەراییدا ڕوونم کردەوە، ئەو توانەوەیەیە، کە بەشێک لە خۆبەڕووناکبیرزانانی کوردیش بۆ بەرچاوتاریککردنی نەتەوە بە (شارستانیبوون) و (نوێخوازی) و (وەکیەکلێکردنی یەکسان) ناوزەدی دەکەن.
ئەمن دڵنیام، کە خوێنەر لەوەی دەگات کە، مەبەستی ئەم تێزە دوورکەوتنەوە لە بە شاریبوونی کۆمەڵگە نییە، بەڵکوو لەتەک بە شاریبوونێکدایە کە؛
- کۆمەڵ بە گەشەکردنی سروشتیی خۆی، یان بەهۆی ڕووداوگەلێکی جیاوازەوە پێی دەگات و تیایدا تایبەتمەندێتییە سروشتییەکانی لە دنیابینیی جیاواز، بەڵام کۆبوونەوەی نەناسەکان بۆ کردنی کاری پێکەوەیی، بەرهەمهێنەری هزر و هونەر و ...تد، لە خەسڵەتە پێکهێنەرەکانی بن.
- تەنێ کۆبوونەوەی تەلار و باڵەخانەکان نەبێت لە یەکەیەکی کارگێڕیدا، بەڵکوو پێکهاتەیەکی تێکەڵەی مۆزایکی فرەپیشە و فرەڕەنگی ژیاریی بێت، کە هێما و بەڵگەی پێکەوەژیانی جیاوازییەکان بێت و ببێت بە جوگرافیایەک، کە قەوارەیەکی فەرهەنگیی تایبەت بە خۆی هەبێت.
بۆ ئەو بە شاربوونە و بۆ ئەوەی شوێنێکی شیاومان لە شاڕێی شارستانێتیی مرۆڤایەتیدا هەبێت، دەبێت؛
مرۆڤی کورد باشتر و بە بڕشتتر کارە مرۆیی و نیشتمانییەکانی ساز بدات و خۆی دوور بخاتەوە لە ململانێیەکەوە، کە مایەپووچیی نەبێت هیچی دیی لێ بەرهەم نایەت!
بە ئومێدی ڕۆژگارێکەوە هزری کوردبوون، کە ناسنامەی مرۆڤبوونی کوردە، تیشکی ئەو چرایە بێت، کە ئەو ڕێیەمان بۆ ڕۆشن دەکاتەوە.
چاوەڕوانی هاوارەکانی دی بن ....