كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
نەجمەدین محەمەد قەراجی 27/07/2024

لەكەی خیانەت بە دوو تەنكەر ئاو لاناچێت

هەزەلیترین شێوازی بانگەشەكردنی یەکێتی و جەماعەتی شاسواری واحید بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، هێنانی تەنكەرێك ئاوە بۆ گەڕەكێكی هەولێر! كاندید بە لاندگرۆزەوە پێش تەنكەرە ئاوێك كەوتووە، جا خۆی بە یەك دوو ماڵی ئەو گەڕەكە دەناسێنێ و سێ چوار تەنەكە ئاویان دەداتێ و دەڵێ رۆژی هەڵبژاردن ئەم شەهامەتەی ئێمەتان لەبیر بێت!

سەیر ئەوەیە ئەو یەكێتییەی لە هەولێر بە تەنەكە ئاو دابەش دەكات، سامانی هەموو سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕینی هەڵلووشیوە، كەچی تەنانەت یەك جادەی بۆ كوێرە گوندێكی ئەو ناوچانە رانەكێشاوە. ئەو شاسوارەی بە تەنەكە لە هەولێر ئاو دابەش دەكات، لە سلێمانی بە بەرمیل پارەی نزیكەی 10 هەزار خاوەن پشكی چاڤی لاندی لووش داوە، جیا لە دەستبڕینی ئەم و ئەو.

یەكێتی لە هەولێر بە دۆلكە ئاو دابەش دەكات، كەچی بەرپرسە باڵاكانی یەكێتی هەر لە هەولێر بایی ملیاران دۆلار موڵك و ماڵ و كەسابەت و شوێنی بازرگانییان هەیە. ئەو شاسوارەی لە هەولێر بە پەرداخ لە گەڕەكەكاندا ئاو دابەش دەكات، لە سلێمانی قەرزداری وەستای بینا و كرێكار و مقاولەكانە، مووچەی دەیان كارمەندی كەناڵی ئێن ئاڕتیی خواردووە و نایانداتەوە.

ئەو یەكێتییەی ئێستا بە تەماعی كۆكردنەوەی دەنگ كاندیدەكانی دەنێرێت بۆ گەڕەكێكی هەولێر تا تەنكەرێك ئاو بەرن بۆ ماڵەكانی، لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017دا نیوەی زیاتر كوردستانی فرۆشت بەرامبە چەند تەنكەرە نەوتێكی قاچاخ.

یەكێتی و جەماعەتی شاسواری واحید، لە میدیا سێبەرەكانیانەوە شەو و رۆژ و ساڵ دوازدەی مانگ خیانەت لە كوردستان و خەڵكەكەی دەكەن، سووكایەتی بە هەولێر و خەڵكی هەولێر دەكەن، تا ئێستا هەنگاوێكی خێریان لە بەرژەوەندی خەڵكی هەولێر و خەڵكی كوردستان نەهاویشتووە، كەچی كە نزیك هەڵبژاردن دەبینەوە، دەبنە میراو و بە تەنەكە لە هەولێر ئاو دابەش دەكەن، بە هەموو عەقڵی گەورەی! خۆیانەوە وا دەزانن خیانەت و فرۆشتنی خاك و ئەو هەموو گەندەڵییەیان، بە ئاوی تانكەر پاك دەبێتەوە!